ژنانی سووریا و نەخشەڕێگای ئازادی لە سووریا
شەڕ لە نادادپەروەرییەکەیدا ناڕەوا بوو، گەورەترین بارگرانی کەوتە سەر شانی ژنان، کە ئازیزانیان لەدەستدا، بەرپرسیارێتی خێزانەکانیان لە ئەستۆ گرت، لە پەنابەرییەوە بۆ ئاوارەبوون و لە ترسەوە بۆ بێدەنگی، دواتر لە بێدەنگیەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە گۆڕا.

زەینەب خەلیف
ئازادی شتێکی خۆشگوزەرانی نییە کە ژنانی سووریا داوای بکەن؛ بەڵکو مەرجێکی پێشوەختەیە بۆ بونیادنانی نەتەوەیەک کە لە برینەکانی چاک بووبێتەوە، نەتەوەیەک کە نیوەی خۆی بەدەر نەکات، لە ماوەی زیاتر لە دە ساڵدا، ژنانی سووریا لە پایەیەکی لاوازی کۆمەڵگەوە گۆڕاون بۆ ئایکۆنێکی بەرخۆدان، لە وڵاتێکی جەنگاویدا ڕووبەڕووی ئاڵەنگاری و بوون دەبنەوە کە ڕۆژانە خۆی لە قاڵب دەداتەوە، شەڕ لە نادادپەروەرییەکەیدا ناڕەوا بوو، گەورەترین بارگرانی کەوتە سەر شانی ژنان، کە ئازیزانیان لەدەستدا، بەرپرسیارێتی خێزانەکانیان لە ئەستۆ گرت، لە پەنابەرییەوە بۆ ئاوارەبوون، لە ترسەوە بۆ بێدەنگی و دواتر لە بێدەنگیەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە گۆڕا.
ژنانی سووریا بە هێمای خۆڕاگری و سەرپێچی دادەنرێن و ئازادی ژنان تەنیا داواکارییەکی تاکەکەسی نییە؛ بەشێکی دانەبڕاوە لە ئازادی کۆمەڵگەی سووریا بە گشتی، نەخشەڕێگایە بەرەو بەجێگەیاندنی ڕۆڵی گرنگیان لە بونیادنانی سووریای خوازراودا.
ژنانی سووریا لەمڕۆدا ڕووبەڕووی ساتێکی گرینگ دەبنەوە، یان هاوبەشی ڕاستەقینە بن لە داڕشتنی داهاتووی سووریا، یان بینینی سیستمێکی پیاوسالاری کە دووبارە بەرهەم هێنراوەتەوە، هەمان ئەو عەقڵیەتە بگەڕێنێتەوە کە بەشداریی لە قەیرانەکەدا کردووە، ژنان لە ڕاستییەکی ئاڵۆزی توندوتیژی و جیاکاریدا دەژین، بەدرێژایی ساڵانی ململانێکان تووشی پێشێلکارییەکی قورس بوون، گیانیان لەدەستداوە و ڕووبەڕووی دەستگیرکردن و ئاوارەبوون بوونەوە، ئەمەش بەشداریکردنی کاریگەرانەیان لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا سنووردار کردووە.
بەهێزکردنی ژنان بۆ سەقامگیری سووریا زۆر گرنگە، بەبێ بەشداریکردنیان لە بڕیاردان، چارەسەری بەردەوام بۆ قەیرانەکان لەبەردەستدا نابێت، بۆیە دەبێت نەخشەڕێگاکە ستراتیژییەکانی بەرەوپێشبردنی مافەکانی ژنان لە خوێندن و دامەزراندن و بەشداری سیاسی لەخۆ بگرێت.
ڕێکخراوەکانی ژنان ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە پشتیوانیکردنی مافەکانی ژنان و بەهێزکردنی پێگەی خۆیان لە ڕێگەی هۆشیارکردنەوە و بەرنامەکانی خولی پەروەردەی، ئەم ڕێکخراوانە بۆ گەیشتن بە ئامانجە خوازراوەکانیان دەبێت هاوکاری دەزگاکانی حکومەت و کۆمەڵگەی مەدەنی بکەن.
یاسادانان بۆ دەستەبەرکردن و پاراستنی مافەکانی ژنان زۆر گرنگە، پێویستە حکومەت یاساگەلێک دەربکات کە هەڵاواردن و توندوتیژی دژی ژنان قەدەغە بکات، مافەکانیان لە کارکردن و خوێندن و بەشداری سیاسیدا دەستەبەر بکات.
پەروەردە یەکێکە لە ئامرازە گرنگەکان بۆ بەهێزکردنی ژنان، بۆیە دەبێت هەلی خوێندنی یەکسان بۆ هەموو ژنان و کچان دابین بکرێت، کە بتوانن پەرە بە تواناکانیان بدەن و بەشداری بکەن لە بونیادنانی داهاتوویەکی باشتر.
