ژنانی ئێزدی: دەوڵەتی تورکیا دەیەوێت بە هێرشەکانی فەرمان تەواو بکات

ژنانی شەنگال سەبارەت بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر شەنگال وتیان: ئەمڕۆ عەرەب و ئێزدی پێکەوە دەژین و بە هەمان شێوە شەڕ و بەرخۆدان دەکەن، دەوڵەتی تورکیا دەیەوێت ئەو فەرمانە تەواو بکات و بە هێرشی دڕندانە شەنگال بڵاوە پێبکات.

هێڤیدار شەنگالی

 

شەنگال- لە ٣ی ئابی ٢٠١٤ شەنگال لەلایەن چەتەکانی داعشەوە فەرمانی ٧٤ی بەسەردا سەپێندرا، لە ئەنجامی ئەو فەرمانە ٣٦٠ هەزار شەنگالی کەوتنە سەرڕێگای کۆچ و هەزاران ئێزیدی کوژران و هەزاران ژن و منداڵ ڕفێندران، فەرمانی ٧٤ی داعش کە ئامانجی چۆڵکردنی شەنگال بوو لە ئێزدییەکان، نەگەیشتە ئامانجەکەی، گەریلاکانی هەپەگە، یەژاستار و شەڕڤانانی یەپەگە و یەپەژە، ئەو پلانە تیرۆریستییەیان تێکشکاند کە بە هاوکاری دەوڵەتی تورکیا و پەدەکە و عێراق ڕێکخرابوو. لە١٣ی تشرینی دووەمی٢٠١٥، شەنگال بە تەواوی لە دەستی داعش ڕزگاری بوو.

 

دەوڵەتی تورکیا و پەدەکە کە لە فەرمانەکەدا سەرکەوتوو نەبوون، بووە برینێک لەسە دڵیان و لەو ڕۆژەوو، هێرشەکانیان بۆ سەر شەنگال کەم نەکردووەتەوە، لەو هێرشانەدا ژنان و گەنجان و پێشمەرگە دێرینەکانی ئیزیدخان کرانە ئامانج و کوژران، لە کاتێکدا کە لە نۆیەمین ساڵی ڕزگارکردنی شەنگال نزیک دەبینەوە، دەوڵەتی تورک بە هاوکاری لەگەڵ پەدەکە جارێکی دیکە هێرشی کردە سەر شەنگال.

 

دوێنێ فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان و چەکداری دەوڵەتی تورک ئۆتۆمبێلێکی بۆردومان کرد، کە لە شاری شنگالەوە بەرەو سەردەشت لە چیای شەنگال دەچوو و لە ئەنجامدا گەنجێک بە ناوی کەریم حاجی شێرۆ لە هۆزی زەندینی گیانی لەدەستدا.

 

خەڵکی شنگال لە بەرامبەر ئەو هێرشانە توڕەن

بۆچوونی ئەندامان و بەڕێوەبەرانی تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزیدی "تاژێ" و ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی شەنگالمان وەرگرت، ئەو ژنانە ڕایانگەیاندووە کە هێرشەکەی شەنگال بە هاوکاری دەوڵەتانی عێراق و تورکیا ئەنجامدراوە، هەروەها هێرشەکەیان شەرمەزار کردو بەڵێنی بەردەوامدان بە تێکۆشان و تۆڵە سەندنەوەیان دا.

 

''مرۆڤایەتی نەماوە''

