تاڵیبان ئاگری لە ئامێر مۆسیقییەکانی وڵاتەکەی بەردا

لە شاری هیراتی ئەفغانستان، زۆرینەی ئامێرە مۆسیقییەکان لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە کۆکرانەوە و سووتێنران.

ناوەندی هەواڵ

 

میدیا ناوخۆییەکانئ ئەفغانستان بڵاویانکردەوە، پۆلیسی ئایینی کە لەلایەن تاڵیبانەوە جێگیرکراون، ئاگریان لە دەیان ئامێری مۆسیقا بەرداوە کە بە هۆکاری "بە لاڕێدابردنی کۆمەڵگە" دادەنرێت.

 

وەزارەتی بڵاوکردنەوەی فەزیلەت و رێگریکردن لە خراپەکاریی کە سەر بە بزووتنەوەی تاڵیبانە بڵاویکردەوە، "بە دروشمی فەرمان بە چاکە و رەتکردنەوەی خراپە ئامێرە مۆسیقییەکانی شاری هیرات سووتێنراون."

 

شاری هیرات سێیەمین گەورە شاری ئەفغانستانە ئەو ئامێرانەی لەلایەن تاڵیبانەوە سووتاون بریتین لە ئامێرەکانی، گیتار،ھارمۆنیکا و تەپڵ و چەند ئامێرێکێ دیکە جگە لە ئامێرەکانی بڵندگۆ کە بەشێکیان لە هۆڵەکانی هاوسەرگیری کۆکرابوونەوە.

 

وتەبێژی وەزارەتەکەش وتوویەتی، "میوزیک دەبێتە هۆی گەندەڵی ئەخلاقی" و ژەنینی ئامێرەکان "دەبێتە هۆی ئەوەی گەنجان بەلاڕێدا بەرن بۆیە بڕیاری سووتاندنیان دراوە".

 

لە ساڵی ٢٠٢١ تاڵیبان مۆسیقای لە شوێنە گشتییەکان قەدەغە کرد، مۆسیقاژەنان لە سێدارە دراون و ئامێرە مۆسیقییەکان بە بەردەوامی دەستیان بەسەردا دەگیرێت و دەسوتێنرێن.