ژنان داوایان لە وەزارەتی دادی فەرەنسا کرد ئەنجامدەرانی کۆمەڵکوژی پاریس دادگایی بكات
ژنانی کوردی دانیشتووی شاری رەیمس، نامەیان ئاڕاستەی وەزارەتی دادی فەرەنسا کرد و تێیدا داوایان کرد، پێویستە بەرپرسیارانی کۆمەڵکوژی پاریس ئاشکرا بكرێن و دادگایی بکرێن.
ناوەندی هەواڵ
کۆمۆنی ژنانی خۆیبوونی سەر بە تەڤگەری ژنانی کوردی فەرەنسا (تەژەکە-فە)، بۆ بە سزاگەیاندنی بکەرانی کۆمەڵکوژی پاریس نامەیان ئاڕاستەی وەزارەتی دادی فەرەنسا کردو تێیدا هاتووە: بکوژانی سەکینە جانسز، فیدان دۆغان، لەیلا شایلەمەز کە لە ٩ـی کانونی دوەمی ٢٠١٣ و ئەمینە کارا، میر پەروەر و عەبدولرەحمان کزل کە لە ٢٣ـی کانونی یەکەمی ٢٠٢٢دا لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا تیرۆرکران، بۆ ڕای گشتیی ئاشکرا بکرێن و دادگایی بکرێن.
ڕایانگەیاندوە، کە مردنی ئەنجامدەری کۆمەڵکوژی یەکەمی پاریس عومەر گونای گوماناوییە، ئەمە جیا لەوەی لەژێر ناوی نهێنی دەوڵەت دۆسییەکە داخراوە، هەروەها کۆمەڵکوژی دووەمیش بە پاساوی “تەندرووستیی ئەنجامدەرەکەی باش نییە و تاوانەکە نەژادپەرستییە” هۆكاری کۆمەڵکوژییەکە ڕوون نەکرایەوە.
ژنان لە نامەکانیاندا باسیان لەوەکردوە، کە تێکۆشان و بەرخودانیان لە پێناو چەسپاندنی دادپەروەری فراوانتر دەکەن.