یەکەم دانیشتنی دادگایی نەسرین شاکەرەمی ئەنجامدرا

یەکەم دانیشتنی دادگایی نەسرین شاکەرەمی، دایکی نیکا شاکەرەمی،یەکێک لە قوربانیانی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی "ژن، ژیان، ئازادی"، لە شێوەی ڤیدیۆ کۆنفڕانس لە دادگای دووی تاوانەکانی خوڕەم ئاباد بەڕێوەچوو.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ ١٠ی تشرینی دووەم، عەلی ئومێدی، پارێزەر لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاند، یەکەم دانیشتنی تۆمەتەکانی نەسرین شاکەرەمی، دایکی نیکا شاکرەمی، یەکێک لە قوربانیانی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی "ژن، ژیان، ئازادی" لە شێوەی ڤیدیۆ کۆنفڕانس لە دادگای دووی تاوانەکانی شاری خوڕەم ئاباد بەڕێوەچوو.

 

نەسرین شاکەرەمی لە بەرامبەر تۆمەتەکانی "سووکایەتیکردن بە پیرۆزییەکان" و "بڵاوکردنەوەی درۆ بە مەبەستی تێکدانی مێشکی خەڵک" بەرگری لە خۆی کرد، هەروەها پارێزەرەکەی عەلی ئومێدی بە شێوەی نووسراو و زارەکی بەرگری خستەڕوو.

 

عەلی ئومێدی لە کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵەدا ڕایگەیاند، نەسرین شاکەرەمی پێش دەستبەسەرکردنی چەند جارێک لەڕێگەی سیستمی ئاگادارکەدنەوەی سەنا بانگهێشت کراوە، بەڵام ئەوان ئاگاداری ئەو ئاگادارکردنەوەیەیان نەکردووە کە دواجار ئەمە بووەتە هۆی دەستبەسەرکردنی.

 

بە وتەی ئەم پارێزەرە، بەشێکی دیکەی دۆسیەی نەسرین شاکەرەمی بە تۆمەتی "چالاکی پروپاگاندە دژی ڕژێم"، "هاندانی خەڵک بۆ شەڕ و کوشتن"، "سووکایەتیکردن بە خامنەیی و خومەینی" لە ڕۆژانی داهاتوودا لە دادگای شۆڕش بەڕێوە دەچێت.

 

نەسرین شاکەرەمی، لە١٦ی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٤ لە خوڕەم ئاباد دەستبەسەر کرا و بۆ دەستبەسەرگەی ئەم شارە ڕاگوێزرا.