لە پێنجەمین ساڵیادی دامەزراندنیدا یەرەژە پابەندبوونی خۆی بۆ بونیادنانی ڕاگەیاندنی ئازاد بەردەوام دەکات
یەرەژە بەبۆنەی پێنجەمین ساڵیادی دامەزراندنی ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و جەختی لەوەکردەوە کە دامەزراندنی ڕاگەیاندنێکی ئازاد و دیموکراتیک پێویستییەکی مێژوویی و ڕێکخراوەیی بوو، پابەندبوون دووپات دەکەنەوە بۆ بەردەوامبوون لەو ڕێگایەی دەستیان پێکردووە.

ناوەندی هەواڵ
یەرەژە لە خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا پابەندبوونی خۆی بۆ بەردەوامبوون لە تێکۆشان، بۆ بونیادنانی ڕاگەیاندنێکی ئازاد و دیموکراتی دووپاتکردەوە کە ڕەنگدانەوەی پرسەکانی ژنان و کۆمەڵگە بێت و عەقڵییەتی پیاوسالاری زاڵ لە شوێنی ڕاگەیاندندا بشکێنێت.
بەبۆنەی پێنجەمین ساڵیادی دامەزراندنیەوە، ڕۆژی ٢٨ی حوزەیران، یەرەژە ڕاگەیانراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، ئەمڕۆ پێنجەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەرەژە تێدەپەڕێت، کە وەک پێویستیەکی مێژوویی و ڕێکخراوەیی دەستیپێکرد بۆ دروستکردنی ڕاگەیاندنێکی ئازاد و دیموکراتی کە ڕەنگدانەوەی پرسەکانی ژنان و کۆمەڵگە بێت، بەرەنگاربوونەوەی ئەو عەقڵیەتی پیاوانەی هەیبووە بەرامبەر ژنانی پەراوێزخراو بۆ چەندین سەدە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە دامەزراندنی ئەو ناوەندە تەنیا هەنگاوێکی ڕێکخستنی نەبووە، بەڵکو دەرئەنجامی تێکۆشانێکی درێژخایەن بووە بۆ ژنان لە ڕاگەیاندن، ئەو قوربانییە گەورانەی کە ژنە ڕۆژنامەنووسان لە پێناو گەیاندنی ڕاستییەکانیان داویانە، بەم بۆنەیەوە هاوڕێ شەهیدەکانمان، جیهان بیلگین، دڵیشان ئیبیش، ئەیلول نوهلات، ڕوهندا عەفرین، دلۆڤان کفر، ئارین جودی، هەموو ئەوانەی گیانیان بەخت کرد بۆ بونیادنانی ڕاگەیاندنێکی ژنی خۆڕاگر، دەنگەکانیان بووەتە چرای ڕۆشنکردنەوەی ڕێگای تێکۆشانی بەردەوام.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا ڕوونی کردووەتەوە، وەک یەرەژە، ڕۆژنامەگەری وەک ئامرازێک بۆ بەرخۆدانی هزر و ڕێکخراوەیی بۆ گەیشتن بە هۆشیاری دەڕوانن، بە درێژایی تەمەنەکان، ئاژانسە ڕۆژنامەوانیەکان کە بە عەقڵیەتێکی پیاوسالاردا دامەزراون، ئەم عەقڵیەتەیان لە کۆمەڵگەدا بەردەوام کردووە و لە ڕوانگەیەکی داخراوی هزرییەوە باسیان لە پرسە جۆراوجۆرەکان کردووە، بە تایبەت پرسی ژنان.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، بە پشتبەستن بە شکاندنی ئەو چەشنە پاوانخوازی و پیاوسالارانەی کە بەسەر ژناندا سەپێنراون، دامەزراندنی شوێنی ڕۆژنامەوانی ئازاد وەک پێویستیەکی بنەڕەتی دەبینین، بە پشتبەستن بە فەلسەفەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، ئازادیی ژنان بناغەی ئازادی کۆمەڵایەتییە، پێمانوایە بەهێزکردنی دەنگی ژنان لە ڕۆژنامەگەریدا هەنگاوێکی بنەڕەتییە بۆ بونیادنانی پانتاییەکی دادپەروەر و ئازادی کۆمەڵگە.
