ئیسرائیل منداڵێکی دیکەی فەلەستینی کوشت

محەمەد فەرید شێڤکی تەمەن ١٥ ساڵی فەلەستینی لە ئەنجامی تەقەی هێزەکانی ئیسرائیل کوژرا و فەلەستینییەکان ئاماژەیان بەوە کرد، ئۆپەراسیۆنەکانی کوشتنی ڕۆژانە لەلایەن ئیسرائیلەوە، پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانە.

ناوەندی هەواڵ

 

لە بەیاننامەیەکی نووسراوی وەزارەتی تەندروستی فەلەستین، ئاماژە بەوە کراوە، محەمەد فەرید شێڤکی تەمەن ١٥ ساڵانی فەلەستینی، لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی ئیسرائیل لە باشووری ئەلحەلیل لە شارۆچکەی عیسو سامو گیانی لەدەست داوە، سوپای ئیسرائیل لە هەژماری میدیایی خۆی بانگەشەی ئەوەی کردووە، کە ئەو کوڕە تەمەن ١٥ ساڵە بە هۆی هەوڵدان بۆ ئەنجامدانی هێرش بە ئامێری بریندارکار کوژراوە.

 

فەلەستینییەکی دیکەش بە هەمان پروپاگەندە کوژرا

سوپای ئیسرائیل دوێنێ لە ڕۆژهەڵاتی قودس و لە شاری ئەلخەلیل دوو کەسیان کوشت کە یەکێکیان منداڵ بوو، بەپێی ڕاگەیاندنی سوپای ئیسرائیل، کوشتنی ئەو منداڵە فەلەستینییە لە ئەلحەلیل بە هەمان پڕوپاگەندەی 'هەوڵدان بۆ هێرشکردن بە چەک' ئەنجامدراوە و لە ڕاگەیەندراوەکەشدا وردەکاری ڕووداوەکەی نەخستەڕوو و وێنەی چەکەکەشیان بڵاوکردەوە، هەروەها هیچ زانیارییەکی لەبارەی ناسنامەی ئەو منداڵە فەلەستینییە نەداوە.

 

"بێدەنگی نێودەوڵەتی هانی ئیسرائیل دەدات بۆ بەردەوامبوون لە تاوانەکانی"

نەبیل ئەبو ڕوداینە، وتەبێژی وەزارەتی دەوڵەتی فەلەستین، لە بەیاننامەیەکی نووسراودا، ئیدانەی ئەو تاوانانەی کرد کە حکومەتی ئیسرائیل لە کەرتی ڕۆژئاوا ئەنجامی داوە و بێدەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و لێپرسینەوە نەکردنی بە هۆکاری بەردەوامیدان بە تاوانەکان دژی فەلەستین لەلایەن ئیسرائیلەوە لە قەڵەمدا.

 

نەبیل ئەبو ڕوداینە تیشکی خستەسەر کوشتنی گەنجانی شارەکانی ئەلخەلیل و قودس لەلایەن ئیسرائیلەوە و وتی: هێزەکانی ئیسرائیل بە ئۆپەراسیۆنی کوشتنی ڕۆژانە یاسا نێودەوڵەتییەکان پێشێل دەکەن، ئۆپەراسیۆنی کوشتن، ئینفاز لە هەرێمەکاندا، هەڵکوتانە سەر شار و گوند و کەمپەکان و پێداگری لەسەر بەردەوامبوونی سزای توند و گشتی دژ بە گەلەکەمان و هەموو ئەمانە پێشلکارین و شەرعییەتیان لە مرۆڤایەتی و یاسای نێودەوڵەتی وەرنەگرتووە.

 

نەبیل ئەبو ڕوداینێ سەرەتا داوای لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان (UN) کرد، ئەو ڕێکخراوە نێودەوڵەتیانەی کە پێویستە ئاسایش بۆ گەلی فەلەستین فەراهەم بکەن و ئەم بڕیارە جێبەجێ بکەن، داوای لە ئیدارەی ئەمریکا کرد پێش ئەوەی هەموو شتێک تەواو بێت دەستوەردان بکات.