سزای لەسێدارەدانی وریشە مورادی شەڕی ڕژێمی ئێرانە دژی ژنان
سزای لەسێدارەدان بۆ ژنانی کورد، جگە لەوەی کەشێکی میلیتاریستی لە کۆمەڵگەدا دروست دەکات، جۆرێکە لە کەرەستەی سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان و ڕێگریکردن لە چالاکییە کۆمەڵایەتییەکان لەڕۆژهەلاتی کوردستان.
لانە محەمەدی
ورمێ- وریشە مورادی، چالاکوانی مافی ژنان و سیاسی کورد و ئەندامی کۆمەڵەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان "کژار"، لە سەرەتای مانگی ئابی ساڵی٢٠٢٣ەوە دەستبەسەر و لە زیندانی ئەڤین ڕاگیراوە، ناوبراو بە"یاخیبوون" تۆمەتبار کراوە کە لەیاسای ئێراندا سزایەکی قورسی لەسەر داندراوەو لە١٠ی ئەم مانگەدا دادگای شۆڕش بە سەرۆکایەتی دادوەر سەلواتی سزای لەسێدارەدانی بە سەردا سەپاند، ئەم تۆمەتە بەهۆی چالاکییە کۆمەڵایەتی و مەدەنییەکان بۆ پشتیوانی لە مافەکانی ژنان و ژینگە بەرزکراوەتەوە، لە کاتێکدا تۆمەتی "یاخیبوون" دەگەڕێنرێتەوە بۆ کەسانی چەکدار کە لە دژی ڕژێم چالاک بوونە، ئەمە لە کاتێکدایە وریشە مورادی کەسێکی مەدەنی و چالاکوانێکی مافەکانی ژنان بووە.
سزای لەسێدارەدانی وریشە مورادی
دۆسیەی لەسێدارەدانی وریشە مورادی بەهۆی هەڵوێستی ڕژێم بەرامبەر بە ژنانی چالاکوان بەتایبەت ژنانی کورد سەرنجی بۆ خۆی ڕاکێشاوە، سزای قورس، وەک سێدارە بۆ ژنانی کورد و چالاکوانانی سیاسی، جۆرێکە لە کەرەستەی سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان و پێشگرتن لە چالاکییە کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەکان لە کوردستان.
ئاژانسی هەواڵی نوژنها له گەڵ نێرگس.و، ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی مافی ژنان، لەبارەی ناڕەزایەتییەکان له بەرامبەر سزای له سێدارەدانی وریشە مورادی گفتوگۆی کرد.
ئەم چالاکوانە سەبارەت بەسزای لەسێدارەدان بۆ وریشە مورادی و ناڕەزایەتییە بەربڵاوەکانی دژی، وتی: وریشە مورادی وەک زۆرێک لە ژنانی چالاکی کورد، هێمای بەرخۆدان و تێکۆشان بۆ مافەکانی مرۆڤە، ژنانی کورد بە هۆی داخوازییەکانی مافی مرۆڤ و چالاکییەکانیان بۆ دادپەروەری کۆمەڵایەتی، زیاتر ڕووبەڕووی مەترسیی دەبنەوە، ئەو تۆمەتانەی کە بۆ ئەو چالاکوانانە دەگەڕێنرێنەوە، وەک "یاخیبوون"، لەڕاستیدا سزای سیاسین کە مەبەست لێی بێدەنگکردنی دەنگی ئەوانن، لەسێدارەدانی ئەو جۆرە کەسانە نەک تەنها لەبەر مامەڵەی نادادپەروەرانەیە، بەڵکو لەبەر ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی دەنگ و داواکاری گۆڕانکاری کۆمەڵایەتییە کەڕووبەڕووی ناڕەزایەتییەکی بەرفراوان دەبێتەوە.
"هاوپشتی و پشتیوانیی خەڵک بۆ ئەم جۆره چالاکانه کاریگەرییەکی گەورەی هەیه"
سەبارەت به ناڕەزایەتی ژنان و ڕاگەیاندنی ناوخۆیی، وتی: له ناو ئێراندا هاوپشتی و پشتیوانیی خەڵک بۆ ئەم جۆره چالاکانه کاریگەرییەکی گەورەی هەیه، تەنانەت کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی ئاشتیانە یان مانگرتن لە خواردن لەلایەن زیندانیانی سیاسی وەک وریشە مورادی، ئیرادە و بەرەنگاربوونەوەی سەرکوت نیشان دەدات، پاڵپشتی خێزان و چالاکوانان و تەنانەت خودی زیندانیانی دیکەش دەتوانێت ڕژێم ناچار بکات چاو لەوسزایانە بخاتەوە.