لە ماوەی چواردە ساڵی ڕابردوودا ژنانی سووریا توانای خۆیان سەلماندووە بۆ تێپەڕاندنی ڕۆڵی نەریتی و پەراوێزخراو، داواکارییەکانیان لە مافی کۆمەڵایەتیدا سنووردار نەماوە، بەڵکو گەیشتووەتە بەشدارییەکی تەواو و ڕاستەقینە لە بڕیاردان لەسەر ئاستی ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتی.
داواکاری ژنان بۆ یەکسانی مافە سیاسییەکان لە پێشەنگدایە و هەر جۆرە دوورخستنەوەیەک لە پۆستەکانی دەسەڵات و بڕیاردان ڕەتدەکەنەوە، ژنان کە بەرگەی شەڕیان گرتووە، پێداگری لەسەر ئەوە دەکەن کە هاوبەش بن لە بونیادنانی ئاشتی و داهاتوودا.
داواکارییەکانیان بریتین لە چاکسازی لە یاسا ناڕەواکان، بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەندییان بە باری کەسی و میرات و سەرپەرشتیکردنی منداڵەوە هەیە، هەروەها بەهێزکردنی ئابووری کە هەلی کار و کرێی دادپەروەرانە و پشتگیری لە پڕۆژەکانی ژنان دابین دەکات.
لە بواری پەروەردەدا ژنان داوای هەلی یەکسان و پشتیوانی لە بەرنامە پیشەیی و تەکنیکییەکان دەکەن بۆ دەستەبەرکردنی سەربەخۆیی خۆیان، پاراستن لە توندوتیژی لە پێشینەی کارەکانە، لەگەڵ پێویستی دەرکردنی یاسای توند دژی توندوتیژی خێزانی و هەراسانکردن.
ژنان پێداگرن لەسەر بەشداریکردن لە داڕشتنی دەستوور و دادپەروەری ئینتقالی و ئاشتەوایی نیشتمانی، لە هەمان کاتدا مافی ڕێکخستن و دەربڕینی خۆیان دووپات دەکەنەوە، هەروەها دان بە ڕۆڵی مێژوویی خۆیاندا دەنێت لە بەرخۆدان و کۆمەڵگەی مەدەنی و دیپلۆماسیدا.
ژنان توانای پێشەنگایەتیکردن و بەشداریکردنی کاریگەریان لە بواری سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و یاساییدا سەلماندووە.
لەنێو ئەو ئاژاوەگێڕییەی شەڕ و داڕمانی دامەزراوەیی کە سووریای گرتووەتەوە، مۆدێلی خۆبەڕێوەبەری لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا وەک یەکێک لە پێشکەوتووترین ئەزموونە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان لە بەهێزکردنی ژنان بەرەوپێشبردنی یەکسانی ڕەگەزی سەریهەڵداوە،ئەم ئەزموونە تەنها کاردانەوەیەکی کاتی نەبوو بۆ قەیرانەکان، بەڵکو پڕۆژەیەکی ڕۆشنبیری و سیاسی بوو کە لەسەر بنەماکانی دادپەروەری کۆمەڵایەتی و دیموکراتی کۆمەڵگە و ئازادی ڕەگەز دامەزراوە.
ڕێکەوتنی کۆمەڵایەتی کە ئەم بوارانە بەڕێوەدەبات، بنەمای یەکسانی ڕەگەزی (٥٠% لە هەموو ئەندام و دامەزراوەکان)دا دیاری دەکات، جا چ لە ئەنجومەنی ناوخۆیی، دامەزراوە جێبەجێکارەکان، یان ئەندامەکانی یاسادانان، ئەم بنەمایە تەنها کۆتایەکی هێمای نییە، بەڵکو دەربڕینی باوەڕێکی قووڵە کە ژنان ژێردەستە نین، بەڵکو هاوبەشی تەواون لە بڕیاردان و داڕشتنی سیاسەتدا، ئەمەش سیستەمی هاوسەرۆکایەتی دەگرێتەوە، کە هەر دامەزراوەیەک لەلایەن ژن و پیاوەوە بەڕێوەدەبرێت، کە هاوسەنگی ڕەگەزی چەسپاندووە و ڕێگری لە قۆرخکردنی دەسەڵات دەکات، ڕێکخراوە سەربەخۆکانی ژنان، وەک کۆنگرەی ستار و ئەنجومەنی ژنان، ڕۆڵێکی کارا دەبینن لە چاودێریکردنی پرسی ژنان و پێشنیارکردنی سیاسەتی سەربەخۆ، تەنانەت لە بوارەکانی بەرگری و ئاسایشیشدا، یەپەژە جیاوازن، ئەو چەشنە کۆنەپەرستانەی پەیوەستن بە ڕۆڵی نەریتییەوە دەشکێنن.
