ژنانی ڕۆژنامەنووسی مەخموور ناڕەزایەتییان بەرامبەر بە داخستنی دامودەزگاکانی ژنان دەربڕی
ژنانی ڕۆژنامەنووسی کامپی مەخموور بە ڕاگەیەندراوێک ناڕەزایەتیییان بەرامبەر بڕیاری داخستنی دامودەزگاکانی ژنان لە سلێمانی نیشانداو وتیان: بێدەنگ نابین و بیدەنگ ناکرێین، بەدواداچوون بۆ ڕاستییەکان بەردەوام دەبێت.
مەخموور
لە ٣١ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٤، ئاسایشی سلێمانی هێرشی کردە سەر کۆمپانیای گزنگی بەربەیان کە بەرنامە بۆ کەناڵی ژن تیڤی بەرهەم دەهێنێت، ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان "ڕژاک" و ڕێکخراوی نوێگەر بۆ پەرەپێدانی هونەر و ڕێکخراوی ژنانی مەرزیە و هەر چوار ناوەندەکەی داخست.
ژنانی ڕۆژنامەنووسی کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی "مەخموور"، بە ڕاگەیەندراوێک بڕیاری داخستنی هەر چوار ناوەندەکەیان شەرمەزار کردو
ڕاگەیەندراوەکە بە بەشداری ژنانی ڕۆژنامەنووس و ڕێکخراوەکانی ژنان لە دەزگای بنەماڵەی شەهیدان بە خولەکێک ڕێزگرتن دەستیپێکرد و لەلایەن مزگین کارا، ڕۆژنامەنووس خوێندرایەوە.
دەقی ڕاگەیاندراوەکە بەم شێوەیە:
خەبات و بەرخۆدانی ژنانی کورد لە هەموو جیهاندا کە بووەتە نموونەی ژیان و ژنێکی ئازاد، لە باشووری کوردستانیش ڕووبەڕووی هەڵکوتانە سەر، ئاستەنگی و سنووردارکردن دەبنەوە، لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٤ کە هیوای هەموو خەڵکی کوردستان و بەتایبەت ژنانی کورد ئازادی و کۆتاییهێنان بە توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان بوو، دەزگاکانی ژنان لە شاری سلێمانی، ڕووبەڕووی هەڵکوتانە سەری نایاسایی بوونەتەوە.
"کۆمپانیای گزنگی بەربەیان دەنگ و ڕەنگی ژنانی باشووری کوردستانی بۆ ڕای گشتی ڕادەگەیاند"
ڕۆژی ٣١ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٤، کە دوا ڕۆژی ساڵ بوو، حکومەتی ناوەندی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئاسایشی سلێمانی بڕیاریاندا کۆمپانیای گزنگی بەربەیان بە بێ پیشاندانی بەڵگەنامەیەکی فەرمی دابخەن، کە بەرنامە بۆ ژن تیڤی دروست دەکات و دەنگ و ڕەنگی ژنانی باشووری کوردستان بە ڕای گشتی ڕادەگەینێت، هەر لەو ڕۆژەدا ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان "ڕژاک"، ڕێکخراوی نوێگەر بۆ گەشەپێدانی هونەری و ڕێکخراوی مەرزیە بۆ ئاشکراکردنی تواناکانی ژنان داخران، هەڵکوتانەکان نایاسایی و زۆرەملێ بوون، هەروەها دژی ماف و بوون و ڕێکخستنی ژنانە.
"هێرشکردنە سەر کۆمپانیای گزنگی بەربەیان، هێرشێکە دژی ڕاستیەکان"
حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان تا ئێستا هیچی بۆ مافەکانی ژنان نەکردووە، بە یاساکانیان ئاستی شەڕانگێزی و توندوتیژی بەرامبەر بە ژنانیان زیاد کردووە، ڕێگا بۆ توندوتیژی و کوشتن کراوەیە، ئەمە لە کاتێکدایە خەباتی ژنان لە دژی ئەو سیاسەتە گەندەڵانەی کە ئەقڵی پیاوی دەسەڵاتدار دەیسەپێنێنن، زیاتر بووە، ڕۆژنامەنووس ئەوانەن کە شاراوەترین ڕاستی و ڕووخساری تاریک ئاشکرا دەکەن، بۆیە هێرشکردنە سەر کۆمپانیای گزنگی بەربەیان هێرشێکە دژی ئاشکراکردنی ڕاستییەکان و ڕێکخستنی ژنان.
ئێمە وەک ژنانی ڕۆژنامەنووس لە کامپی پەنابەرانی شەهید ڕوستەم جودی-مەخموور و ڕێکخراوەکانی ژنان، بە توندی ئیدانەی بڕیاری داخستنی کۆمپانیای گزنگی بەربەیان دەکەین، کۆمپانیای گزنگی بەربەیان ماوەی زیاتر لە ٧ ساڵە بە کاری ژنان و بە هۆشیاری ژنێکی ئازاد لە باشووری کوردستان بۆ یەکەمین کەناڵی ژنان، ژن تیڤی بەرنامە بەرهەم دەهێنێت، بە بڕگە و هەواڵەکانی بەرگری لە مافی ژنان دەکات، بۆچوون و دەنگی ئەو ژنانەیە کە نابیندرێن و نابیسترێن، ئەو لە پێناو بەدواداچوون بۆ حەقیقەت کار دەکات، شوێن هەموو ڕاستییە شاراوەکان دەکەوێت.
٥ ڕۆژ بەسەر بڕیاری داخستنی کۆمپانیای گزنگی بەربەیان و دامودەزگاکانی ژنان لە سلێمانی تێدەپەڕێت، کاردانەوەکان بەرامبەر بە بڕیاری داخستنی ئەم دەزگایانە لە زیادبووندایە، بەڵام تا ئێستا ئەم هێزانە بێدەنگن، داوا لە بەرپرسان دەکەین دەستبەجێ بڕیارە هەڵەکەیان پێچەوانە بکەنەوە، چونکە ناتوانن بە هێرشەکانیان ئیرادەی ژن بشکێنن و حەقیقەت بێدەنگ بکەن. بەدواداچوون بۆ ڕاستییەکان بەردەوام دەبێت و هەمیشە ڕووخساری ڕەش لەلایەن ژنە ڕۆژنامەنووسەکانەوە ئاشکرا دەبن.
"ئێمە بێدەنگ نابین و بێدەنگ ناکرێین"
وەک ژنانی ڕۆژنامەنووسی کامپی مەخموور لەگەڵ هاوکارانمان دەبین و تا هەڵوەشاندنەوەی ئەم بڕیارە بەردەوام دەبین لە تێکۆشان، ئێمەش شوێن پێی هاوڕێ شەهیدەکانمان گوربەتلی و دەنیز و نوژیان و گوڵستان و هێرۆ و جیهان؛ دەبینە شوێنکەوتووی حەقیقەت.
لەکۆتاییدا جارێکی تر ئیدانەی هێرشەکانی سەر ڕاگەیاندن و دامودەزگاکانی ژنان دەکەین و دەڵێین بێدەنگ نابین بێدەنگ باکرێین. بەدواداچوون بۆ ڕاستییەکان بەردەوام دەبێت.