سەبارەت به سزای سێدارە و کاریگەرییەکانی له سەر کۆمەڵگە، وتی: سزای له سێدارەدانی بەندکراوانی سیاسی کورد کاریگەری قووڵی له سەر کۆمەڵگەی کوردی له ئێران هەیە، ئەمسزایانە ناڕەزایەتی بەربڵاوی خەڵک دروست دەکەن و هەستی نادادپەروەری و هەڵاواردن بەهێزتر دەکەن، جگە لەوەش ئەم جۆرە بەرکەوتنانە، هاودەنگیی کۆمەڵگەی کورد زیاتر دەکات و پاڵنەری خەڵک بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە دۆخی مافی مرۆڤ و دادپەروەری کۆمەڵایەتی لە ئێران زیاتر دەکات، سزای لەسێدارەدانی وریشە مورادی، وەک زۆرێک لەسزای سێدارەدان لە دژی زیندانیانی سیاسی کورد، بەهۆی پرسی مافی مرۆڤ، نادادپەروەریی پڕۆسەی قەزایی و بێ بایەخ کردنی مافی زیندانیانی سیاسی، کاردانەوەی بەربڵاوی بەدوای خۆیدا هێناوە، زۆرێک لە چالاکانی مافی مرۆڤ پێیانوایە کە پرۆسەی دادگایی کردنی زیندانیانی سیاسی لە ئێران نادادپەروەرانە و هەر بۆیەش بەرامبەر بە سزا قورسەکانی وەک لەسێدارەدان ناڕەزایەتی دەرەدەبڕن.
دەربارەی لەسێدارەدانی ژنان لە ئێران و هەڵاواردنی ڕەگەزی بەرامبەریان وتی: لە هەندێک دۆخدا سزای لەسێدارەدان بۆ ژنان لە ئێران پەیوەستە بە جۆرێک لە هەڵاواردنی ڕەگەزییەوە، ژنان لە ئێران لە بوارە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی و قەزایی داڕووبەڕووی یاسای کۆنەپەرستانە دەبنەوەو هەر بەم هۆیەشەوە لە دۆسیەکانی دادگادا پشتیوانی کەمتریان هەیە، ئەم پرسە چڕتر دەبێتەوە، بە تایبەت لە دۆخی ژنانی نەتەوەی هەمەچەشن، وەک ژنانی کورد، بەلووچ و عەرەب؛ چونکە جگە لە هەڵاواردنی ڕەگەزی، بەدەست هەڵاواردنی نەتەوەیی و کولتووریشەوە دەناڵێنن.
"چەوساندنەوە دژی ژنانی کورد دوو چەوساندنەوەیە"
ناوبراو لە درێژەدا سەبارەت بە دۆخی ئەمنی و سیاسی بەرامبەر کوردستان وتی: دۆخی حوکمڕانی کوردستان هەمیشە ئەمنی بووە و بە توندی چالاکییە ڕۆشنبیری و مەدەنی و خوێندکارەکانیان سەرکوت کردووە، ڕێکاری ڕژێمی ئێران ڕێکاری سەربازی و ئەمنییە، لە ساڵانی ڕابردوودا زۆربەی چالاکاوانانی مەدەنی و ژنان گیراون، بڵاوکراوەکانی خوێندکاران ڕاگیراون و خوێندکاران دەرکراون، ڕێبازی ڕژێم بۆ بچووکترین پرسی سیاسی هەمیشە سەرکوتکردن بووە، سزای لەسێدارەدانی وریشە مورادی درێژەپێدەری سەرکوتی کوردستانە، خەڵکیش پشتیوانی لە چالاکانی ژن دەکەن و لەبەرامبەر سزای ناڕەوا بێدەنگ نابن، چەوساندنەوە دژی ژنانی کورد دوو چەوساندنەوەیە، هەر بۆیە زیاتر ئاسمیلە دەکرێن و بەڕێبازێکی ئەمنی- سەربازییەوە سزای نادادپەروەرانە لە دژی چالاکوانانی ئەم هەرێمە دەردەکرێن.
"ژنانی کورد لە ئێران بە هۆی نەتەوەکەیانەوە دوو جار فشاریان لەسەرە"
ژنانی کورد لە ئێران بە هۆی ناسنامەی نەتەوەیی و زمانەوانی و هەندێکجاریش مەزهەبی لە زینداندا ئەم دۆخە وایان لێدەکات، جگە لە بەرگەگرتنی زیندان، ڕووبەڕووی تەحەددای دیکە ببنەوە کە زۆرێک لە زیندانییەکانی دیکە بەرگریان لێدەکرێت، چالاکوانانی مافی مرۆڤ و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان چەندین جار ئەم دۆخەیان شەرمەزار کردووە و خوازیاری باشتربوونی بارودۆخی زیندانیانی سیاسی و بەتایبەت ژنانی کورد لە ئێران بوون، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بەتایبەتی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و وڵاتانی جۆربەجۆر، چەندین جار ڕاگەیەندراو و داواکارییان لەڕژێمی ئێران کردووە، کە لەسێدارەدانی زیندانیانی سیاسی و ژنان ڕابگرێت، ئەمڕێکخراوانە جەخت لەوە دەکەنەوە کە نابێت سزای لەسێدارەدان بکرێتە ئامرازێک بۆ سەرکوتکردنی خەڵک و نەیارانی سیاسی، جگە لەوەش هەندێک وڵات بە سەپاندنی سزا یان سنووردارکردنی دیپلۆماسی بۆ باشترکردنی دۆخی مافەکانی مرۆڤ، فشارەکانیان بۆ سەر ئێران زیادی کردووە.