ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ڕووبەڕووی قەیرانێکی نوێ دەبێتەوە
فەرمانبەرانی کارگێڕی و خزمەتگوزاری لە زانکۆی تاران بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بە دواکەوتنی موچە و یارمەتییەکانیان مانیان گرت، هەنگاوێک کە ڕەنگدانەوەی فراوانبوونی مەودای ناڕەزایەتییەکانی پەیوەست بەو قەیرانە داراییەی کە دامودەزگاکانی لە دوای شەڕەوە گرتووە.
ناوەندی هەواڵ
شەڕی ئەم دواییەی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان گێژاوی ئابووری بەربڵاوی لێکەوتووەتەوە، کە ئێستا کاریگەرییەکانی لە دواکەوتنی موچەی فەرمانبەران لە چەند کەرتێکی حکومیدا هەست پێدەکرێت، ئەمەش ناڕەزایی بەرفراوانی بەدوای خۆیدا هێناوە و قووڵایی ئەو قەیرانە داراییەی ڕووبەڕووی وڵات بووەتەوە ئاشکرا دەکات.
سەرچاوەکانی یەکێتییەکان ڕایانگەیاند، کە کۆمەڵێک له فەرمانبەران کارگێڕی و خزمه تگوزاری له زانکۆی تاران ٢٦ی نیسان، لە نارەزایەتی بە دواکەوتنی وەرگرتنی موچه و و نەدراوەکانیان مانیان گرت.
ئەم مانگرتنە لە کاتێکدایە کە مامۆستایانی زانکۆ و سەندیکاکانیان لە چەند دامەزراوەیەکی خوێندنی باڵا لە سەرتاسەری وڵات لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هۆشدارییان داوە لەوەی ئەگەر تا کۆتایی هەفتە موچەکانیان نەدرێت، خۆیان لە ئەنجامدانی وانەکان و بەردەوامیدان بە چالاکییە پەروەردەییەکان بەدوور دەگرن، ئێستا لەگەڵ پەیوەستبوونی فەرمانبەرانی کارگێڕی ئەم شەپۆلی ناڕەزایەتییە، قەیرانی دارایی لە سیستەمی خوێندنی باڵادا چووەتە قۆناغێکی بەرچاوترەوە.
ناڕەزایەتیی فەرمانبەرانی زانکۆی تاران تەنها بە داخوازییەکی تەسکی سەندیکاکانەوە سنووردار نییە، بەڵکو بەشێکە لە زنجیرەیەک مانگرتن و خۆپیشاندان کە لە دوای کۆتایی هاتنی بەشەکی شەڕ و لە ژێر ڕۆشنایی دانوستانە سیاسییە ناڕوونەکاندا پەرەی سەندووە، لە کاتێکدا حکومەت هەوڵدەدات بە نیشاندانی گەڕانەوەی سەقامگیری دوای چەند هەفتەیەک لە ململانێی سەربازی، بەردەوامبوونی دانوستانە دیپلۆماسییەکان لە هەمان کاتدا نیشان بدات کە کۆنترۆڵی دۆخەکە دەکات، بەڵام ڕاستی لە کامپەکانی کارگێڕی و کرێکاریدا ئاماژە بە تەواو پێچەوانەکەی دەکات، حکومەت ڕووبەڕووی قەیرانی نەختینەیی و کورتهێنانی بودجە بووەتەوە کە تەنانەت ناتوانێت سەرەتاییترین موچەی فەرمانبەرانیش بدات.
ئەو ڕاپۆرتانەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بڵاوکراونەتەوە ئاماژە بەوە دەکەن، کە دوای شەڕەکە شەپۆلێکی دەرکردن و دواکەوتنی موچە و دابەزینی بەرچاوی توانای دارایی زۆرێک لە دامودەزگا حکومی و نیمچە حکومییەکان چڕتر بووەتەوە، دوای ماوەیەکی کەم لە ئاگربەستەکە، ناڕەزایەتی کرێکارانی پاڵاوگە، خانەنشینان، مامۆستایان، کارمەندانی پزیشکی، کرێکارانی یەکەی بەرهەمهێنان لە شارە جیاوازەکاندا تۆمارکرا و دواکەوتنی موچە بووە ڕووداوێکی باو.
هاوکات ڕاپۆرتەکان لە ناوخۆی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە ئاماژە بەوە دەکەن، کە بەشێکی زۆر لە فەرمانبەرانی کەرتی پەروەردە و خزمەتگوزاری لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا موچەیان وەرنەگرتووە و لە هەندێک حاڵەتیشدا حکومەت تەنها بەشێکی موچەکەی داوە، ئەم دۆخە ئەوە دەردەخات کە قەیرانی دارایی دەسەڵاتی جێبەجێکردنی گرتووەتەوە، تەنها لە یەک وەزارەت یان زانکۆدا سنووردار نییە، بەڵکو کاریگەری لەسەر بەشێکی بەرفراوانی فەرمانبەرانی حکومەت هەبووە.
جگە لە زیانی ڕاستەوخۆی ژێرخانی ئابووری، شەڕی ئەم دواییە پاشەکشەی ئابووریی توندتر کرد و داهاتی حکومەت کەمکردەوە و بازرگانی پەکخست و خەرجییەکانی ئێستای زیادکرد، ئەم قەیرانە ئێستا لە دواخستنی موچە و هەڵوەشاندنەوەی یارمەتییەکان و بەستنی بودجەی چاودێری کۆمەڵایەتیدا دەردەکەوێت، لە لایەکی دیکەوە، بەردەوامبوونی دانوستانەکان بەبێ گەیشتن بە ئەنجامێکی ڕوون، دۆخی نادڵنیایی ئابووریی گەورەتر کردووە، ئەمەش بارگرانییەکی ڕاستەوخۆی خستۆتە سەر فەرمانبەران و کرێکاران، لەم هەلومەرجەدا دەکرێ مانگرتنی فەرمانبەرانی زانکۆی تاران بە ئاماژەیەک بۆ هاتنە ناوەوەی ناڕازیبوونی گەلان بۆ ناو دڵی حکومەت و دامەزراوە پەروەردەییەکانی ئەو وڵاتە هەژمار بکرێت.