پزیشکانی بێسنوور: ئیسرائیل لە غەززە ئاو وەک چەک بەکاردەهێنێت

ڕێکخراوی پزیشکانی بێسنوور ڕایانگەیاند، ئیسرائیل ژێرخانی ئاو و پاکوخاوێنی لە غەززە بە تەواوی وێرانکردووە و ئاو وەک چەک بەکاردەهێنێت.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێکخراوی پزیشکانی بێسنوور، سەبارەت بە ژێرخانی ئاو لە غەززە لەلایەن ئیسرائیلەوە ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوەو ئاماژە بەوەکراوە، ئیسرائیل بە ئەنقەست خەڵکی غەززە لە ئاو بێبەش دەکات و سزای بەکۆمەڵ دژی فەلەستینییەکان شەرمەزار دەکەین.

 

پزیشکانی بێسنوور ئاماژەی بە داتاکانی نەتەوەیەکگرتووەکان، یەکێتیی ئەورووپا و بانکی جیهانی کردووە، کە دەریدەخات ئیسرائیل تا ٩٠٪ـی ژێرخانی ئاو و ئاوەڕۆی لە غەززەی وێرانکردووە یان زیانێکی زۆری پێگەیاندووە.

 

هەروەها ڕاپۆرتەکە کە سوود لە شایەتحاڵی و داتای کۆکراوەی ڕێکخراوەکە لە نێوان ساڵانی ٢٠٢٤ بۆ ٢٠٢٥ وەرگرتووە، هۆشداری داوە، کە هەموو ئەمانە، دۆخی ژیانی وێرانکەر و نامرۆڤانە بەسەر خەڵکی غەززەدا دەسەپێنن.

 

کلێر سان فیلیپۆ بەڕێوەبەری باری نائاسایی لە ڕێکخراوی پزیشکانی بێسنوور لە ڕاگەیەندراوێکدا باسی لەوەکردووە، دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل دەزانن کە ژیان بێ ئاو کۆتایی دێت وتیشی: بە ئەنقەست و بە شێوەیەکی سیستەماتیک ژێرخانی ئاویان لە غەززە لەناوبردووە و  بەردەوام ڕێگریی لە چوونە ناوەوەی پێداویستییەکانی تایبەت بە ئاو دەکەن.

 

هەروەها رێکخراوی پزیشکانی بێسنوور داوای لە ئیسرائیل کرد، دەستبەجێ ئاو بۆ خەڵکی غەززە دابین بکاتەوە و داواش لە هاوپەیمانەکانی ئیسرائیل دەکات فشار لە ئیسرائیل بکەن بۆ ئەوەی دەست لە ڕێگریکردن لە دەستڕاگەیشتن بە هاوکارییە مرۆییەکان بۆ ئەو کەسانە بەربدات کە پێویستیان پێیەتی.