"ژنان بە بەرخۆدان پلانی داگیرکاری پووچەڵ دەکەنەوە'
هەدیل محەمەد، ئەندامی کۆردیناسیۆنی کۆمەڵەی ژنانی زەنوبیا لە کانتۆنی دێرەزوور سەبارەت بە بەرخۆدانی بەنداوی تشرین وتی: ژنانی بەنداوی تشرین بە بەرخۆدان هەڵوێستێکی مێژوویی نیشان دەدەن و پلانەکانی لەشکرکێشی پووچەڵ دەکەنەوە.

زەینەب خەلیف
دێرەزوور- سەرەڕای هێرشە لەشکرکێشییەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی کە لە ٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ دەستیپێکرد، ئیرادەی ژنان لە بەنداوی تشرین خەریکە بەهێزتر دەبێت، ژنان لە هەموو ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بە بەردەوامی ڕوو لە بەنداوی تشرین دەکەن بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانیان لە داگیرکاری، ژنان بۆ جیهانیان سەلماندووە کە بەرخۆدان و خەبات لە پلان و هێرش گەورەترە.
"ژنان بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانیان تێدەکۆشن"
هەدیل محەمەد ئەندامی کۆردیناسیۆنی کۆمەڵەی ژنانی زەنوبیا لە کانتۆنی دێرەزوور ڕایگەیاند، ژنان بە هەموو پاشخانێکەوە لە ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریاوە ڕوو لە بەنداوەکە دەکەن و یەکێتی خۆیان بەهێزتر دەکەن و وتیشی: ژنان زەوی و ئاو و بژێوی ژیانیان لە دژی داگیرکاری دەپارێزن، بەنداوەکە بووەتە شوێنی بەرخۆدان و خەبات دژی داگیرکاری، ژنانی دێرەزووریش مۆرکی خۆیان بەم بەرخۆدانەدا دا و بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانیان بەشدارییان لە بەرخۆدان لە بەنداوەکەدا کرد، لافاوی بەنداوەکە لێکەوتەی کارەساتبار بەدوای خۆیدا دەهێنێت، بۆیە ڕێگە نادەین داگیرکاری و چەتەکانی دەستکەوتەکانمان لەناوبەرن، بە داگیرکردنی بەنداوەکە ژیانی هەزاران کەس دەخرێتە مەترسییەوە.
"یەکێتی و یەکڕیزی ژنان پلانەکانی داگیرکاری پووچەڵ دەکاتەوە"
هەدیل محەمەد سەرنجی بۆ هێرشە لەشکرکێشییەکانی دەوڵەتی تورک و بەئامانجکردنی خەڵک ڕاکێشا و وتی: کاتێک گەیشتینە بەنداوەکە، لەشکرکێشی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی ئەو خەڵکەیان کردە ئامانج کە پێشتر بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانیان چوونەتە بەنداوەکە، ئەمەش پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکانە، سەرەڕای هێرش و بەئامانجکردنی خەڵک، ژنان لەسەر بڕیاری خۆڕاگری خۆیان پێداگر بوون، یەکڕیزی و تەبایی ژنانی ڕەقە و دێرەزوور و ناوچەکانی دیکە خەریکە پلانەکانی لەشکرکێشی پووچەڵ دەکاتەوە، ئێمە باوەڕمان بە شەڕڤانانی هێزەکانی سووریای دیموکرات- هەسەدە هەیە کە هێرشەکانی لەشکرکێشی بەرپەرچ دەدەنەوە و بەرگری لە خاکەکەمان دەکەن.
"ژن بەرگری لە شۆڕشەکەیان دەکات"
هەدیل محەمەد ڕایگەیاند، ژنانی دێرەزوور بەردەوام دەبن لە بەرخۆدانیان لە دژی چەتەکانی داعش و وتیشی: پێشتر ڕووبەڕووی کردەوەکانی داعش و چەتەکانی دیکە بووینەوە، بۆیە ئێمە لەسەر خۆڕاگری خۆمان بەردەوام دەبین و ڕێگە نادەین داعش جارێکی دیکە ناوچەکانمان داگیر بکات و چالاکییەکانی بەرامبەر بە خەڵکی مەدەنی ئەنجام بدات، ژنان شۆڕشی ژنان لە ناوچەکەدا دەپاریزن، هەرگیز خاکی خۆمان بۆ داگیرکاری بەجێناهێڵین و تا کۆتایی لە بەرخۆدان و تێکۆشانمان بەردەوام دەبین، بەرخۆدانی ژنان لە بەنداوی تشرین ساتێکی مێژووییە.
"بەرخۆدان گەورەترە لە هێرشەکان"
هەدیل محەمەد جەختی لەوە کردەوە کە ژنان لە خەباتی خۆیان بەرامبەر پلان و هێرشەکانی داگیرکەریدا پێداگرن و لە کۆتایی وتەکانیدا وتی: ژنانی ڕۆژئاوا لەپێناو پاراستنی شۆڕشەکەیان و دەسکەوتەکانیدا سوورن لە بەرخۆدان، سەرەڕای دانی باجی قورس، دەستبەرداری بەرخۆدان و خەباتی خۆیان نابن، ژنان بۆ جیهان دەیسەلمێنن کە بەرخۆدان گەورەترە لە هێرش و پلانی داگیرکاری.