ژنانی ئەفغانی لە تێکۆشاندا بەبڕیارن: ڕادەست نابین
تاڵیبان کە دەستی بەسەر ئەفغانستاندا گرت، هەوڵ دەدەن ژیان بکەنە دۆزەخ. ژنانی ئەفغانی کە دژی سنووردارکردنی تاڵیبان قسەیان کرد، ڕایانگەیاند: سەرەڕای ئەو هەموو فشارکان ڕادەست نابن و هەنگاوی یەکلاکەرەوە و تەندروست دەنێین بۆ ئازادی.
بەهاران لاهیب
ئەفغانستان- لەگەڵ زیادبوونی هەژاری و بێکاری لە ئەفغناستاندا، مۆلا هەیبەتوڵڵا ئاهونزادە، سەرکردەی تاڵیبان بڕیار دەدات هەموو ڕۆژێک ژنان لە ئەفغانستان سنووردار بکات، بەگوێرەی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، ٩٨%ی خەڵکی ئەفغانستان لە هەژاریدا دەژین، بەڵام مۆلا هەیبەتوڵڵا و بەرپرسانی دیکەی تاڵیبان سەرنجیان لەسەر بڕیارەکانی قەدەغەکردنی ژنان بوو.
چەند ڕۆژێک پێش ئێستا سەرۆکی تاڵیبان فەرمانێکی دەرکرد و داوای کرد پەنجەرەی ماڵەکان دابخرێن، بەم بڕیارە ئامانجی ئەوەیە ژنانی ناو ماڵ بە تەواوی زیندانی بکەن و نەتوانن دەرەوە ببینن، دوای ئەم بڕیارە، زۆرێک لە ژنان لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە کاردانەوەی خۆیان دەربڕی.
لە مەیدان لەگەڵ کۆمەڵێک ژن کۆبووینەوە کە دژی ئەمە ڕێپێوان دەکەن، ئەم ژنانە لە پارێزگا جیاجیاکانی وڵاتەوە کۆبوونەوە بۆ ئیدانەکردنی ئەو بڕیارە.
"تالیبان هەموو ڕۆژێک بە بڕیاری گاڵتەجاڕانە هەوڵی سەرکوتکردنمان دەدات"
نازییە سەفا، یەکێک لە ژنە خۆپیشاندەرانی کابول، سەبارەت بە بڕیارەکانی مولا حیبەتوڵڵا وتی: ترسی حکومەتی تاڵیبان لە ژنانی وریا ئاساییە، چونکە ئەگەر ژن بەئاگا بێت هیچ هێزێک ناتوانێت ڕێگری لێبکات، بەهۆی ئەمەوە تاڵیبان هەموو ڕۆژێک بە بڕیاری گاڵتەجاڕانە هەوڵی چەوساندنەوەمان دەدات.
شەریفە نێڤان، کە لە پارێزگای تەخارەوە هاتووە، وتی: دوای ئازارەکانی ڕۆژانە، شەوانە بیر لەوە دەکەینەوە کە مولا هەیبەتوڵڵا چ بڕیارێک دەردەکات بۆ دوورخستنەوەی ژنان لە چالاکییە کۆمەڵایەتییەکان،هەندێک جار بیر لەو بڕیارانە دەکەمەوە و پێدەکەنم.
"هەوڵی چەوساندنەوەی ژنان دەدەن"
فەرهوندێ زیبا خەڵکی پارێزگای نەنگەرهار وتی: ڕێکخراوێک کە بە پشتیوانی ئیمپریالیزم لەلایەن ئەو جۆرە هێزانە بەڕێوەبچێت، ناتوانێت سیاسەتی باشتر جێبەجێ بکات، لە خەڵک دەترسێت، بەتایبەتی لە بەئاگاهاتنەوەی ژنان و بڕیاری بەتاڵ دەدات.
شەکریە شەهڤەلی پارێزەری مافەکانی ژنان لە پارێزگای لاغمان وتی: ئێمەی ژنان لەژێر فشاری تاڵیبان و جیهادییەکان و داعش و مۆلا و قاعیدە و هێزە تیرۆریستییەکانی دیکەدا دەژین و بەڕێوەبەرییان زۆر باش دەزانین، هەمیشە بە خراپی ناوی ئیسلام بەکاردەهێنن و هەوڵی جێبەجێکردنی سیاسەتەکانیان و ستەم لە ژنان بەتایبەتی دەدەن، ئێمە ڕایدەگەیەنین کە بەردەوام دەبین لە ناڕەزایەتییەکانمان لەسەر شەقامەکان و سەرەڕای هەموو فشارەکان کۆڵ نادەین، هەنگاوی یەکلاکەرەوە و تەندروست دەنێین بۆ بەدەستهێنانی ئازادیمان.