فاشر لە ژێر ئاگردایە... هاوڵاتیانی مەدەنی ڕووبەڕووی گەمارۆ و بۆردوومانی بەردەوام دەبنەوە
تۆڕی پزیشکانی سودان ئاشکرای کرد، لە ئەنجامی تۆپبارانەکانی هێزەکانی پشتیوانی خێرا بۆ سەر فاشر، پایتەختی پارێزگای دارفۆری باکوور لە ڕۆژئاوای سودان، ١٣ هاوڵاتی مەدەنی کوژراون و٢١ کەسی دیکەش برینداربوون.

ناوەندی هەواڵ
لە ناوەڕاستی مانگی نیسانی ٢٠٢٣ەوە شەڕی خوێناوی لەنێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرادا بەردەوامە، لە ئەنجامدا دەیان هەزار قوربانی لێکەوتەوە و ملیۆنان کەسیش ناچاربوون ماڵەکانیان بەجێبهێڵن چ لە ناوخۆ و چ لە دەرەوەی سودان.
تۆڕی پزیشکانی سودان "خۆبەخشەکان" ڕۆژی ٢٨ی حوزەیران ڕایگەیاند کە تۆپبارانی تۆپخانەکانی هێزەکانی پشتیوانی خێرا بۆ سەر شاری فاشر بووە هۆی کوژرانی ١٣ کەس کە سێ منداڵیان تێدابووە و ٢١ کەسی دیکەش بریندار بوون، تۆڕەکە ئەم هێرشە بە ئەنقەست و ڕاستەوخۆی بۆ سەر بازاڕەکان و ناوچە قەرەباڵغەکان کە هاوڵاتیانی مەدەنی تێدایە شەرمەزار کرد.
جەختیشی لەوە کردەوە کە تێکچوونی دۆخی مرۆیی دەرئەنجامی بەردەوامی گەمارۆدانی شارەکەیە بۆ ماوەی زیاتر لە ساڵێک، تۆپباران و توندکردنەوەی گەمارۆکە ڕاستەوخۆ هەزاران منداڵ و ژن و بەساڵاچوو دەکاتە ئامانج، ئەمەش وەک سەرپێچییەکی ڕوون لە هەموو بڕیارنامە نێودەوڵەتییەکان کە داوای کەمکردنەوە و هەڵگرتنی گەمارۆکە دەکەن.
تۆڕەکە جەختی لەسەر پێویستی پابەندبوون بە جێبەجێکردنی ئاگربەستی مرۆیی یەک هەفتەیی نەتەوە یەکگرتووەکان و کردنەوەی ڕێڕەوی پارێزراو بۆ چوونە ژوورەوەی یارمەتی و پێداویستییە پزیشکییەکان کردووەتەوە، داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە بەپەلە هەنگاو بنێن بۆ پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی.
هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە مانگی ئایاری ٢٠٢٤ەوە گەمارۆی فاشریان داوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە لەگەڵ سوپای سودان پێکدادان و تۆپبارانی یەکتریان هەیە، فاشر پایتەختی پارێزگای دارفۆری باکوورە و ناوەندی بەڕێوەبەرایەتی ناوچەی دارفورە کە لە پێنج پارێزگا پێکدێت، هەروەها گەورەترین شاری ناوچەکەیە و تاکە پایتەختی دەوڵەتە کە هێشتا لە نێو کۆنترۆڵی سوپای سوداندایە.
فاشر دەکەوێتە ڕۆژئاوای سودان، نەتەوە یەکگرتووەکان ژمارەی دانیشتووانەکەی بە نزیکەی یەک ملیۆن و ٥٠٠ هەزار کەس دەخەمڵێنێت، لەنێویاندا ٨٠٠ هەزار کەس ئاوارەبوون لە شارەکانی دیکەی پارێزگای دارفۆری باکوور بەهۆی ململانێکانی دارفور لە ساڵی ٢٠٠٣ەوە، هەروەها سێ کامپی تێدایە: ئەبو شوک، زم زم، سەلام.