"دەوڵەتی تورکیا هەوڵی زیندووکردنەوەی داعش دەدات"
ئاسیا ئەلخەربی، ئەندامی نوسینگەی پەیوەندییەکانی ئەنجومەنی ژنانی سووریا، هەڵسەنگاندنی بۆ هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کرد و دووپاتیکردەوە کە دەوڵەتی تورکیا هەوڵی تێکدانی ئاسایش و ئارامی و زیندووکردنەوەی داعش دەدات.
یوسرا ئەحمەد
ڕەققە- دەوڵەتی تورکیا هەوڵ دەدات لە ڕێگەی هێرشە سەربازییەکانی بۆ سەر ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕێگری لە چارەسەری قەیرانی سووریا بکات، هەروەها بە سوود وەرگرتن لە بارودۆخی ئێستا هەوڵی زیندووکردنەوەی داعش دەدات.
ئاسیا ئالخەربی، ئەندامی نوسینگەی پەیوەندییەکانی ئەنجومەنی ژنانی سووریا، لەبارەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر ناوچەکە لێدوانی دا و وتی: لەدوای جێبەجێکردنی سیستمی نەتەوەی دیموکراتیکەوە، دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بەردەوامە لە هێرشەکانی بۆ سەر ناوچەکە، هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر ژێرخانی هەرێم و کێڵگە نەوتییەکان هەوڵێکە بۆ لاوازکردنی لایەنی ئابوری هەرێم و لابردنی ئاستەنگەکان و ئامانجیش زیندووکردنەوەی داعشە.
"دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا یەکەمین لایەنگری داعشە"
لە سەرەتای قسەکانیدا ئاسیا ئەلخەربی باسی لە ئامانجی سیستمی نەتەوەیی دیموکراتیک کرد و وتی: سیستمی نەتەوەی دیموکراتیک هەوڵ دەدات بۆ بەدیهێنانی یەکڕیزی سووریا و کۆتایی هێنان بە ململانێکان، بۆیە ئەم هێرشانە لە چوارچێوەدا ڕوودەدەن لە هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ قەیرانی سووریا، ئەگەر سیاسەتی داعش و سیاسەتی چەتەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە ناوچە داگیرکراوەکان بەراورد بکەین، بۆمان دەردەکەوێت کە ئەوان هاوشێوەن. لە ئەنجامدا دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا یەکەمین لایەنگری داعشە. چونکە لە سیاسەتیاندا لەیەک دەچن. بەئامانجکردنی ناوەندە ئەمنی و سەربازییەکان بۆ پاراستنی ناوچەکە لە چوارچێوەی تێکدانی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکەدا ئەنجام دەدرێت و ئەمەش ڕێگا بۆ داعش خۆش دەکات.
"کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ڕۆڵی بینەر دەگێڕێت"
ئاسیا ئەلخەربی دەربارەی ئەو بێدەنگییە نێودەوڵەتییەی هەیە وتی: لە سەرەتای قەیرانی سووریاوە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ڕۆڵی تەماشاکەر دەگێڕێت، ئەمەش زەمینە خۆش دەکات بۆ دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بۆ ئەوەی داگیرکارییەکانی خۆی ئەنجام بدات و دەستوەردانی وڵاتانی بیانی لە کاروباری سووریادا ڕوودەدات.
"ڕادەستی هێرشەکان نابین"
ئاسیا ئەلخەربی لە درێژەی لێدوانەکەیدا وتی: لە دامەزراندنی ئەنجومەنی ژنانی سووریاوە، کار لەسەر یەکخستنی هێز و وزەی ژنانی سووریا دەکەین بە مەبەستی دروستکردنی بەرخۆدانی هاوبەشی ژنان بۆ هەموو ژنانی سووریا، ڕادەستی هێرشەکان نابین و بەرخۆدانمان زیاتر دەکەین،دەبینە بەرەی ناوخۆ بۆ پاراستنی خاکەکەمان، وەک ژنانی سەر خاکی سووریا خۆمان یەکدەخەین و ڕێگە نادەین دوژمن بچێتە ناو خاکەکەمانەوە.
"دەسکەوتەکانی شۆڕشەکەمان دەپارێزین"
ئاسیا ئەلخەربی لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: هەموو ئەو هاوڵاتی و ژنانەی ئازادی خۆیان بەدەست هێناوە پێویستە ئاگاداری سیاسەتی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بن، بۆ ئەوەی بە هەموو ئیرادەیەکەوە بەرەنگاری ئەو هێرشانە ببینەوە و دەستکەوتەکانی شۆڕشەکەمان بپارێزین، پێویستە یەکگرتوو بین، پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و لایەنە پەیوەندیدارەکان بەرپرسیارێتی خۆیان بە جددی وەربگرن و فشار بخەنە سەر دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بۆ ڕاگرتنی هێرشەکانی بۆ سەر ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا.