گەرمای مانگی تەمموز کاریگەری لەسەر٪٨١ دانیشتووان هەبووە

بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما کاریگەری لەسەر ٦.٥ ملیار کەس زیاتر هەبووە، بەهۆیەوە نەخۆشییەکان زیادیکردووە و چەندین کەس گیانیان لەدەستداوە.

ناوەندی هەواڵ

 

لە مانگی تەمموز، لە هەر پێنج کەسێک چواریان لانیکەم ئەزموونی ڕۆژێک پلەی گەرمی سەروو ئاستی ئاساییان بەخۆوە بینیووە، مانگی تەمموز بە گەرمترین مانگ دادەنرێت کە تا ئێستا تۆمارکرابێت، هەرچەندە تا ئێستا بە فەرمی لەلایەن دەزگاکانی کەشناسی فیدراڵیەوە ڕانەگەیندراوە.

 

شیکارییەک بۆ پلەکانی گەرمی ڕۆژانە لە ٤ هەزار و ٧٠٠ شاردا دەریخستووە، بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا لە مانگی تەمموزدا کاریگەری لەسەر ٦.٥ ملیار کەس یاخود ٨١٪ی دانیشتوانی جیهان هەبووە.

 

ڕاپۆرتە شیکارییەکە ئەمڕۆ چوارشەممە لەلایەن ڕێکخراوی کلایمێت سێنتڕاڵەوە بڵاوکراوەتەوە، کاریگەرییەکانی بە بەکارهێنانی پێوەرەکانی گۆڕانی کەشوهەوای پێوانە کردووە، زانایانی کەشوهەوا لە زانکۆی ویلایەتی ئەریزۆنا ڕایانگەیاندووە، مانگی تەمموز گەرمترین مانگە کە لە هەر شارێکی ئەمریکا تۆمارکراوە.

 

ئەو ڕاپۆرتە دەریخستووە، گەرمبوونی جیهان بەهۆی سووتانی سووتەمەنی بەردینی و پسیبوونی کەشوهەوا، شەپۆلی گەرمای ئەوروپا ٤.٥ پلە، ئەمریکا و مەکسیک ٣.٦ پلە و چین ١.٨ پلە گەرمتر کردووە.

 

لە مانگی تەمموزدا، ژمارەیەکی بەرچاوی خەڵکی ئەمریکا پێویستیان بە چاودێری پزیشکی هەبووە، ڕێژەی سەردانیکردنی ژووری فریاکەوتن بەهۆی گەرما لە باشووری ڕۆژئاوا بۆ نزیکەی هەزار کەس لە هەر ١٠٠ هەزار کەسێک بەرزبووەوە.

 

ساڵانە گەرما دەبێتە هۆی گیان لەدەستدانی ژمارەیەکی بەرچاوی خەڵک زیاتر لە هەر کارەساتێکی دیکەی ژینگەیی، لە ئەمریکا ساڵانە زیاتر لە ٧٠٠ کەس بەهۆی گەرماوە دەمرن، ژمارەیەکی دیکەش بەهۆی گەرماوە ڕووبەڕووی کێشە تەندروستیییەکانی دیکەی وەک کێشەکانی دڵ و سییەکان دەبنەوە، ڕێژەی نەخۆشی پەیوەست بە گەرما بەرزبووەتەوە بۆ ١٢٤٨ کەس لە هەر ١٠٠ هەزار کەسێک.