بەرەی ژنانی باشوور: چەندە بتوانین دەنگ هەڵبڕین ئەوەندە دەتوانین ئەم لەسێدارەدانە ڕابگرین

بەرەی ژنانی باشوور لە ڕاگەیەندراوێکدا لە دژی سەپاندی سزای لەسێدارەدان لەسەر وریشە مورادی، بانگەوازی تێکۆشان لە بەرامبەر لەسێدارەدانیان کرد.

ناوەندی هەواڵ

 

بەرەی ژنانی باشوور دوای سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بە سەر وریشە مورادی، چالاکوانی مافی ژنان و سیاسی کورد و زیندانی لە بەندی ژنانی ئێڤین بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک ڕایاگەیاند؛ ژنانی کورد بە هێزدانە سەرهەڵدانی "ژن، ژیان، ئازادی" و پێشەنگایەتی بۆ ئەم سەرهەڵدانەیانە کرد. وریشە مورادیش یەکێک بوو لەو ژنە پێشەنگانە کە کە ساڵانێکی زۆرە بەبێ ماندوو بوون بۆ هۆشیارکردنەوە و ئازادیی ژنان لە تێکۆشاندایە.

 

هەروەها لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە هیوا و ئامانجەکانی وریشە مورادی بۆ ئازادیی ژنان لە ناو زیندان گەورەتر بوو، لە ناو زیندانیشدا دەستی لە تێکۆشانی ئازادیی هەڵنەگرت و تیشکیان خستووە سەر ئەوەیکە ئاشکرایە ئەم سیاسەتی لەسێدارەدانەی ئێران مەبەستی چاوترساندن و هەنگاونانی ژنان بۆ دواوەوەیە، بەڵام ڕژێمی داگیرکەری ئێران پێویستە ئەوە باش بزانن کە بەردەوامیدان بەو زوڵم و ستەمەی کە لەسەر گەل و ژنان پەیڕەوی دەکەن کۆتایی بە دەسەڵاتیان دەهێنێت.

 

بانگەوازیی لە هەموو ژنان دەکەین تێبکۆشن لە بەرامبەر لە سێدارەدان

بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" دوو ساڵ پێش ئێستا ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەرامبەر زوڵم و سیستەمی دەسەڵاتداری ئێران وەستانەوە و ژنان بوون بە سیمبول و داینەمۆی سەرهەڵدان و وەچەرخانێکی گەورە لە جیهان و بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوین و ئێراندا. ئەو پێشەنگایەتییەی ژنان و ئەو گیان و ڕۆحییەتی تێکۆشانەی ئەنجامدرا، بووە هۆی هێز و ئیرادە بۆ هەموو ژنانی جیهان. ژنانی شۆڕشگێریی کوردیش هەم هێزیان دایە ئەم سەرهەڵدان و وەچەرخانە، هەم پێشەنگایەتیشیان بۆ ئەم سەرهەڵدانە کرد، یەکێک لەو ژنە تێکۆشەر و چالاکوانانەش (وریشە مورادی) ناسراوبە ‌(جوانە سنە) بوو کە ساڵانێکی زۆرە بەبێ ماندوو بوون بۆ هۆشیارکردنەوە و ئازادیی ژنان لە تێکۆشاندایە.

 

