نەسرین ستوودە خەڵاتی دادپەروەریی تولانی ماسێکۆی ساڵی ٢٠٢٦ی وەرگرت
نەسرین ستوودە، پارێزەر و بەرگریکاری مافەکانی مرۆڤی ئێرانی، وەک خاوەنی خەڵاتی دادپەروەریی تولانی ماسێکۆی ساڵی ٢٠٢٦ هەڵبژێردرا.
ناوەندی هەواڵ - نەسرین ستوودە ، پارێزەر و بەرگریکاری مافەکانی مرۆڤی ئێرانی، خەڵاتی دادپەروەریی تولانی ماسێکۆی ساڵی ٢٠٢٦ی وەرگرت. ئەم خەڵاتە لەلایەن دامەزراوەی مافەکانی مرۆڤ (Human Rights Foundation) و دامەزراوەی تولانی ماسێکۆوە پێشکەش دەکرێت و ئامانجی ئەوەیە ڕێز لەو پارێزەرانە بگرێت کە سەرەڕای ژیان لە ژێر دەسەڵاتی ڕژێمەکانی خۆسەپێن و ڕووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ مەترسیی بەردەوامی دەستگیرکردن و سەرکوتکردن، مافە بنەڕەتییەکانی هاووڵاتیان، دادپەروەری و سەربەخۆیی پیشەی یاسایی دەپارێزن.
نەسرین ستوودە بەرگری لە مافی هەموو کەسێک دەکات
دامەزراوەی مافەکانی مرۆڤ لە ڕاگەیەندراوێکدا کە لە ٧ی تشرینی یەکەم بڵاویکردووەتەوە، هەوڵە درێژخایەنەکانی نەسرین ستوودەی وەک هۆکاری سەرەکیی وەرگرتنی خەڵاتەکە دیاریکردووە. ئەو هەوڵانە بریتین لە بەرگریکردن لە زیندانییە سیاسییەکان، ڕۆژنامەنووسان، چالاکوانانی کۆمەڵگەی مەدەنی، کەمینەکان و ئەو منداڵانەی کە ڕووبەڕووی سزای لەسێدارەدان دەبنەوە. نسرین ستوودە هەروەها لە چالاکییەکانی خۆیدا بەرەنگاریی لەگەڵ حیجابی بەزۆر و بەرگریکردن لە مافەکانی ژنانی کردووە.
ئامانج، ڕێزلێنانە لە بەرگریکارانی مافەکان
بڕیارە چوارەمین ڕێوڕەسمی پێشکەشکردنی خەڵاتەکە ئەمڕۆ لە شاری لاهای هۆڵەندا بەڕێوەبچێت. خەڵاتەکە بە مەبەستی زیندووڕاگرتنی یادەوەریی پارێزەری مافەکانی مرۆڤ، تولانی ماسێکۆ، پێشکەش دەکرێت؛ ئەوەی لە کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٣دا لە ماڵەکەی خۆی لە ئێسواتینی بە گولە کوژرا.
تولانی ماسێکۆ بەرگریکارێکی دڵسۆزی دیموکراسی و مافی هاووڵاتیان بوو و بۆ دابینکردنی نوێنەرایەتیی یاساییی سەربەخۆ تێدەکۆشا. ئەم خەڵاتە کە لە ساڵی ٢٠٢٣دا دامەزراوە، ئامانجی ئەوەیە بە ڕێزلێنان لەو پارێزەرانەی کە لە سەردەمی سەرکوتکردنی سیاسی بەرگری لە مافەکانی مرۆڤ دەکەن، میراتی تولانی ماسێکۆ زیندوو بهێڵێتەوە.
پێشتر دەستگیر کرابوو
نەسرین ستوودە لە ماوەی زیاتر لە ٢٠ ساڵ کاری پیشەیی خۆیدا، بەرگری لە ژمارەیەکی زۆر لە چالاکوانانی سیاسی و مەدەنی، ژنانی دژبەری حیجابی بەزۆر، ئەندامانی کەمینە ئەتنیکی و ئایینییەکان و منداڵانی ڕووبەڕووی سزای لەسێدارەدان کردووە.
ئەم چالاکییانە بوونەتە هۆی دەستگیرکردن و مەحکومکردنی دووبارەی ئەو. لە ساڵی ٢٠١٩دا بە ٣٨ ساڵ زیندانی و ١٤٨ قامچی سزادرا و لە ساڵانی دواتردا هەروەها ڕووبەڕووی دەستگیرکردنی دیکە بووەتەوە. لە نیسانی ٢٠٢٦دا دەستگیر کرا و لە ئایاری هەمان ساڵدا بە دانانی بارمتە ئازاد کرا.
نەسەرین ستوودە خەڵاتی سکۆت کرۆسبیشی وەرگرتووە
نەسرین ستوودە هەروەها خەڵاتی سکۆت کرۆسبیشی وەرگرتووە. کۆمەڵەی بارەکانی یاساییی ئەورووپا لە کۆنفرانسی پاییزی خۆیدا، لە ٣ی تشرینی یەکەم ٢٠٢٦ لە شاری تیرانای ئەلبانیا، خەڵاتی مافەکانی مرۆڤی سکۆت کرۆسبی پێشکەشی کرد. کوڕەکەی، نیما خەندان، خەڵاتەکەی بە ناوی ئەوەوە وەرگرت.
ئەم خەڵاتە، کە جیاوازە لە خەڵاتی دادپەروەریی تولانی ماسێکۆ، ڕێز لە پابەندبوون بە مافەکانی مرۆڤ، سەربەخۆیی پیشەی یاسایی و حاکمییەتی یاسا دەگرێت.