سزای لەسێدارەدان و بەرخۆدان لە ڕوانگەی دەروونییەوە
سێدارە هێمای ئەو توندوتیژییە ئاشکرایە کە ستەمکار بۆ ترساندن و پەروەردەکردنی کەسانی لاواز بەکاریدەهێنێت؛ بەربەستێک بۆ بەرخۆدانی مەدەنی پێکناهێنێت.

ڤیان مێهرپەروەر
مهاباد-دانانی پەت لە ملی کەسێک بە یەکێک لە ترسناکترین جۆرەکانی توندوتیژی دادەنرێت، دوای دروستبوون و چەسپاندنی پلەبەندییەکان لە کۆمەڵگە مرۆییەکان، کوشتن و لەسێدارەدان بوو بە سزای نەهێشتنیان یان بۆ سەپاندنی گوێڕایەڵی، میراسەکەی لە کۆتاییدا گەیشتە حکومەتە تۆتالیتار و ئایدۆلۆژییەکان، ئەوانیش گۆڕیان بۆ ئامڕازێکی چەوساندنەوە.
لە سێدارەدان ئامرازێک بووە کە دەیان ساڵە لە وڵاتێکی وەک ئێراندا گیانی زۆرێک لە شەڕڤانان و ئازیزانەکانی بردووە، بێگومان بە تایبەتی ژنانی کردووەتە ئامانج، بۆچی ئەم ئامرازە ستەمکارە بەکاردەهێنرێت و حکومەتەکان چۆن پشتیوانی لێدەکەن؟
لەم ڕاپۆرتەدا شیکاری بۆ دەروونناسی لەسێدارەدان و بابەتەکانی دەوروبەری دەکەین.
"لە سێدارەدان ئامرازی چەوساندنەوە و فشارە"
یەکێک لە ڕێگاکانی فێربوونی مرۆڤ لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە لە ڕێگەی چاودێریکردنە، زۆرێک لە ڕووداوەکانی ژینگەی دەوروبەر کاریگەرییان لەسەر چینەکانی دەروونی مرۆڤ هەیە، ئەم کاریگەریانە وردە وردە لە ڕەفتارەکاندا ڕەنگ دەدەنەوە، دەرکردن و جێبەجێکردنی هەر حوکمێکی لەسێدارەدان لە ڕژێمە پاوانخوازەکاندا یان بۆ بێدەنگکردنی ناڕەزایەتییە بەردەوامەکان یان تاوانەکانە، یان وەک ئامرازێکە بۆ فشارکردن، لە ڕێگەی چاودێری و تۆقاندنەوە ڕێگری لە بەردەوامیدان بەم پڕۆسەیەی ئەوانی دیکە بکەن، بۆ نموونە لە سەردەمی ڕاپەڕینی ژن ژیان ئازادیدا، دەسەڵاتدارانی ئێران بە لەسێدارەدانی خۆپیشاندەران و هاوڵاتیانی دیکەیان ترساند، هەوڵیان دەدا دەسەڵات و ئیرادەی خۆیان کە بە نادروست دادەنرا، جێگیر بکەنەوە.
وەک لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا لەگەڵ کۆمەڵکوژی و لەسێدارەدانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دوای سەرکوتکردنی خەباتی گەلی کورد بۆ ئازادی، دەیان کەس حوکمی سێدارەدسنیان بەسەردا سەپێندرا، ئێستا خۆڕاگری و تێکۆشانی ژنانی ئێران بە حوکمی لەسێدارەدان و هەڕەشەی لەسێدارەدانی چالاکوانانی وەک پەخشان عەزیزی، وریشە مورادی، شەریفە محەمەدی دەکرێتە ئامانج، بۆ دەسەڵاتداران لەسێدارەدان چارەسەری کۆتاییە بۆ 'کۆنتڕۆڵکردنەوە' و ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ئەو بیرۆکانەی کە هەڕەشە لە حوکمڕانییەکەیان دەکەن، بە واتایەکی تر لە سێدارەدان جۆرێکە لە 'قوربانی پاککەرەوە' کە دڵەڕاوکێ و گرژییەکانی ئازادی و یاخیبوونی کۆمەڵایەتی لەناو حاکمدا کەم دەکاتەوە، بەڵام ئەم بەکارهێنانە بەزۆری وەک ڕێگرییەک کارناکات، دەتوانرێت لەسێدارەدان بە جۆرێک لە دەستکاریکردنی دەروونی نائاگایی هەژمار بکرێت، کە لەگەڵ کارپێکردنی باڵادەستی و نیشاندانی دەسەڵاتی فەرمانڕەوا بەسەر هاوڵاتیاندا بێت.
