قەیرانی دەرمان لە ئێران ئازارەکانی ژنان توندتر دەکات

قەیرانی دەرمان لە ئێران بۆتە دەرکەوتێکی توندی شکستی سیاسەتە ئابوورییەکان و گرانبوون و کەمی دەرمانی درێژخایەن مەترسی لەسەر ژیانی نەخۆشەکان دروست کردووە، ژنان وەک زیانبەرکەوتووی سەرەکی ئەم جیاکارییە پێکهاتەییە دەمێننەوە.

سایە موحبی

 

مهاباد-قەیرانی دەرمان بووەتە یەکێک لە دیارترین دەرکەوتەکانی شکستی پێکهاتەی ئابووری و ئیداری ئێران لەمساڵدا، هروەها هەڵوەشاندنەوەی لەناکاوی یارمەتییە نەختینەییەکانی پێویستی، لەگەڵ سیاسەتی دراوی ناجێگیر و پشتبەستنی زۆری پیشەسازی دەرمان بە هاوردەکردن، بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی بێ وێنەی نرخی دەرمان، ئەمەش کاریگەرییەکی زۆری لەسەر دەستڕاگەیشتن بە دەرمانی پێویست و ڕزگارکەری ژیان لەسەر نەخۆشەکان هەبووە.

 

بەپێی سزا سەپێندراوەکان و کەڵەکەبوونی قەرزەکانی حکومەت بە کۆمپانیاکانی دەرمانسازی، بەرهەمی ناوخۆی لەکار کەووتوە و قەیرانی دەرمانی وڵاتەکەی زیاتر کردووە، نەبوونی چاودێری کاریگەر و پەرەسەندنی بازاڕی ڕەش، ئازاری نەخۆشەکان و خێزانەکانیان زیاتر کردووە، لەگەڵیشیدا، بەرزبوونەوەی نرخەکان چیتر تەنها لە دەرمانی تایبەتمەنددا سنووردار نییە، بەڵکو کاریگەری لەسەر تەنانەت سەرەتاییترین بەرهەمە چارەسەرییەکانیش هەبووە.

 

ئەم قەیرانە نوێنەرایەتی داڕمانی وردە وردەی سیستەمی بیمەی تەندروستی و یارمەتییەکانی ئێران دەکات و بە تایبەتی ژنان لە ئەنجامی ئەم هەلومەرجەدا ڕووبەڕووی کاریگەری ئاڵۆزتر دەبنەوە، ئەوان زۆرترین کاریگەری کەمی دەرمان و بەرزبوونەوەی تێچووی چارەسەرکردنیان لەسەرە، ئەمە لەکاتێکدایە کە بەڕوونی پشتگوێخستنی ئازارەکانیان لەلایەن دەسەڵاتە پەیوەندیدارەکانەوە کە لە زیادبووندایە.

 

ڕاستیەکی تاڵ ژیانی ئێرانییەکان دەخاتە مەترسییەوە

دەگمەنە لەم ڕۆژانەدا، دەرمانخانە بەجێبهێڵیت بەبێ ئەوەی هەست بە سەرسوڕمان نەکەیت، زۆرێک گلەی ئەوە دەکەن کە چارەسەرکردنێکی سادە دەتوانێت لە نێوان ٣٠٠ بۆ ٥٠٠ هەزار تمەنی تێبچێت، ئەمەش بڕە پارەیەک کە زۆرێک پاڵدەنێت بۆ ئەوەی بە تەواوی سەردانی پزیشکان نەکەن.