ەخت لەوە کراوەتەوە کە هەرچەندە ئەزموونی یەرەژە تەنها ٥ ساڵە، بەڵام لەسەر بنەمای میراسێکی تۆکمە و هەمەلایەنە دامەزراوە کە هەمیشە ئەو چەمکە دامەزراوەییانەی لە لایەن عەقڵیەتی پیاوسالارییەوە سەپاندووە و هەوڵی دروستکردنی جێگرەوەی بۆیان داوە، یەرەژە وەک یەکێک لە فۆرمەکانی ئەم دامەزراوەسازییە جێگرەوەیە پێشکەوتووە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: کارەکانمان لەلایەن کۆمەڵێک ژنەوە دەستیپێکرد، سەرکەوتوو بوون لە پێکهێنانی نمونەیەک لە کاری ڕۆژنامەگەری و ڕاگەیاندنی، بە هاوکاری لەگەڵ ڕێکخراوەکانی ژنان لە چوارچێوەی ئاژانسەکانی ڕاگەیاندنی گشتی، هاوشانی دەیان ئاژانسی چاپەمەنی و بڵاوکردنەوەی ژنان، ئەمڕۆ لەگەڵ زیاتر لە ٥٠٠ ڕۆژنامەنوسی ژن و پیشەگەری ڕاگەیاندن، یەرەژە بەردەوامە لە چالاکییەکانی لە بوارە جیاوازەکانی ڕاگەیاندن، بەهێزکردنی پێگەی خۆی وەک ئەو پلاتفۆرمە جێگرەوانە، باس لە پرسە کۆمەڵایەتی، ژینگەیی، ئابووری و سیاسییەکان دەکات، بە گرنگیدانێکی تایبەت بە بەهێزکردنی پێگەی ژنان.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ژنە ڕۆژنامەنوسان ڕۆڵێکی پێشەنگیان بینیوە لە گەیاندنی ڕاستی شەڕ و بەرخۆدان بە جیهان، ئەوان بە بەڵگەنامەکردنی هەر ساتێکی تێکۆشان دژی داگیرکاری و تاڵانکردن و لەناوبردنی پەیکەری کۆمەڵایەتی سەرکەوتوو بوون لە گەیاندنی دەنگی هاوڵاتیان، ژنە ڕۆژنامەنووسان پێشەنگایەتی هێڵی پێشەوەیان دەکرد، بەبڕیارانە ڕووبەڕووی هەوڵەکانی داگیرکەر بونەوە بۆ بێدەنگکردنی دەنگەکان و سەرکوتکردنی ڕاستییەکان، پشتیان بە بەڵگەنامەکردن بە کامێرا و دەنگ و قەڵەمەکانیان وەک هێمای بەرخۆدان و ئاشکراکردنی ڕاستیان بەست.
ئاماژە بەوەشکراوە، سەرەڕای پەرەسەندنی قەیرانە سیاسی و ئابووری و مرۆییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا، دووپاتی دەکەینەوە کە پڕۆژەکەمان بۆ بونیادنانی ڕاگەیاندنێکی ئازاد و دیموکراتی ناوەستێت، ئێمە بەردەوام دەبین لە تێکۆشانمان بۆ ڕاگەیاندنێک کە ڕەنگدانەوەی ڕاستی ژنان و تێکۆشانی گەلان بێت، هۆشیاری کۆمەڵایەتی بەرەو بەهاکانی ئازادی و یەکسانی و پێکەوەژیان بەرز بکاتەوە.
یەرەژە لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا دووپاتیکردەوە، بەم بۆنەیەوە بە شانازی و پێزانینەوە سڵاو لە هەموو ژنێک دەکەین کە لە بواری ڕاگەیاندندا کاردەکات، هەروەها هەموو ئەوانەی بەشدارن لە بونیادنانی دەنگێکی ئازاد و سەربەخۆدا، هاوکات پابەندبوونمان دووپات دەکەینەوە بۆ بەردەوامبوون لەسەر ئەو ڕێگایەی دەستمان پێکردووە و گەیشتن بەو ئامانجانەی کە ناوەندەکەمان بۆی دامەزرا، شکۆمەندی و نەمری بۆ شەهیدانی ڕاگەیاندنی ئازاد، بژی تێکۆشانی ژنان بۆ ڕاستییەکان.