لە چوارچێوەی ئەو ئامانج و هیوایانەی کە بۆ ئازادیی ژنان ژیانی خۆی بۆ تەرخانکردبوو و پێشەنگایەتی بۆ ئەو تێکۆشانە دەکرد لە بەرواری ٣١ـی تەمووزی ساڵی ٢٠٢٣ لەلایەن هێزەکانی ئیتڵاعاتی ڕژێمی داگیرکەری ئێرانەوە دەستگیرکرا، بەڵام هیوا و ئامانجەکانی وریشە مورادی بۆ ئازادیی ژنان لە ناو زیندان گەورەتر بوو، لە ناو زیندانیشدا دەستی لە تێکۆشانی ئازادیی هەڵنەگرت. سەرەڕای ئەو ئەشکەنجە دەروونییانەی کە ڕووبەڕوویان دەکردەوە و ڕێگەیان نەدەدا کە بنەماڵە و پارێزەرەکانی دیداری لەگەڵ ئەنجام بدەن، بەڵام وریشە بەردەوام هەوڵی داوە دەنگی خۆی و زیندانییانی سیاسیی دیکە بگەیەنێتە کۆمەڵگە و دەرەوەی زیندان. لەگەڵ ژنانی تری زیندانی سیاسیی کورد لە دژی هەڕەشەی لە سێدارەدان هەڵوێستی توندیان نواندووە و داوای ڕاگرتنی سزای لە سێدارەدانیان کردووە. لە ڕۆژی جیهانی دژ بە سزای لەسێدارەدان لە نامەیەکدا کە ئاراستەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکانی کردووە، نووسیویەتی: "بۆ گەیاندنی بارودۆخی ئێستا و لە هەمان کاتدا دژی ئەو چەوساندنەوەی کە بەسەر ئازادییخوازاندا سەپێندراوە، بۆ کاتێکی نادیار دەست بە مانگرتن لە خواردن دەکات. ئەم ڕاگەیاندنە بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوەیە دژی کوشتن و سزای لەسێدارەدانە کە ساڵانێکە لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە ئەنجام دەدرێت".

 

بەڵام بەداخەوە لە بەرواری ١٠ی تشرینی دوومی ٢٠٢٤  لەلایەن دادگای ڕژێمی داگیرکەری ئێرانەوە سزای لە سێدارەدان بەسەر ژنە پێشەنگ و چالاکوان (وریشە مورادی) دا سەپێندرا، بە بێ ئەوەی لە دانیشتنەکانی دادگادا مۆڵەتی بەرگریکردن نە بە وریشە مورادی درا و نە بە پارێزەرەکانیشی.

 

ئاشکرایە کە ئەم سیاسەتی لەسێدارەدانەی ئێران مەبەستی چاوترساندن و هەنگاونانی ژنان بۆ دواوە، بەڵام بینرا کە لەم ساڵانەی دوایی بەکپ کردن و چاوترساندن و ئەشکەنجە و سێدارەدان ناتوانن ڕۆحی تێکۆشان بۆ ئازادیی کپ بکەنەوە. ئێمە وەکو ژنانی باشووری کوردستان بانگەوازیی لە هەموو ژنانی جیهان دەکەین، وەک چۆن وریشە مواردی لە زیندان بوو بە دەنگی هەموو ژنان، ئیمەش هەموومان ببین بە دەنگی وریشە مورادی و لە بەرامبەر سەپاندنی سزای لە سێدارەدان دەنگ هەڵبڕین، چەندە بتوانین لە بەرامبەر سیاسەتی لە سێدارەدانە دەنگ بڵند بکەین ئەوەندە دەتوانین ئەم لەسێدارەدانانە ڕابگرین. پێویستە هەموومان بە یەک دەنگ و لە بەرامبەر سزای لەسێدارەدانی وریشە مورادی بووەستینەوە.

 

دەسەڵاتدارانی ڕژێمی داگیرکەری ئێران پێویستە ئەوە باش بزانن کە بەردەوامیدان بەو زوڵم و ستەمەی کە لەسەر گەل و ژنان پەیڕەوی دەکەن کۆتایی بە دەسەڵاتیان دەهینێت. ئێمە داوا لە دەسەڵاتدارانی ئێران دەکەین کە کۆتایی بەم سیاسەتەیان بهێنن چیتر ڕۆڵەکانی ئەم گەلە بە سێدارە چاوترسێن نەکەن. هەروەها داوا لە ڕێکخراوی مافی مرۆڤ و هێزە دیموکراتیکەکان دەکەین کە بەرامبەر ئەم لە سێدارەدانانە خاوەن هەڵوێست بن هەتا بتوانن فشار لەسەر دەسەڵاتدارانی ئێران دروست بکەن کە سزای لە سێدارەدان ڕابگرێت.