"ئامانج لە هێرشەکانی سەر دامودەزگاکانی ژنان ڕێگریکردنە لە تیشک خستنە سەر هێرشەکانی دژی ژنان"
ژنە ڕۆژنامەنووسانی کامپی مەخموور کاردانەوەیان بەرامبەر بە بڕیاری داخستنی دامەزراوە و ڕێکخراوەکانی ژنان لە سلێمانی نیشاندا و ڕایانگەیاند، دەیانەوێت بەم سیاسەتانە دەنگی ژنان و ڕاستییەکان سەرکوت بکەن، بەڵام ناتوانن دەنگی ژن و ڕاستییەکان بێدەنگ بکەن.
نوپەلدا دەنیز
مەخموور-ڕۆژی ٣١ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٤، ئاسایشی سلێمانی هەڵیکوتایە سەر ناوەندەکانی کۆمپانیای گزنگی بەربەیان، کە بەرنامە بۆ کەناڵی ژن تیڤی بەرهەمدەهێنێت، ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان "ڕژاک"، ڕێکخراوی نوێگەر بۆ پەرەپێدانی هونەر و ڕێکخراوی مەرزییەی ژنان و هەر چوار ناوەندەکەی بە زۆر داخستووە.
ژنە ڕۆژنامەنووسانی کامپی ئاوارەکانی شەهید ڕۆستەم جودی "مەخموور" سەبارەت بە بڕیاری داخستنی دامەزراوە و ڕێکخراوەکانی شاری سلێمانی قسەیان بۆ دەزگاکەمان کرد.
"ئەم هێرشانە نیشانەی دوژمنایەتییە بەرامبەر بە پێشکەوتن و مافەکانی ژنان"
ڕۆژنامەنووس قەدەر کار کاردانەوەی بەرامبەر بڕیاری داخستنی دامەزراوە و ڕێکخراوەکانی ژنان نیشان دا و وتی: ئێمە وەک ژنە ڕۆژنامەنووسانی مەخموور ئیدانەی هەڵکوتانە سەر دامودەزگا و ڕێکخراوەکانی ژنان لە سلێمانی دەکەین و پاڵپشتی دەزگا و ڕێکخراوەکانمان دەکەین، حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان کە هەرگیز هیچ کارێکیان بۆ ژنان و مافەکانیان نەکردووە، دامەزراوە و ڕێکخراوەکانی ژنان دەکاتە ئامانج، ئەمەش نیشانەی دوژمنایەتی حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستانە بەرامبەر بە پێشکەوتن و مافەکانی ژنان، لە عێراق و هەرێمی کوردستان یاساکانی دژ بە ژنان و توندوتیژی دژی ژنان لە زیادبووندایەم ئامانجیان لەناوبردنی دەنگ و ڕەنگ و مافی ژنانە.
"ئەوان دەیانەوێت بەم سیاسەتانە دەنگی ژن و ڕاستی ببڕن"
قەدەر کار ڕاشیگەیاند، لەسەر ڕووماڵکردنی ڕاستییەکانی ناوچەکە هێرش دەکرێتە سەر ڕۆژنامەنووسان و وتی: رۆژنامەنووس گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین کە دەنگ و ڕەنگی ژنان بوون، کرانە ئامانج، هەروەها ڕۆژنامەنووسان سلێمان ئەحمەد زیاتر لە ساڵێک لە زیندانی پەدەکە ڕاگیراوە، هەموو ژنان و پێشەنگەکانی کۆمەڵگە دەکرێنە ئامانج، بڕیاری داخستنی کۆمپانیای گزنگی بەربەیان کە زیاتر لە ٧ ساڵە بەرنامەی تەلەفزیۆنی بۆ ژنان بەرهەمدەهێنێت، نیشانەی دوژمنایەتییە بەرامبەر بە ژنان، دەستبەسەرکردن و دەستگیرکردن و کوشتن سیاسەتی حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستانە، ئەوان دەیانەوێت بەم سیاسەتانە دەنگی ژن و حەقیقەت سەرکوت بکەن، بەڵام هەرچییەک بکەن، ناتوانن دەنگی ژن و ڕاستییەکان بێدەنگ بکەن.
قەدەر کار کۆتایی بە قسەکانی هێنا و وتی: تا کۆتایی بەردەوام دەبین لە شوێنکەوتووی ڕاستی و بەردەوام دەبین لە کارەکانمان بۆ بەرزکردنەوەی دەنگ و ڕەنگی ژنان.
"مەبەست لەم هێرشانە ڕێگریکردنە لە تیشک خستنە سەر هێرشەکان دژی ژنان"
ڕۆژنامەنووس شیلان بیلەن ئیدانەی هێرشی سەر کۆمپانیای گزنگی بەربەیانی کردو وتی: حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان ساڵانە هێرش دەکەنە سەر دامودەزگا و ڕێکخراو و پێشەنگەکانی ژنان، چونکە ژنان کۆمەڵگەیەکی ئازاد دروست دەکەن، دەکرێنە ئامانج، لە سەرانسەری کوردستان ڕۆژنامەنووسان لەلایەن هێزە دەسەڵاتدارەکانەوە دەستبەسەر دەکرێن و دەگیرێن و دەکوژرێن، ئامانج لەم هێرشانە ڕێگریکردنە لە تیشک خستنە سەر هێرشەکانی دژی ژنان، سەرەڕای هەموو هێرشەکان، ئێمە وەک ژن بەردەوام دەبین لە کارەکانمان.
"بێدەنگی دەبێتە هۆی زیادبوونی هێرشەکان دژی ژنان"
شیلان بیلەن خوازیاری داوای خاوەنداری کردنی دامودەزگاو و ڕێکخراوەکانی ژنانی کردو وتی: بێدەنگی بەرامبەر هێرشەکان بە واتای هاوکارییە، بێدەنگی دەبێتە هۆی زیادبوونی هێرشەکان دژی ژنان، داوا لە هەموو لایەک دەکەین کە هەڵوێستیان هەبێت بەرامبەر هێرشەکان، وەک ژنە ڕۆژنامەنووسانی مەخموور با خاوەنداری میراس و کار و کاری هاوکارانمان بکەین و کارەکانمان بەهێزتر بکەین.