قەدەغەی خوێندنی ژنانی گەنج ٢٥ هەزار مامۆستاو کارمەندی تەندروستی ژن لە ئەفغانستان بێکار دەکات
یونیسێف هۆشداریدا، لە بەردەوامی قەدەغەکردنی خوێندن و دامەزراندنی ژنان لە لەلایەن تاڵیبانەوە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی ٢٠ هەزار مامۆستای ژن و پێنج هەزارو ٤٠٠ کارمەندی تەندروستی، ئەمەش قەیرانێکە مەترسی لەسەر پەروەردە و تەندروستی و ئابووری وڵاتەکە هەیە.
ناوەندی هەواڵ
دەرئەنجامەکانی ڕەتکردنەوەی خوێندنی ژنانی گەنج لە ئەفغانستان بەرەو هەڵکشان دەچێت و لە بڕیارێکی تەنها سیاسییەوە دەگۆڕێت بۆ قەیرانێکی قووڵی کۆمەڵایەتی و ئابووری کە مەترسی لەسەر داهاتووی وڵاتەکە دروست دەکات، لە دوای سەپاندنی سنووردارکردنێکەوە کە ڕێگری لە ناونوسکردنی ژنانی گەنج لە قوتابخانە ناوەندییەکان و زانکۆکان دەکات، هۆشدارییە نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بە پەراوێزخستنی تەواوی نەوەیەک چڕتر بووەتەوە.
یونیسێف لە ڕاپۆرتێکی نوێدا ڕایگەیاند، ئەفغانستان لە دوو کەرتی سەرەکی ”پەروەردە و تەندروستی” ڕووبەڕووی قەیرانێکی قووڵی مرۆیی و پێکهاتەیی بووەتەوە لە ئەنجامی سیاسەتە بەرتەسککەرەوە بەردەوامەکانی تاڵیبان دژی ژنان و منداڵانی کچ، ئەگەر ئەم ڕەوتە بەردەوام بێت، قەیرانەکە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی زیاتر لە ٢٥ هەزار ژنی پیشەگەر تا ساڵی ٢٠٣٠.
بە پێی ئەم ڕاپۆرتە قەدەغەکردنی خوێندنی منداڵانی کچ لە دەرەوەی پۆلی شەشەم و دوورخستنەوەی ژنان لە بەشێکی زۆری بازاڕی کار وایکردووە ئەفغانستان وردە وردە هێزی کاری ژنان لەدەست بدات. جگە لەوەش ئەگەری مەشقی نەوەی نوێی ژنی مامۆستا و پزیشک و پەرستار و مامان و توێژەری کۆمەڵایەتی نەهێشتووە.
یونیسێف ئەم دۆخەی بە "قەیرانی دوو هێندە" پێناسە کرد، کە خزمەتگوزارییە سەرەکییەکانی ئەمڕۆی پەکخستووە و وڵاتەکەی لە هێزێکی کاری لێهاتوو لە داهاتوودا بێبەش دەکات.
ئاماژەی بەوە کردووە، ئەگەر سنووردارکردنی ئێستا هەڵنەگیرێت، ئەفغانستان تا ساڵی ٢٠٣٠ نزیکەی ٢٠ هەزار مامۆستای ژن لەدەست دەدات. ئەمەش لە کاتێکدایە کە سیستەمی پەروەردەی ئەفغانستان لە ئێستاوە ڕووبەڕووی کەمیی بەرچاوی مامۆستای ژن بووەتەوە، چونکە زۆرێک لە خێزانەکان بەتایبەتی لە ناوچە نەریتییەکان ئامادە نین کچەکانیان بنێرن بۆ قوتابخانە ئەگەر مامۆستای ژن ئامادەنەبن، ئەم کەمیی مامۆستایە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی زیاتری وەرگرتنی منداڵانی کچ لە قوتابخانەکان و خراپترکردنی نەخوێندەواری و بێبەشکردنی تەواوی نەوەیەکی منداڵان لە مافی خوێندنی سەرەتایی.
یونیسێف هۆشداریدا، لەوەی کە کەرتی تەندروستی لە ئەفغانستان ڕووبەڕووی گورزێکی سەخت بووەتەوە، ڕێکخراوەکە مەزەندەی دەکات کە بە لانیکەم ٥٤٠٠ ژن کە لە کەرتی تەندروستی کاردەکەن تا ساڵی ٢٠٣٠ کارەکانیان لەدەست دەدەن و ئەم ژمارەیەش دەتوانێت تا ساڵی ٢٠٣٥ بۆ ٩٦٠٠ ژن بەرزبێتەوە.
