توێژەران هۆشداری دەدەن: دابەزینی ڕێژەی دەردانی گازی ژەهراوی بەهۆی شۆکی جیۆپۆلەتیکییەوە چارەسەرێکی بەردەوامی کەشوهەوا نییە
ڕاپۆرتی بودجەی جیهانی کاربۆن ئاشکرای کردووە، کە پێشبینی دەکرێت ڕێژەی دەردانی کاربۆن لە سووتەمەنی بەردینیەکانەوەی ساڵی ٢٠٢٦دا بە ڕێژەی ٠.٤٪ کەم ببێتەوە، ئەمەش بەهۆی فراوانبوونی وزەی نوێبووەوە و شۆکی نرخی نەوت کە لە ئەنجامی ململانێکانی ئێرانەوە دروست بووە.
ناوەندی هەواڵ
توێژەران ١٠ی تشرینی دووەم، ڕاپۆرتیان دا کە دەردانی کاربۆنی جیهانی لە سووتەمەنی بەردینی لە ساڵی ٢٠٢٦دا بە ڕێژەی ٠.٤٪ کەمێک کەم ببێتەوە، ئەمەش بەهۆی هەڵکشانی پڕۆژەکانی وزەی نوێبووەوە و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بەهۆی شەڕی ئێرانەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی "بودجەی جیهانی کاربۆن" کە هاوکاتە لەگەڵ کۆنگرەیی گۆڕانی کەشوهەوای نەتەوە یەکگرتووەکان (COP31) لە ئەنتالیا لە تورکیا، ئەم دابەزینە ڕەوتی بەرزبوونەوەی دەیەی ڕابردوو دەشکێنێت، کە لەو ماوەیەدا ڕێژەی دەردانی گازی ژەهراوی لە خەڵوز و نەوت و گاز بە تێکڕای ڕێژەی ساڵانەی ٠.٩٪ بەرزبووەتەوە و لە ساڵی ٢٠٢٥دا گەیشتە بەرزترین ئاستی پێوانەیی.
ڕاپۆرتەکە دووپاتی کردەوە، کە ئەمە یەکەم کەمبوونەوەی ساڵانە دەبێت لە دوای ساڵی ٢٠٢٠ەوە، کە پەتای کۆڤید-١٩ ئابووری و بازرگانی و گواستنەوەی جیهانی لەکارکرد، توێژەران بۆیان دەرکەوتووە کە ئەو شەڕەی ئەمریکا لە ئێران دەستیپێکرد و داخستنی گەرووی هورمز، بەشداربووە لە کەمکردنەوەی دەردانی گازی ژەهراوی بەهۆی کەمبوونەوەی بەکارهێنانی نەوت لە نێوان بەرزبوونەوەی نرخی نەوتی خاودا.
ئاماژەی بەوەشکرد، جێگیرکردنی پانێڵی خۆر و کێڵگەی با و ئۆتۆمبێلی کارەبایی بەشدارییان لەم دابەزینەدا کردووە، دوو لەسەر سێی زیادبوونی خواستی وزەی جیهانی بە وزەی خۆر و با و کارەبا دابین دەکرێت.
بەڕێوەبەری ئۆفیسی بودجەی جیهانی کاربۆن لە زانکۆی ئێکستەر لە بەریتانیا ڕایگەیاند، کەمبوونەوەی دەردانی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن لە سووتەمەنی بەردینیەوە جێگەی دڵخۆشییە، بەڵام ئەم دابەزینە کە بەشێکی بەهۆی شۆکی جیۆپۆلەتیکییەوەیە، نوێنەرایەتی چارەسەرێکی بەردەوام بۆ کەشوهەوا ناکات، چارەسەری درێژخایەن هەروا جێگیرکردنی خێرای تەکنەلۆژیاکانی وزەی پاکە.
کورین لی کویری، مامۆستای گۆڕانی کەشوهەوا لە زانکۆی ئیست ئەنگلیا، ڕوونیکردەوە، کە دەردانی کاربۆن بە شێوەیەکی ئاسایی سەرلەنوێ دەگەڕێتەوە لەگەڵ چاکبوونەوەی ئابوورییەکان لە شۆکی گەورە، وەک پەتای کۆڤید-١٩ و قەیرانی دارایی جیهانی، کاتێک گرژییەکانی ئێستای نەوت کەم دەبنەوە، ڕێژەی دەردانی گازی ژەهراوی دەتوانێت بەرزبوونەوەی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت.
توێژەران ڕایانگەیاندووە، کەمبوونەوەی ڕێژەی ١.٩٪ی دەردانی گازی ژەهراوی پەیوەست بە نەوت لە ساڵی ڕابردوودا، وەڵامدانەوەیەکی کاتی و کورتخایەن بۆ ئەو شۆکە وزەیەی کە لە ئەنجامی ململانێی ئەگەری لەگەڵ ئێراندا هاتۆتە ئاراوە، هاوکات پێشبینی دەکرێت ڕێژەی دەردانی غاز بە ڕێژەی ٠.٤٪ کەم ببێتەوە، لەکاتێکدا پێشبینی دەکرێت ڕێژەی دەردانی گازی خەڵوز بە ڕێژەی ٠.٦٪ زیاد بکات.
مەزەندە دەکرێت دەردانی غاز بە ڕێژەی ٠.٣٪ کەم ببێتەوە، لەکاتێکدا پێشبینی دەکرێت دەردانی خەڵوز بە ڕێژەی ٠.٦٪ زیاد بکات، بەمەش کۆی گشتی دەردانی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن لە سووتەمەنی بەردینیەوە لە ساڵی ٢٠٢٦دا بگاتە ٣٨.٣ ملیار تەن بۆ ٤٢.٨ ملیار تەن کە ساڵی ڕابردوو تۆمارکراوە.