"زمانی کوردی مافی ئێمەیە نەک ئیمتیاز"
دژی بڕیارەکەی حکومەتی کاتی سەبارەت بە زمانی کوردی، خوێندکارانی شاری قامیشلۆ ڕێپێوانێکی ناڕەزایەتییان ئەنجامدا و داوای پاراستنی مافی خوێندنیان بە زمانی دایک کرد.
قامیشلۆ
خوێندکارانی کورد ناڕەزایی خۆیان لە بڕیارەکەی حکومەتی کاتی سەبارەت بە زمانی کوردی دەردەبڕن و دەچنە سەر شەقامەکان بۆ بەرگریکردن لە مافی خوێندن بە زمانی دایکیان، لەو چوارچێوەیەدا خوێندکارانی شاری قامیشلۆی ڕۆژئاوای کوردستان لە بازنەی عوسمان سەبریەوە تا بەردەم بینای بەڕێوەبەرایەتی قامیشلۆ ڕێپێوانێکی ناڕەزایەتییان ئەنجامدا.
خوێندکاران لە ناڕەزایەتییەکانیاندا جەختیان لەوە کردەوە کە زمانی کوردی بەشێکی بنەڕەتی ناسنامەی خۆیانە و هیچ بڕیارێکی سیاسی ناتوانێت مافە زمانەوانی و کولتوورییەکانیان لێ بسەنێتەوە.
ڤیان مەحموود بەناوی خوێندکارانەوە قسەی کردو وتی: ئێمە وەک خوێندکارانی کوردی ڕۆژئاوا ناڕەزایی خۆمان دەردەبڕین لەسەر بڕیاری سنووردارکردنی پۆلەکانی زمانی کوردی بۆ تەنیا سێ کاتژمێر لە هەفتەیەکدا، ئەم بڕیارە بە پێشێلکردنی مافی خوێندن بە زمانی دایکمان دەبینین، دەبێت زمانی کوردی وەک زمانێکی فەرمی لە سووریا بناسرێت و مافی خوێندن بە زمانی دایکیمان دەستەبەر بکرێت، داوا لە وەزارەتی پەروەردە و حکومەتی کاتی دەکەین دان بە مافە زمانەوانی و پەروەردەییەکانی گەلی کورددا بنێن و مافی یەکسان بۆ هەموو پێکهاتەکانی سووریا دەستەبەر بکەن، هەروەها داوا دەکەین بڕیاری سنووردارکردنی پۆلەکان هەڵبوەشێتەوە و ناوی خوێندنگەکان پارێزراو بێت و مافی خوێندکاران ڕەچاو بکرێت، ئێمە ئیمتیازاتی تایبەتمان ناوێت، تەنها مافە سروشتی و ڕەواکانی خۆمانمان دەوێت، یەکڕیزی خوێندکاران هێزی ئێمەیە، بە زانست و یەکڕیزی و ئاشتی بەرگری لە مافەکانمان دەکەین.
بژی زمانی کوردی.