ئەم مۆدێلە تایبەت نییە بە ناوچەیەکی جوگرافیای دیاریکراو، بەڵکو وەک چوارچێوەیەکی نیشتمانی پێشکەوتنخوازانە خۆی دەخاتە ڕوو کە دەتوانرێت لە سەرانسەری سووریادا گشتگیر بکرێت، مۆدێلێکی پراکتیکییە بۆ بەشداریکردنی ژنان لە هەموو لایەنەکانی دەوڵەتدا، دەیسەلمێنێت کە تەنانەت لە چوارچێوەی ململانێشدا سیستەمێکی سیاسی دادپەروەرانە کە یەکسانی ڕاستەقینە بەدەستبهێنێت.
لە چوارچێوەی ئەو گۆڕانکارییە ڕیشەییەدا کە پێویستە بۆ بونیادنانی سووریایەکی نوێ، هاوسەرۆکایەتی وەک یەکێک لە دیارترین فۆرمەکانی داڕشتنەوەی دەسەڵات لەسەر بنەمای دادپەروەری ڕەگەزی پێشکەش دەکرێت، ئەم مۆدێلە تەنیا بە واتای پێشەنگایەتی دووانەی نێوان ژن و پیاو نییە، کورت نابێتەوە بۆ هاوکێشەیەکی بیرکاری کە هاوسەنگی ژمارەیی لە نێوان ڕەگەزەکاندا مسۆگەر بکات، بەڵکو پێناسەکردنەوەیە بۆ ناوەڕۆکی پەیوەندی نێوان ژن و پیاو لەناو پێکهاتەی سیاسیدا، هاوسەرۆکایەتی لەسەر بنەمای یەکخستن دامەزراوە نەک کێبڕکێ، لەسەر خواستی ئازاد نەک نوێنەرایەتی زۆرەملێ، وە هەوڵێکە بۆ شکاندنی قۆرخکاری پیاوەتی بەسەر پۆستەکانی بڕیارداندا.
لەبەر ڕۆشنایی ئەگەری بوونی حکومەتی ئینتقالی لە سووریا، ئەم بیرۆکە دوو هێندە گرنگی بەدەست دەهێنێت، بە تایبەت ئەگەر ژنان وەک هاوبەشێکی ڕاستی لە پێشەنگایەتی ئەم حکومەتەدا پێشکەش بکرێن، لەگەڵ پیاوان، بە بەرپرسیارێتی و دەسەڵاتی یەکسان، پێشنیارکردنی بیرۆکەی ژن وەک هاوسەرۆک لە چوارچێوەیەکی سیاسی توندڕەودا هەڵوێستێکی سیاسی بوێرانەیە، کە دووبارە بەرهەمهێنانەوەی باڵادەستی پیاو ڕەتدەکاتەوە و بناغەی سیستەمێکی سیاسی دادپەروەرتر و گشتگیرتر دادەنێت.
هاوسەرۆکایەتی، خۆشگوزەرانی سیاسی نییە؛ پێویستییەکە بۆ بەدەستهێنانی سەقامگیری ڕاستەقینە، کە ژنان نەک تەنها لە بڕیاردان بەڵکو لە پێشەنگایەتکردنی وڵات بەرەو ئاشتەوایی و ئاشتی نیشتمانی ڕاستەقینە کە نیوەی کۆمەڵگە بەدەر ناکات، بەشداری دەکەن.
ژنانی سووریا ئەمڕۆ داوای مافە تەواوەکانیان دەکەن نەک وەک یارمەتی لە هیچ کەسێک و پرسیارێکی ڕوون دەخەنە ڕوو،چۆن سووریایەکی نوێ بەبێ هاوبەشی ڕاستەقینەی خۆیان بونیاد بنرێت؟ بەردەوامی پەراوێزخستنی ژنان تەنیا بە واتای بەرهەمهێنانەوەی سیستەمێکی پیاوسالاری هاوشێوەی ئەو سیستەمە دەبێت کە بەشداربوو لە سەرهەڵدانی قەیرانەکەدا.
بەهێزکردنی ژنان بەردی بناغەی بونیادنانی نەتەوەیەکە کە ڕەنگدانەوەی دادپەروەری و یەکسانی و ئاشتییە، کە ژنان ڕۆڵێکی بنەڕەتی دەگێڕن لە گەیشتن بە سەقامگیری و داڕشتنی داهاتووی وڵات، سووریایەکی نوێ تەنها لە ڕێگەی هاوبەشی یەکسان لەنێوان هەموو گەلەکەیدا، ژن و پیاو، کە هاوبەشی ئازادی و مافە تەواوەکانیانن لە داڕشتنی داهاتوودا، بونیاد بنرێت.