نێرگس محەمەدی لەبارەی دۆخی ژنە زیندانییەکی سیاسیی هۆشداری دەدات
نێرگس محەمەدی ڕایگەیاند، فاتمە سپێهری بەهۆی دەربڕینی بیروبۆچوونەکانی لە زینداندایە و هیچ تاوانێکی نەکردووە، دەشڵێت، ئێران ڕەتیدەکاتەوەچارەسەری تەندروستی ئەو ژنە زیندانییە سیاسییە بكات.

ناوەندی هەواڵ
نێرگس محەمەدی، زیندانیی سیاسیی ئێران و براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی لە پێگەی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام لەبارەی دۆخی ژنە زیندانییەکی سیاسیی لە زیندانی وەکیل ئاباد ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوەو ڕایگەیاند، فاتمە سپێهری زیندانیی سیاسیی لە زیندانی وەکیل ئاباد لە مەشهەد بەهۆی دەربڕینی بیروبۆچوون و بیروباوەڕەکانییەوە لە زینداندایە و هیچ تاوانێکی نەکردووە.
وتیشی: دەسەڵاتدارانی ئێران ڕەتی دەکەنەوە چارەسەری تەندرووستیی ئەو ژنە زیندانییە سیاسییە بکەن و خزمەتگوزارییە تەندرووستییەکانی بۆ دابین بكەن، داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و مافەکانی مرۆڤ دەکەم کار بۆ ئازادکردنی زیندانیانی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بکەن.
هاوكات، لە ٢٢ی شوباتی ئەمساڵدا ئەسغەر سپێهری برای فاتمە سپێهری لە پێگەی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاندبوو، فاتمە سپێهری لەم دواییانەدا لە زینداندا تووشی تەڵخی بینینی و لاوازی چاوەکان و ئارەقکردنی زۆر بووە، ئەگەر چارەسەری پزیشکیی وەرنەگرێت ژیانی دەکەوێتە مەترسییەوە.
فاتمە سپێهری یەکێکە لە واژۆکەرانی نامەی دەست لەکار کێشانەوەی عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئێران لە ٢١ی ئەیلوولی ٢٠٢٢، کە لە کاتی سەرهەڵدانی خۆپیشاندانەکانی شۆڕشی”ژن ژیان ئازادی” و کوژران و ئەشکەنجەدانی هاوڵاتیانی مەدەنی و ژنان داوای دەست لەکارکێشانەوەیان كرد.