تەژەئا بە وشەی 'ئەمساڵ ساڵی ئازادی دەبێت' پێشوازی لە ٨ی ئادار دەکات
تەژەئا بۆ پێشوازی لە ٨ی ئادار دەستیپێکرد و لە چوارچێوەی چالاکییەکان کۆبوونەوە لەگەڵ ژنان لە گەڕەک و کارگەکاندا ئەنجام دەدرێت، ئۆزلەم باشاری، ئەندامی تەژەئا ساڵی ٢٠٢٥ی بە وشەی "ئەمساڵ ساڵی ئازادی دەبێت" هەڵسەنگاند.

ئامەد
ژنان لە هەموو جیهاندا خۆیان بۆ ٨ی ئادار ئامادە دەکەن و لە کوردستانیش جارێکی دیکە ژنان بە دروشمی "ئازادی" دەچنە شەقامەکان، لە سەدەی ٢١دا کە خەباتی ژنان بۆتە جیهانی و ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێشەنگایەتی ئەم خەباتە دەکەن؛ ژنان بە فەلسەفەی "ژن، ژیان، ئازادی" خۆیان ڕێکدەخەن و لە خەباتی خۆیان بۆ شوناس و ئازادی لە دژی سیستمە پیاوسالارەکان درێژە پێدەدەن.
لە ساڵی ١٨٥٧ دوای ئەوەی ژنان لە کارگەیەک لە نیویۆرک ناڕەزایەتیان دەربڕی بۆ باشترکردنی بارودۆخی کارکردن، کارگەکە ئاگری تێبەردرا و سووتێندرا؛ خەبات بۆ ژنان ساڵانە لە گەشەکردندایە، لە سەدەی ٢١دا لە کوردستانەوە تا هندستان، لە فەرەنسا تا ئەمریکا، لە هەموو جیهانەوە، ژنان بە فەلسەفەی "ژن، ژیان، ئازادی" باوەڕو بەرخۆدانی خۆیان گەشە پێدەدەن.
هەروەها تەڤگەری ژنانی ئازاد (TJA) دوێنێ لە میدیای ماردین چالاکیی خۆی بۆ ٨ی ئادار دەستپێکرد، سەرەتای چالاکییەکان کە بە دروشمی "ئێمە دژی جینۆسایدی ژنان هەڵدەستین، بەرەو ئازادی ڕێپێوان دەکەین" بەڕێوەدەچێت، بە یادی ڕۆژنامەنووس جیهان بیلگین، کە لە هێرشێکدا بۆ سەر باکوورو ڕۆژهەڵاتی سووریا گیانی لەدەستدا.
ئۆزلەم باشاری، ئەندامی تەژەئا قسەی بۆ ئاژانسەکەمان کرد سەبارەت بە گرنگی ٨ی ئادارو ئەو چالاکییانەی کە لە چوارچێوەی ئەو چالاکییانەدا ئەنجام دەدرێن.
ئۆزلەم باشاری سەرنجی بۆ ئەو هێرشە سیستماتیکیانە ڕاکێشا کە ساڵانێکە دژی ژنانی کورد ئەنجام دەدرێن و ڕایگەیاند کە ژنان بە ئیرادەیەکەوە دژی ئەو هێرشانە تێدەکۆشن و وتی: هۆکاری زیادبوونی تاوانەکانی دژ بە ژنان، تێڕوانین بۆ سیستمی پیاوسالارییە، پێش هەموو شتێک دەبێت ئەم تێڕوانینە بگۆڕێت، هەرچەندە خەباتەکەمان قورسە، بەڵام پێمانوایە دەرئەنجامەکەی باش دەبێت.
ئۆزلەم باشاری وتی: مەشخەڵی یاخیبوونی ژنان لە نیویۆرک داگیرسا، ئەمڕۆش بە بەرزی لە دەستی ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەڵدەگیرێت، ئەم مەشخەڵییە بەردەوام دەبێت لە گواستنەوە و بەرزکردنەوە.
"ئەمساڵ دەبێتە ساڵی ئازادی"
ئۆزلەم باشاری ئاماژەی بەوەشکرد، ساڵی ٢٠٢٥یان وەک "ساڵی ئازادی" ناساندووە و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ژن لە هیچ شوێنێکی دیکەی جیهاندا نابیندرێت و ئەم دۆخەش لە کوردستان سەختترە، ئێمە لێرە خەبات دەکەین هەم بۆ ناسنامەی خۆمان و هەم بۆ ئازادی خۆمان، ژنان لە کوردستان ڕووبەڕووی کێشەی ئابووری و کۆمەڵایەتی و یاسایی جیددی دەبنەوە، ژنان لەگەڵ هەژاریدا خەبات دەکەن، ڕووبەڕووی توندوتیژی و کوشتن دەبنەوە، تەواوی بارگرانی ژیان دەکەوێتە سەر شانی ژن، سەرەڕای ئەمەش هیچ قسەیەکیان نییە، سەرەڕای هەموو ئەو شتانەی بەسەریدا تێدەپەڕین، ئەمساڵ بە 'ساڵی ئازادی' دەبینین و خۆمان بۆ ٨ی ئادار ئامادە دەکەین.
"لە کارگە و گوندەکاندا لەگەڵ ژنان کۆدەبینەوە"
ئۆزلەم باشاری ڕایگەیاند کە تا ٨ی ئادار لە شەقامەکان دەبن و چالاکیی جۆراوجۆر لەگەڵ ژنان ئەنجام دەدەن و وتی: بە باوەڕمان بە گرنگی ئازادی کۆمەڵایەتی، ئاهەنگی ژنان و کۆبوونەوەی ژنان و پەروەردە بۆ بەئاگاهێنانەوەی ژنان و چالاکییەکان بۆ پەروەردەکردنیان سەبارەت بە ڕەگەزەکەیان ئەنجام دەدەین، پرۆسەیەکی زیندوو و ورووژێنەر بۆ ئێمە دەستی پێکردووە. لەگەڵ ژنان لە گوند و گەڕەک و کارگەکان کۆدەبینەوە.