ئێشکگری دادپەروەری و بیرەوەری: داواکاریی ئێمە ڕوونە، دادپەروەری دەوێین

ژنان لەبەردەم دادگای ئامەد، لە ئێشکگری دادپەروەری بۆ دژایەتیکردنی توندوتیژی و کوشتنی ژناندا، دەوڵەت و سیستەمی دادوەری بە بەرهەمهێنانەوەی ڕەگەزپەرستی و پەردەپۆشکردنی تاوانە کۆمەڵکوژییەکان تۆمەتبار دەکەن.

ئارژین دیلێک ئۆنجەل

 

ئامەد –  لە تورکیا، زیادبوونی توندوتیژی و کوشتنی ژنان بەهۆی نایەکسانیی ڕەگەزییەوە، هێشتا کێشەیەکی چارەسەرنەکراوە. هەموو ڕۆژێک بە هەواڵی کوشتنی ژنان لە شارە جیاوازەکانی وڵاتەکە خەبەرمان دەبێتەوە، لە هەمان کاتدا ژنان بەهۆی سیاسەتی بێ سزاییەوە، لە بازنەیەکی توندوتیژیدا گیرۆدە دەمێننەوە.

 

لە تورکیا لە ماوەی ١٢ ڕۆژدا هەشت ژن کوژراون

لە مانگی ئەیلوولدا، پیاوان لانیکەم ٢٧ ژنیان کوشتووە، لانیکەم ٥٢ ژنیان بریندار کردووە، ٢٨ ژنیان ئازار و ئەشکەنجەی سێکسی داوە و ٢٦ ژنیشیان ناچار بە فرۆشتنی جەستەیان کردووە. لە هەشت مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٦دا، ٢٢٢ ژن کوژراون. تەنها لە نێوان ١ تا ١٢ی تشرینی یەکەم، هەشت ژن کوژراون.

 

ئەو ژنانەی لەبەرامبەر ئەم دۆخەدا بێدەنگ نەمانەوە، لە ٦ی تشرینی یەکەم لە ئامەد، لە دژی کۆمەڵکوژی، توندوتیژی و بێ سزایی، ئێشکگری دادپەروەری و بیرەوەریی ژنان یان دەست پێکرد. ئەم ئێشکگریەکە بۆ ماوەی ١٠ هەفتە، هەموو سێشەممەیەک کاتژمێر ١٢:٣٠ی پاشنیوەڕۆ لەبەردەم دادگای ئامەد بەڕێوە دەچێت، داوای کۆتاییهێنان بە سیاسەتی بێسزایی دەکات و ئامانجی ئەوەیە ژنانی کوژراو، نەک تەنها بەهۆی مردنیانەوە، بەڵکو بە ناو، ژیان و چیرۆکەکانیانیشەوە بیر بخرێنەوە.

ژنان خۆپیشاندانە هەفتانەکانیان بەردەوام دەکەن و دەڵێن: ئێمە بە هەمووان دەڵێینەوە کە ژنان تەنها ژمارەی کەیسە دادگاییەکان، سەردێڕی ڕۆژنامەکان یان ئامار نین. بیرەوەری تەنها یادکردنەوە نییە، بەڵکو پاراستنی مافی ژیانیشی ژنانە، ناڕەزایەتی دەربڕینە لە نایەکسانیی ڕەگەزی و دژایەتیکردنی هەموو ئەو پێکهاتانەی کە توندوتیژیی پیاوان بەهێز دەکەن. ئەو دادپەروەرییەی ئێمە دەمانەوێت، تەنها بە بڕیارێک دوای مردن سنووردار نییە؛ ئێمە دەمانەوێت ژنان لە کاتی زیندووبوونیاندا بپارێزرێن.

ئەم ئێشکگریە لەلایەن تۆڕی ئامەدی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژییەوە ڕێکدەخرێت و چالاکوانان، پارێزەران، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ژنان و بەڕێوەبەرایەتییە ناوچەییە دیموکراتییەکان لەخۆ دەگرێت.

