سەرەڕای تێکچوونی باری تەندروستی وریشە مورادی بەردەوامە لە وەرنەگرتنی چارەسەر
دەسەڵاتدارانی زیندانی ژنانی ئێڤین ڕەتیانکردەوە ئەو چالاکوانە مافی ژنان ڕەوانەی نەخۆشخانە بکەن بۆ چارەسەرکردن، هەرچەندە پێویستی بە نەشتەرگەرییەکی بەپەلە بوو.

ناوەندی هەواڵ
تەندروستی وریشە مورادی، چالاکوانی مافەکانی ژنان، کە لە زیندانی ئێڤین دەستبەسەرە، بە هۆی ڕەتکردنەوەی چارەسەری پزیشکییەوە، وردە وردە بەرەو خراپتر دەچێت.
هەرچەندە وریشە مورادی، چالاکوانی مافی ژنان لە کاتی دەستبەسەرکردنی لە زیندانی ئێڤینی تاران تووشی تێکچوونی بارودۆخی تەندروستی بووە، تووشی ئینزلاقی دیسکی کەمەر و بڕبڕەی پشتی ملی بووە، بەڵام بەگوێرەی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هینغاو، سەرەڕای ڕاسپاردەی پزیشکەکان بۆ نەشتەرگەری بەپەلە پێش پێنج مانگ، بەرپرسانی زیندان ڕەتیانکردووەتەوە ڕەوانەی نەخۆشخانە بکەن.
پێشتر وریشە مورادی دوای مانگرتن لە خواردنی ٢٠ ڕۆژە بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە مەرجەکانی دەستبەسەرکردنی ڕەوانەی زیندان کرا، بەڵام پزیشکانی زیندان نەیانتوانی چارەسەری پێویست بۆ تێکچوونی تەندروستی بۆ دابین بکەن.