"لە سێدارەدان ئامرازێکە بۆ چڕکردنەوەی توندوتیژی و گوێڕایەڵی"
سەرەڕای زاڵبوون و نمایشکردنی دەسەڵات، بە فەرمیکردنی لەسێدارەدان سووڕی توندوتیژی توندتر دەکات؛ خولێک کە ڕەنگە درێژبێتەوە بۆ بوارەکانی تر، کە هاوڵاتی ڕابهێنێت بۆ ملکەچبوون و کۆنترۆڵکردن، بێگومان ئەمە کاتێک ڕوودەدات کە دەسەڵاتی دەسەڵاتدار قۆرخکاری دانیشتووان بکات، یان بەشێک لە دانیشتووانەکەی، نموونەی ئەمە پەسەندکردنی لەسێدارەدانی ئەو کەسانەیە کە بە تاوانی ناسیاسی وەک کوشتن و تاوانی ماددە هۆشبەرەکان سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە.
سەیرکردنی بەردبارانکردن یان لەسێدارەدانی ژنێک کە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندراوە، وەک هێورکردنەوەی ڕۆحی سەرکەوتن لە کۆمەڵگەیەکی پیاوسالاریدا سەیر دەکرێت، بەبێ ئەوەی ڕەگ و ڕیشەی خۆی لەبەرچاو بگیرێت، لەم جۆرە کەیسانەدا تەنانەت کاتێک تاوانێک ڕوویدابێت، دەبێت ئەم سزایە بە یاسای کۆدکراو بگۆڕدرێت،لەم جۆرە هەلومەرجەدا، لەگەڵ چوونە ناو بازنەی توندوتیژی کۆمەڵگە هەستیاری خۆی بەرامبەر کوشتنی ئەوانی تر لەدەست دەدات ،'مەرگی مرۆڤ' چیتر ڕوون نابێتەوە، بەڵکو 'هۆکاری لەسێدارەدان' تیشکی دەخرێتەسەر، لەم چوارچێوەیەدا بە دروستکردنی دووبەرەکی و ڕق لە نێوان هاوڵاتیان، ڕەفتاری توندوتیژی زیاتر دەبێت، تەنانەت ڕەنگە تێڕوانینی کۆمەڵگە بۆ لەسێدارەدانی چالاکوانی سیاسی و ئایینی بگۆڕێت؛ وەک چۆن لەو کەیسانەدا، کە لایەنگرانی ڕێژیمی ئێران هەست بە ڕەزامەندی دەکەن لە لەسێدارەدانی نەیارانی سیاسی ڕێژیم یان بەهاییەکان.
هاواری "نا بۆ لەسێدارەدان" ڕێگایەکە بۆ ژیانێکی ئازاد
لە ئێستادا ژیانی زۆرێک لە زیندانەکانی ئێران مەترسی لەسێدارەدانیان لەسەرە، ناڕەزایەتی کۆمەڵگە و بێدەنگی وەک دەروازەی ژیانێکی ئازاد دەمێنێتەوە، کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەک پێشەنگێک لەم ناڕەزایەتیانەدا ساڵانێکە، چ پێش لەسێدارەدانی سیاسی، چ دوای لەسێدارەدانی سیاسی، بە کەڵک وەرگرتن لە هەموو جۆرەکانی خەباتی مەدەنی، وەکو ڕیکلامی ڕاگەیاندن و سەرتاسەری کۆمەڵگە، تەنانەت داخستنی دوکانەکان و ڕێکخستنی کۆبوونەوەی کۆمەڵگە، لە هەندێک کەیسدا کۆمەڵگەی مەدەنی هەوڵدەدات سزای لەسێدارەدان بۆ ئەو کەسانە هەڵبوەشێنێتەوە کە بە تاوانی کوشتن سزا دراون، ڕێگری لە پەرەسەندنی توندوتیژیەکان بکەن، جێگای سەرنجە لە کەیسەکانی وەک کۆکردنەوەی هاوکاری نەقدی بۆ زیندانییەک کە لە بوکان بە تاوانی کوشتن لە سەردەمی ڕاپەڕینی ژن ژیان ئازادیدا سزای لە سێدارەدانی بەسەردا سەپێنراوە، حکومەت هەوڵی داوە ڕێگری لەم پرۆسەیە بکات بە لەناوبردنی متمانە و هاودەنگیی هاوڵاتیان، بەردەوامیی ناڕەزایەتییەکان، وەک هەڵمەتی "نا بۆ سێشەممە لە سێدارەدان" لە ناو زیندانەکان و لەسەر ئاستی کۆمەڵگە، هەنگاوێکی گرنگە و بەرەنگاربوونەوەی دیکتاتۆریەتێک پێکدەهێنێت کە هەوڵدەدات دەسەڵاتی ڕەها و ستەمی خۆی لە هۆشیاری کۆمەڵگەدا بچەسپێنێت.