 

بەپێی زانیارییەکان، نرخی دەرمان لەمساڵدا تا ٪٦٥٠ بۆ هەندێک جۆری دەرمان بەرزبووەتەوە، لەکاتێکدا، کۆمپانیاکانی بیمە تەنها بەشێکی کەمیان لەم بەرزبوونەوەیە لە ئەستۆ گرتووە، دەریا. ف، دەرمانساز ڕوونیکردەوە، کە کۆمپانیاکانی بیمە پێش جێبەجێکردنی هەر بەرزبوونەوەی نرخێک، پێویست بوو نرخەکان لە سیستەمەکانیاندا نوێ بکەنەوە، بەڵام ئەمە ڕووی نەدا، لە ئەنجامدا هاوڵاتیان تێچووی تەواوی زیادکردنەکە لە ئەستۆ دەگرن.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، دامەزراوەکانی بیمە، وەکو ئاسایشی کۆمەڵایەتی، بە تەواوی و لە کاتی خۆیدا پارەی دەرمانخانەکانی نەداوە، ئەمەش وایکردووە دەرمانسازەکان نەتوانن دەرمانی زۆر دابین بکەن، ئەمەش ئەو قەیرانە ئاڵۆزتر دەکات کە نەخۆشەکان ڕۆژانە ڕووبەڕووی دەبنەوە.

 

دەرمان شتێکی خۆشگوزەرانیە کە بۆ هەموو کەسێک بەردەست نییە

لە نێو کەمی دەرمانی بیانی لە ئێران، هەروەها بازاڕی ناوخۆش بەدەست کەمی دەرمانی بەرهەم هێنراوی ناوخۆییەوە دەناڵێنێت، ئەمەش قەیرانێکی بێ وێنەی لە دابینکردنی چارەسەری زۆرێک لە نەخۆشییەکانی بەدواوە بووە، بەپێی ڕاگەیاندراوە فەرمییەکان، وڵاتەکە لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠٢٤ و سەرەتای ئەمساڵدا، کەمی توندی نزیکەی ٤٧٠ جۆری دەرمانی بەخۆیەوە بینیوە.

 

لەوانە دەرمانی چارەسەری کیمیای بۆ تووشبووانی شێرپەنجە، دەرمانی نەخۆشی ئیسکەلەرۆسیس "MS" و نەخۆشیەکانی بەرگری خۆکار، هۆکارەکانی مەین بۆ نەخۆشانی هیمۆفیلیا، دەرمانی کەمخوێنی بۆ نەخۆشانی تالاسیمیا، دەرمانی دڵ و خوێنبەرەکان، دەرمانی هەناسەدان، و دەرمانی دژە تەنگەنەفەسی، جگە لە دەرمانی دەگمەن و بەرهەمی میتابۆلیک بۆ منداڵان و کۆرپەلەی خاوەن پێداویستی تایبەت، تەنانەت هەندێک دەرمانی ڕۆژانەی وەک وەک دژە زیندەی و ئازارشکێن.

 

ئەم کەمی زۆرە شەپۆلێکی دڵەڕاوکێ و گێژاوی لە نێو خێزانەکاندا دروست کردووە، فائزە. س، کە دوو نەشتەرگەری دڵی بۆ کراوە، نیگەرانی قوڵی خۆی دەربڕی سەبارەت بە بێتوانای لە دەستەبەرکردنی دەرمانەکانی و ناچاربوون بە کڕینی دەرمانەکانی لە وڵاتانی دراوسێ.

 

سەبارەت بە زیبا. ت، کە تووشی نەخۆشی ئیسکەلەرۆسیس بووە، باسی لە پەنابردن بۆ بازاڕی ڕەش کردووە بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخەکان، هەروەها جەلالە. ک، دایکی منداڵێکی تووشبوو بە تالاسیمیا، ئاماژەی بە ململانێی خۆی کردووە بۆ دەستەبەرکردنی چارەسەر بۆ منداڵەکەی، ترسی بەردەوامی خۆی لە ژیانی منداڵەکەی دەربڕی.

 

نەبوونی چاودێری و زیادبوونی قەرزەکان مەترسی لەسەر ژیانی نەخۆشەکان دروست دەکات

نادا. ئا، پزیشکی گشتی وتی: لە دەرمانی تایبەتەوە تا شیری منداڵان و ڤیتامینەکان، کوالیتی بەرهەمی ناوخۆی نزمە، لەگەڵ ئەوەشدا تەنها بەردەستبوونی ئەم بەرهەمانە شتێکە کە دەبێت سوپاسی بکرێت.