نەعیم خەڵەف، ئەندامی تاژێ ئاماژەی بەوەکرد، عێراق و تورکیا و پەدەکە بەردەوامن لە دوژمنایەتیان بەرامبەر ئێزدییەکان و وتی: ئامانجی دەوڵەتی تورکیا کە دوژمنی ئێمەیە، تەواوکردنی فەرمانەکەیە، هیچ جیاوازییەک لە نێوان دەوڵەتی تورکیا و داعشدا نییە، لەوەش خراپترە، ئێمە ئەو کەس و لایەنانە شەرمەزار دەکەین کە بێدەنگن و هیچ هەڵوێستێکیان نییە بەرامبەر بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا، ئەو کەسەی شەهید بوو گەنجێکی ئێزیدی بوو و پێویستە هەموو ئێزدیەکان دژایەتی ئەمەبکەن، ئەوانەی دەبینن و دەنگیان نییە با کوێر بن، کەریم نەدەچووە بەر دەرگای کەس و شەڕی کەسی نەدەکرد، لە چیاکەی خۆیدا دەژیا، ڕۆژانە دایکان بە سەر تەرمی منداڵەکانیان دەوەستن، مرۆڤایەتی نەماوە، خودا هەموومان لە دوژمنی دڕندە ڕزگار بکات.

 

"ئەوەی داعش نەیکرد ئەمڕۆ دەوڵەتی تورکیا دەیەوێت بیکات"

جیهان جەلۆ،هاوسەرۆکی  ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی شەنگال، هەروەها باسی لەو بابەتە کرد و ئاماژەی بەوەکرد، لەگەڵ پاکڕەوانەکان بەهێزتر دەبن و ئاستی تێکۆشانیان بەرز دەکەنەوەو وتی: لە کەسایەتی شەهید کەریم هەموو شەهیدانمان بە بیردەهێنینەوە، شەهیدبوونی هەر مرۆڤێک لەسەر ئەم خاکە بۆ ئێمە ئازارێکە، بەڵام شوێنی دووپاتکردنەوەی بەڵێنەکەمانە و بەڵێن دەدەین تێکۆشان بەرز بکەینەوە، ئێمە ئەو هێرشانە و فەرمان لێک جیا ناکەینەوە و بەردەوامییەکەی دەبینین، ئەو خەڵکەی لەسەر ئەم خاکە شەڕیان کرد و بەرگرییان لەم کۆمەڵگە و خاکە کرد، ئامانجی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکن، ئەوەی داعش نەیتوانی بیکات، دەوڵەتی تورکیا ئەمڕۆ دەیەوێت بیکات، دەیانەوێت شەنگال لە ئێزدییەکان پاک بکەنەوە، شەنگال بەبێ ئێزدی بوونی نییە و ئێزدیش بەبێ شەنگال بوونی نییە.

 

بەڵێنی تۆڵەسەندنەوە: درێژە بەتێکۆشانی خۆمان دەدەین

جیهان جەلۆ ڕایگەیاند کە تا تۆڵەسەندنەوە بەردەوام دەبن لە خەبات و تێکۆشان و وتی: ئامانجی خۆبەڕێوەبەری ئەوەیە کە هەموو پێکهاتەکانی لەشەنگال پێکەوە بژین، ئەمڕۆ عەرەب و ئێزیدی پێکەوە دەژین و بە هەمان شێوە خەبات و بەرخۆدان دەکەن، بەهۆی ئەوەوە ڕۆژانە دەبینین خەڵکی عەرەب و ئێزیدی شەهید دەکرێن، ئێستا هەمووان لە ناوەڕاستی پێشوازیکردن لە نۆیەمین ساڵی ڕزگارکردنی شەنگاداین، کۆمەڵگە ئامادەکاری ئایینی و پیرۆزباییەکانی دەکرد، چونکەڕزگارکردنی شەنگال ڕۆژێکی ئاسایی نییە، دوژمنان دەیانەوێت دڵخۆشییەکانمان لێ وەربگرن، لە کاتی فەرمانی ساڵی ٢٠١٤دا لە جەژنێکدا هێرشیان کردە سەر کۆمەڵگەکەمان، ساڵێک لەمەوبەر لەڕۆژی ڕزگارکردنی شەنگالدا دوو شەڕڤانانی یەبەشەمان کرانە ئامانج و شەهید کران، بەرامبەر ئەم هێرشانە بەڵێنی تۆڵەسەندنەوە دەدەین و دەڵێین بەهۆی ئەو هێرشانەوە لاواز نابین.