ئەنجامی سەرژمێری گشتی دانیشتووان لە عێراق و هەرێمی کوردستان بڵاوكرایەوە
وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئەنجامی سەرژمێری گشتی دانیشتووانی لە عێراق و هەرێمی كوردستان بڵاوكردەوە و بەپێی ڕاگەیەندراوەكە ژمارەی دانیشتووانی عێراق ٤٦ ملیۆن و ١١٨ هەزار کەسە.

ناوەندی هەواڵ
كەمێك پێش ئێستا وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئەنجامی سەرژمێری گشتی دانیشتووانی لە عێراق و هەرێمی كوردستان بڵاوكردەوەو بەپێی ڕاگەیەندراوەكە ژمارەی دانیشتووانی عێراق ٤٦ ملیۆن و ١١٨ هەزار کەسە.
ئەوەش خراوەتەڕوو، ڕێژەی لە ٧٠.١٧%ـی دانیشتووانی عێراق لە ناوچە شارییەکان و لە ٢٩.٨٣% لە ناوچە گوندنشینەکان دەژین.
باس لەوەشكراوە، ڕێژەی لە ٦٠.٤٤%ـی دانیشتووانی عێراق لە تەمەنی کارکردندان كە تەمەنیان لە نێوان (١٥-٦٤) ساڵە.
بەپێی ڕاگەیەندراوەكە دابەشبوونی دانیشتووانی عێراق بەپێی باری خێزانیی بەمجۆرەیە، ٥٤% خێزاندار، ٤١.٦% ژیانی هاوبەشی پێك نەهێناوە، ١.٢٨% حاڵەتی جیابووەوە هەیە.
ئاماژە بەوەشكراوە، کۆی ڕێژەی منداڵبوون لە عێراق لە ٣.٩% یە، لە هەرێمی کوردستانیش بۆ ٣.٥% دابەزیوە.
دەشڵێن، ڕێژەی کرێکاران لە کەرتی حکومەت و گشتیدا لە کۆی گشتی دانیشتووانی چالاک لە ڕووی ئابوورییەوە بریتییە لە ٣٨.٢٥%یە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، ڕێژەی ئەو خێزانانەی خاوەنی یەکەی نیشتەجێبوونن لە عێراق بریتییە لە ٧٢.١٥%.
ڕاشیان گەیاندووە، ڕێژەی نەخوێندەواری لە هەرێمی کوردستان بەرزترینە لەسەر ئاستی هەموو عێراق و گەیشتووەتە ١٦.٢٣%، لە کاتێکدا لە باقی پارێزگاکان گەیشتووەتە ١٥.٣١%.
ئەمە لەکاتێکدایە، سەرژمێری گشتی لە عێراق و هەرێمی کوردستان لە ٢٠ـی تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردوو ئەنجامدرا.