 

لە ماوەی ڕابردوودا، پزیشکان بە دەگمەن دەرمانی ئێرانیان بۆ حاڵەتە پزیشکییەکان دەنووسی، بەتایبەتی ئەوانەی کە نەخۆشی تایبەتیان هەبووە، ئەمڕۆ بەهۆی سزاکان و کەمی دەرمانەوە هیچ بژاردەیەکی تریان لەبەردەستدا نییە، لە هۆکارە ڕاستەقینەکانی ئەم قەیرانە حاڵەتەکانی وەک گیانلەدەستدانی ٧٢ نەخۆش کە شۆردنی گورچیلەیان بۆ دەکرێت بەهۆی بەکارهێنانی دەرمانی ناستانداردەوە، هەروەها ڕاپۆرتەکان سەبارەت بە بێکاریگەری هەندێک دەرمان و زیادبوونی ئەگەری کاریگەری لاوەکی.

 

سۆما. م، وتی: دەرمانە بیانییەکان کاریگەرتر بوون بۆ تەندروستیم، بەڵام هەرکاتێک دەرمانی ناوخۆیی بەکاربهێنم، هەست بە باشتربوون ناکەم، کاریگەرییە لاوەکییەکانیش خراپتر دەبن.

 

کەمی درێژخایەنی دەرمان وایکردووە کە تاکەکان و ڕێکخراوە خێرخوازیەکان یارمەتی گەشتیارانی دەرەوەی وڵات وەربگرن بۆ دابینکردنی ئەم دەرمانانە، هەرچەندە بەدەستهێنانیان زۆر گرانە، بەڵام بۆ هەندێک لە نەخۆشەکان تاکە بژاردەیە بۆ مانەوە.

 

ژنان لە نێوان داڕمانی تەندروستیدا بەدوای چارەسەردا دەگەڕێن

زۆرێک لە ژنانی چینی ناوەند ناچار بوون قەرز وەربگرن و سەروەت و سامانەکانیان بفرۆشن بۆ ئەوەی پێداویستییە پزیشکییەکانیان دەستەبەر بکەن، لە نێو چینە هەژارەکاندا، هەندێک لە ڕێکخراوە خێرخوازیەکان و ڕێکخراوە ناحکومییەکان پشتیوانییەکی سنووردار دەکەن، بەڵام مۆتەکەی مردن بەردەوامە لە هێرشکردنە سەر ژنانی بەساڵاچوو و بژێوی خێزانەکانیان و ژنانی پەراوێزخراو کە لە ئێراندا پشتیوانییەکی کەم یان هیچ پشتیوانییەکیان نییە.

 

سیاسەتە ئابوورییە شکستخواردووەکان و دابەشکردنی نایەکسان بە شێوەیەکی سیستماتیکی ژنانی خستۆتە مەترسییەوە، لە لایەک ئەم ڕاستیە پاڵی پێوەناون پشت بە گیا و چارەسەری ماڵەوە ببەستن، لە لایەکی تریشەوە گرانبوونی نرخ و سنوورداربوونی دەستڕاگەیشتن بە دەرمان، هەڕەشەی ڕاستەقینەی بۆ سەر ژیانیان دروست کردووە.

 

لە نەبوونی پشتیوانی فەرمیدا، ناوەندە تەندروستییە کەم سەرچاوەکان و فرۆشگە گیاییە ناوخۆییەکان بوونەتە تاکە پەناگە بۆ بەشێک لە ژنان، لە کاتێکدا، کە پێکهاتەکانی ئێستا پێشنیاری ئەوە دەکەن کە ژیان و تەندروستی ئەوان لە پێشینەی کارەکانی ڕژێمدا نییە.