لە کۆمەڵگەیەکدا، کە بە هۆکاری کولتوورییەوە زۆرێک لە ژنان ناتوانن ڕاوێژ بە پزیشکی پیاو بکەن، کەمبوونەوەی ژمارەی پزیشک و پەرستار و مامانی ژنان ڕاستەوخۆ دەستڕاگەیشتن بە چاودێری تەندروستی ژنان سنووردار دەکات، بەتایبەتی لە بوارەکانی تەندروستی منداڵبوون و چاودێری تازەلەدایکبووان.
جەخت لەوە کراوەتەوە، کە دەرئەنجامەکانی ئەم سیاسەتانە لە دەرەوەی بواری مرۆیی درێژدەبێتەوە، ئابووری ئەفغانستان ساڵانە باجێکی قورس دەدات بەهۆی دوورخستنەوەی ژنان لە خوێندن و بازاڕی کار، بەگوێرەی ئاماری یونیسێف، بەردەوامبوونی ئەم سنووردارکردنانە دەبێتە هۆی زیانێکی ساڵانە بە بڕی ٨٤ ملیۆن دۆلار بۆ ئابووری ئەفغانستان کە یەکسانە بە لە ٥٠٪ی بەرهەمی ناوخۆیی ئەو وڵاتە.
شارەزایان پێیان وایە ئەم زیانە لە ساڵانی داهاتوودا خراپتر دەبێت لەگەڵ دابەزینی زیاتری هێزی کاری لێهاتوو و کەمبوونەوەی بەرهەمهێنان و زیادبوونی پشتبەستن بە یارمەتییە مرۆییەکان لەلایەن خێزانەکانەوە.
بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، کە لەو کاتەوەی تاڵیبان لە ساڵی ٢٠٢١ گەڕایەوە سەر دەسەڵات و قەدەغەکردنی خوێندنی ناوەندی بۆ منداڵانی کچ سەپاند، زیاتر لە یەک ملیۆن منداڵی کچ لە مافی بەردەوامبوونیان لە خوێندن بێبەشکراون، ئەم ژمارەیە تا ساڵی ٢٠٢٣ بەرز دەبێتەوە بۆ زیاتر لە دوو ملیۆن لە ئەگەر ئەم دۆخە بەردەوام بێت، ئەمەش نوێنەرایەتی دەرکردنی سیستماتیکی ژنانە لە بەرهەمهێنانی زانست و شارەزایی و بەشداری کۆمەڵایەتی، پرۆسەیەک کە نەک هەر جیاوازیی ڕەگەزی قووڵتر دەکاتەوە، بەڵکو ئەفغانستانیش دەخاتە بەردەم کەمی توندی سەرچاوە مرۆییە خوێندەوارەکان لە ساڵانی داهاتوودا.
لە دوای گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ دەسەڵات، ئەو سنووردارکردنە توندانەی کە بەسەر بوونی ژنان لە قوتابخانە و زانکۆ و دامەزراوە حکومییەکان و زۆرێک لە ڕێکخراوە ناحکومییەکان سەپێندرابوون، پێکهاتەی خزمەتگوزاری گشتی لە ئەفغانستانی تێکداوە، کەرتی پەروەردە و تەندروستی کە بۆ مانەوەی کۆمەڵگەی ئەفغانستان زۆر گرنگە، زیاتر لە هەموو کەرتەکانی دیکە زیانی بەرکەوتووە بەهۆی وەدەرنانی ژنان، چونکە بوونیان لەم کەرتانەدا هەڵبژاردن نییە بەڵکو پێویستییەکی کۆمەڵایەتی و کولتوورییە.
یونیسێف داوای لە تاڵیبان کرد دەستبەجێ قەدەغەکردنی خوێندنی منداڵانی کچ و سنووردارکردنی دامەزراندنی ژنان هەڵبگرێت، هەروەها داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە بەردەوام بن لە پاڵپشتیکردنی مافەکانی ژنانی ئەفغانستان بۆ خوێندن و کارکردن لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ پێشگرتن لە داڕمانی مرۆیی لەو وڵاتەدا.
ڕێکخراوەکە هۆشداری داوە لەوەی کە ڕەتکردنەوەی ژنان لە دەستڕاگەیشتن بە خوێندن و دامەزراندن نەک هەر نیوەی کۆمەڵگە لەناو دەبات، بەڵکو ئەفغانستانیش لە داهاتوو و گەشەسەندن و سەقامگیری بێبەش دەکات.