 

پێویستە ژنانی ئامەد بێن و بەشداریی چالاکیی نۆبەکە بکەن

 

 

تولین ئایداس، چالاکوانی بزوتنەوەی ژنانی ئازاد تەژەئا  کە بەشداریی لە چالاکیی نۆبەکەدا کردبوو، وتی: سیاسەتی شەڕی تایبەت و زەینییەتی باڵادەستیی پیاوان دەبنە هۆی ئەوەی ژنان لە ماڵدا زیندانی بکرێن و لە ژیان داببڕێن.

 

تولین ئایداس ئاماژەی بەوە کرد کە ئامانجی چالاکیی نۆبەکە، ڕاکێشانی سەرنجە بۆ ئەو سیاسەتانەی ڕێگا بۆ کوشتنی ژنان خۆش دەکەن، و وتی:  ئێمە پلانی چالاکییەکمان بۆ ماوەی ١٠ هەفتە ئامادە کردووە. دەنگی خۆمان بەرز دەکەینەوە و بە کوشتنی ژنان دەڵێین: وەستە! ئێمە دەمانەوێت توندوتیژی کۆتایی پێ بێت. بانگ لە هەموو ژنانی ئامەد دەکەم؛ ئێمە هەموو هەفتە لێرەین، وەرن با پێکەوە دەنگمان لە دژی توندوتیژی بەرز بکەینەوە.

بەهار پەکەر ،چالاکوانی تەژەئا، ئاماژەی بەوە کرد و وتی: ئێمە نامانەوێت ژنێکی دیکە لە ژیان بێبەش بکرێت، نامانەوێت منداڵێکی دیکە بێ دایک بمێنێتەوە.

 

 

بەهار پەکەر لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ئێمە لەگەڵ هەموو ڕێکخراوەکانی ژنان دەستمان بە چالاکیی هاوبەشی نۆبەگرتن کردووە. ئەو ڕاستییەی کە لە ماوەی هەفتەیەکدا هەشت ژن کوژراون، بۆ ئەو کەسانەی ماونەتەوە، برینێکی دەروونیی گەورەیە. ئێمە دەمانەوێت تاوانباران سزا بدرێن. سزادانیان دەبێتە هۆی ئەوەی ئەو پیاوانەی توانای ئەنجامدانی توندوتیژییان هەیە، هیوا لەدەست بدەن.

 

ژنان دەیانەوێت داواکارییەکانیان بکەنە داواکاریی کۆمەڵایەتی

 

 

ئەیدان دیریل، ئەندامی لیژنەی ژنانی لقەی ئامەدی کۆمەڵەی پارێزەرانی ئازادی (ÖHD)، ئاماژەی بەوە کرد کە لە ڕێگەی ئەم چالاکییەی نۆبەگرتنەوە، دەیانەوێت نەک تەنها لە ڕێڕەوەکانی دادگا، بەڵکو لە هەموو بەشەکانی بوارە کۆمەڵایەتییەکەشدا داوای دادپەروەری بەرز بکەنەوە.

 

ئەیدان دیریل جەختی لەوە کردەوە کە داواکارییەکانی ژنان بۆ ئازادی و ماف دەبێت ببنە داواکارییەکی کۆمەڵایەتی، و وتی: بەپێی ئەنجامەکانی شەڕ و پێکدادانە چەکدارییەکان، دەبینین کە لە ماوەی دواییدا، ژنان بەهۆی توندوتیژییەوە بە شێوەیەکی سیستەماتیک زیاتر دەکوژرێن. زیادبوونی کوشتنی ژنان و مردنە گومانلێکراوەکانیان بووەتە دیاردەیەکی بەردەوام. لەبری ئەوەی سیاسەت بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە دابڕێژن، دامەزراوەکانی دەوڵەت، میکانیزمە دادوەرییە پیاوساالارەکان کە پیاوان تێیاندا زاڵن، و شێوازەکانی بەڕێوەبردنی دەسەڵات، بەردەوامن لە شاردنەوەی کۆمەڵکوژییە ئەنجامدراوەکان لەلایەن پیاوانەوە، لە تاریکییەکدا هێشتنەوەی مردنە گومانلێکراوەکانی ژنان و بەرهەمهێنانەوەی ڕەگەزپەرستی.

