کۆمەڵکوژی و کوشتنی بە ئامانج و سیاسەتی برسێتی بە ئەنقەست لە غەززە بەردەوامە
هێرشەکانی هێزەکانی ئیسرائیل بۆ سەر هاوڵاتیانی مەدەنی کۆمەڵکوژییەکی ترسناک و ژمارەیەکی زۆری گیانی ژن و منداڵی لێکەوتووەتەوە، قەیرانی مرۆیی زیاتر توندتر کردووە، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی داڕمانی سیستمی تەندروستی و کەمیی پێداویستییە سەرەتاییەکان.

ناوەندی هەواڵ
لە نێوان بەردەوامی بۆردوومان و وێرانکردنی ژێرخانەکان، دانیشتوانی غەززە بەدەست بارودۆخێکی مرۆیی کارەساتبارەوە دەناڵێنن، پەناگە و ناوەندەکانی ئاوارەیی بۆردوومان دەکرێن، هاوکات هێزەکانی ئیسرائیل برسێتی وەک چەکی شەڕ بەکاردەهێنن، ئەمە قەیرانەکە گەورەتر دەکات و ئازاری هاوڵاتیانی مەدەنی زیاتر دەکات.
٦ی ئایار، هێزەکانی ئیسرائیل دوو کۆمەڵکوژییان ئەنجامدا، دوای ئەوەی دووجار خوێندنگەیەکیان کردە ئامانج کە ئاوارەیان تێدابووە لە کامپی پەنابەرانی بوریج لە ناوەڕاستی کەرتی غەززە، بەهۆیەوە ٣١ هاوڵاتی مەدەنی کوژران، بەگوێرەی سەرچاوە پزیشکییەکانی غەززە، لە هێرشی یەکەمدا ٢٢ هاوڵاتی مەدەنی کوژراون کە لە نێویاندا منداڵ، لە هێرشی دووەمدا ٩ کەسی دیکە کوژراون، ژمارەی کوژراوانی دوێنێ دوو هێندە زیادیکردووە و گەیشتووەتە ٤٤ هاوڵاتی مەدەنی.
بەهۆی بۆردوومانەکەوە دەیان کەس بریندار بوون کە ژن و منداڵیشیان هەبووە، بەپێی سەرچاوە پزیشکییەکان، هێزەکانی ئیسرائیل بەردەوام بوون لە هێرشە ئاسمانییەکان بۆسەر ناوچە جۆربەجۆرەکانی کەرتی غەززە، لەوانە شارۆچکەی فخاری باشووری ڕۆژهەڵاتی شاری غەززە، شاری دیر بلح، گەڕەکی ئ
سوڵتان لە ڕۆژئاوای بەیت لاهیا.
لە باکووری بەیت لاهیا، هێزەکانی ئیسرائیل بەردەوام بوون لە ڕووخاندنی باڵەخانە نیشتەجێبوونەکان، هاوکات گەڕەکەکانی ڕۆژهەڵات تووشی تۆپبارانی قورس بوون.
٢٣٤ پەناگە و ناوەندی ئاوارەیی بۆردوومان کران
دوێنێ نوسینگەی ڕاگەیاندنی حکومەت ڕایگەیاند، لە سەرەتای شەڕی قڕکردنەوە لەسەر کەرتی غەززە، هێزەکانی ئیسرائیل ٢٣٤ پەناگە و ناوەندی ئاوارەبوونیان کردۆتە ئامانج، کە دوایینیان قوتابخانەی 'ئەبو هەمیسە' بوو لە کامپی پەنابەرانی بوریج لە ناوەڕاستی کەرتی غەززە، کە بەهۆیەوە دەیان کەس گیانیان لەدەستداو، ئەم هێرشانە بەشێکن لە سیاسەتێکی سیستماتیکی بۆ تووشکردنی زۆرترین ژمارەی قوربانیی مەدەنی، پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسای مرۆیی نێودەوڵەتییە.
جەختی کردەوە کە ئەم تاوانە نوێنەرایەتی درێژکردنەوەی ڕاستەوخۆی ئەو کۆمەڵکوژییە دەکات کە هێزەکانی ئیسرائیل بەردەوامن لە ئەنجامدانی، ئەو کۆمەڵکوژییانەی لە غەززە ئەنجامدەدرێن، لە کاتێکدایە کە سیستەمی تەندروستی بەهۆی لەناوچوونی نەخۆشخانەکان و دوورخستنەوەیان لە خزمەتدا تێکچووە، کارمەندانی پزیشکی لەژێر فشارێکی زۆردان،
ئەمە لەکاتێکدایە کە کەمیی زۆری دەرمان و پێداویستییەکان و داخستنی دەروازەکان بەڕووی بریندارەکاندا و ڕەتکردنەوەی چوونە ژوورەوەی سووتەمەنی.
نوسینگەکە هێزەکانی ئیسرائیلی بە بەرپرسیار زانی لەوەی لە کەرتی غەززە ڕوودەدات، تۆمەتبارکردنی ئەو کۆمەڵکوژییە ترسناکانەی کرد کە ڕۆژانە دەیان قوربانی لێدەکەوێتەوە، داوای لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و مرۆڤ کرد هەنگاوی بەپەلە بگرنەبەر بۆ وەستاندنی شەڕ و کۆتایی هێنان بە ئەو خوێنانەی لە کەرتی غەززە دەڕژێن.
سیاسەتێکی برسێتی بە ئەنقەست
دەزگای فریاگوزاری و کارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەرانی فەلەستین 'ئونراو' هێزەکانی ئیسرائیلی تۆمەتبارکرد بە پەیڕەوکردنی سیاسەتی برسێتی بە ئەنقەست و پاڵنەرێکی سیاسی دژی دانیشتووان، ئەوەی ڕوودەدات بە "دڕندەیی ڕەها" پێناسەکرد، جەختی کردەوە کە ناتوانرێت برسێتی لە ڕێگەی بەکارهێنانی یارمەتییە مرۆییەکان وەک چەکێک چارەسەر بکرێت.