لە سلێمانی کۆڕێک بۆ ناساندنی پەرتوکی "ژنۆلۆژی باشوور" ڕێکخرا
لە ناوەندی ئەرشیف، توێژینەوە و پەرتوکخانەی ژنی کورد، لە کۆڕێکدا بەئامادەبوونی ژمارەیەک لە ژنانی نووسەر و چالاکوان ناساندن بۆ پەرتوکی"ژنۆلۆژی باشوور" ئەنجامدرا.

هێرۆ عەلی
سلێمانی- دوانیوەڕۆی ٦ی ئایار، لە ناوەندی ئەرشیف، توێژینەوە و پەرتوکخانەی ژنی کورد، لە سلێمانی، کۆڕێک بۆ ناساندنی پەرتوکی" ژنۆلۆژی باشوور" سازکرا، کە ناساندنی پەرتوکەکە لەلایەن سنوور ڕەحمان، نوسەر، شیرین تاهیر، نوسەرەوە بوو، سەرەتایی کۆڕەکەش بەساتێک وەستان بۆگیانی شەهیدان دەستی پێکرد، لە کۆتایشدا بە گفتوگۆیەکەی کراوە لە نێوان نووسەرەکان و ئامادەبووان کۆتایی بە ناساندنەکە هات.
سنور ڕەحمان، نووسەر وتی: ئەم کۆڕە پێشکەشی ناگیهان ئاکارسەل دەکەم، بۆئەو هەوڵ و تێکۆشانەی کە پێشکەشی کردووین، ساڵی ٢٠١٩ کاتێک دێتە هەرێمی کوردستان بەمەبەستی دەرخستنی ڕاستی و مێژووی ژندێت، بۆیە ئەم دانیشتنە پێشکەشی ئەو دەکەم، سەبارەت بە گۆڤاری ژنۆلۆژیش وتیشی: گۆڤاری ژنۆلۆژی لە ٨ی ئاداری ٢٠١٦ یەکەم ژمارەی دەرچوو کە تا ئێستا ٣٣ ژمارەی لێ دەرچووە، لە ساڵی ٢٠٢١دا دوای گفتۆگۆیەکی چڕ لە سەر ناوەڕۆک و فۆڕمی چاپکردنی دواتر لەلایەن شەهید ناگیهان ئاکارسەل پێشنیار کرا کە لە هەرچوار پارچەی کوردستان بە دیدێکی ژنانە بنوسرێتەوە، بۆیە هەندێک لە ژمارەکانی ژنۆلۆژی تایبەت کرا بە پارچەکانی کوردستان، ژمارەی ٣١ی تایبەتە بە باشووری کوردستان.
شیرین تاهیر، نوسەر، ڕایگەیاند: گرنگە کە ژنان ژنۆلۆژی باشوور بخوێننەوە، هەروەها لە زۆرلاوە قسە لەسەر دۆخی باشوور دەکات و کۆمەڵگەکەی دەخوێنێتەوە وەک خەزێنەیەک وایە بۆ تێڕوانینمان لە کێشەی ژن بەتایبەت ئەو کێشانەی کە لە باشوور هەیە بۆ ژنان، هەروەها وتی، ژنۆلۆژی باشوور بەتەنها گرنگی بەلایەنی ڕەگەزی ژن نەداوە، بەڵکو گرنگی بەلایەنی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووریداوە، بەئاگاهێنانەوەیەکیشە کە لەدەرگای هەموو ژنان دەدات، بەتایبەتی ئەو ژنانەی کە خەباتیان لە ڕزگاری نەتەوەیدا هەیە و خەباتیان کردووە، هەروەها لە جۆری کێشەکاندا فرەلایەن لە دۆخی ژنانی باشوور دەکۆڵێتەوە، هەموو جۆرەکانی توندووتیژی و زیادبوونی توندووتیژی بەرامبەر ژنان لەباشوور، دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەوەی ژنان لەم بەشەدا نەیانتوانیوە خۆیان ڕێکبخەن بۆ ئەوەی تێکۆشانێکی ڕەگەزی و نەتەوەیی و چینایەتی پێکەوە گرێبدەن، واتە دابڕانێکی فکری درووست بکەن کە تایبەتبێت بەڕەوشی ژنانی کوردەوە.
شاناز هیرانی، نووسەر، باسی ئەنجامدانی ئەم جۆرە کۆڕەی کرد، وتی: ئەنجامدانی ئەم کۆڕانە گرنگن، پێویستە ئەم کۆڕانە گشتگیرتر و فراوانتربکەین، بۆئەوەی بتوانین لە شوێنە داخراوەکان بیهێنینە دەرەوە، لەبەرئەوەی کۆمەڵگە پێوویستی بەم جۆرە کۆڕ و سیمینار و هۆشیارکردنەوەی ژن هەیە، یەکێک لە خەوشە هەرە سەرەکیەکانی ئێمەی ژن ئەوەیە هەتا ئێستا نەمان توانیوە ژنان لە چەندین ڕووەوە هۆشیاربکەینەوە، تەنانەت ژنان لەسەر بابەتی ماف و ئەرکەکانیشان هۆشیارنین، هەروەها لە ڕووی یاسایشەوە هۆشیارنین کە چۆن بتوانن پارێزگاری لە خۆیانی پێبکەن لەبابەتی توندووتیژی، ئازادبوونی ئەقڵیەتی ژن، ئەم بابەتانەش هەمووی پێوویستن بۆژن بەتایبەتی لە باشووری کوردستان کە تائێستا جۆرێک لە زیهنیەت هەیە کە زاڵە بەسەر بیرکردنەوەی تاکەکاندا، کە پێیان وایە ژن دەبێت لەچوارچێوەیەکدا بژین کەجگە لە هەندێک ئازادی کە خۆی پێیدەبەخشێت، ناتوانێ لەڕووی ئەقڵەوە ئازادبێت.
لە کۆتایی قسەکانیشیدا وتی: حەزدەکەم بەدیبەیت و کۆنفرانسی گەورە لە شوێنی کراوە دەست بۆ ئەو بابەتانە ببەین کە قەدەغەن و باس نەکراون لەناو کۆمەڵگەی کوردیدا، بۆیە دەست بردن بۆ مەسەلەی ئازادی ئەقڵیەتی ژن مەسەلەیەکی زۆر گرنگە و لەسەر ژنان پێوویستە گرنگانەتر دەست بۆ ئەو بابەتە ببەن.