 

یەکەمین داواکاریی ئێمە دادپەروەرییە

ئەیکان دیریل بە وتەی یەکەمین داواکاریی ئێمە دادپەروەریی» ئاماژەی بەوە کرد کە فاکتەرگەلێک وەک ئاسایی‌کردنەوەی هاندانەکان، ئاسایی‌کردنەوەی ڕەفتاری باش و بەڕێوەبردنی ناکارای پرۆسەی دادگایی، وایان کردووە شێوازە پیاوساڵارییەکان بەردەوام بن و ڕێگری لە دەرکەوتنی دادپەروەری بکەن.

ئەیکان دیریل لە درێژەی قسەکانیدا وتی: کاتێک سەیری داتاکانی شەش تا هەشت مانگی ڕابردوو دەکەین، دەبینین مردنە گومانلێکراوەکانی ژنان لە کوشتنی ژنان زیاترە. ئەمە نیشانەمان پێ دەدات کە دەوڵەتی پیاوساڵار، لەبری ئاشکراکردنی ڕاستیی مردنی ژنان، پەڕگەکان بە ناوی “خۆکوژی” یان “کەوتنەوە لە بەرزاییەوە” تۆمار دەکات، بەبێ ئەوەی ئەگەری کوشتن لەبەرچاو بگرێت.

 

هەموو هەفتەیەک هەوڵ دەدەین ناو و چیرۆکی ژنانی کوژراو بێنینەوە یاد. لێرەدا، هەم باس لە پەڕگەکانی ژنان دەکەین و هەمیش دژی نایەکسانیی ڕەگەزی و شێوازەکانی دەسەڵاتداری، دەنگ و داواکارییەکی دادپەروەری دروست دەکەین. چالاکیی نۆبەگرتنەکە بۆ ماوەی ١٠ هەفتە بەردەوام دەبێت. کاتێک ناوی ژنانی کوژراومان یەک بە یەک نووسییەوە، تێگەیشتین کە ئەم ژمارەیە هەموو ڕۆژێک زیاتر دەبێت.

 

بۆچی بنەڕەتیترین داواکارییەکانمان، وەک یەکسانی و ئازادی، نابینرێن؟

ئەیکان دیریل ڕایگەیاند کە هەموو سێشەممەیەک لەبەردەم دادگای ئامەد داواکارییەکانیان دەخەنەڕوو و قسەکانی بەو پرسیارانە کۆتایی پێ هێنا:

بۆچی ژنان دەکوژرێن؟ بۆچی ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە؟ بۆچی بنەڕەتیترین داواکارییەکانمان، وەک یەکسانیی ڕەگەزی و ئازادی، نابینرێن؟ بۆچی لەم بارەیەوە پێکهاتەیەکی کۆمەڵایەتی بوونی نییە؟ وەڵامی ئەم پرسیارانە لە سیستەمی باڵادەستیی پیاوان و تاوانبارانی ئەو سیستەمەدایە؛ چونکە ژنان لە مێژووی خۆیاندا بە ئاگاییەوە لە بەها کۆمەڵایەتییەکان تێگەیشتوون.

 

ئەمڕۆ چالاکییەکە بەردەوام دەکەین، بۆ ئەوەی داواکارییەکانی ژنان بۆ دادپەروەری و لێکۆڵینەوەی کاریگەر جارێکی دیکە ببنە بابەتی سەرنج، هەم لە بواری دادپەروەری و دادوەریدا و هەم لە ئاستی کۆمەڵایەتیشدا. هیوادارین هیچ ژنێک نەکوژرێت و پێویست نەکات چیرۆکی ژنانی کوژراو لێرە زیاد بکەین.