"قەدەغەکردنی خوێندن گەورەترین تاوانی تاڵیبانە دژی ژنان"

ئەندامانی "بزووتنەوەی شەممەی وەنەوشەیی" ڕاگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوەو ڕەخنەیان لە بەردەوامی قەدەغەکردنی خوێندنی کچان لە سەرووی پۆلی شەشەمەوە گرت، هەروەها ڕایانگەیاند کە قەدەغەکردنی خوێندن لەلایەن تاڵیبانەوە گەورەترین تاوانە بەرامبەر ژنان.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕۆژی ١٤ی تشرینی یەکەم، ئەندامانی "بزووتنەوەی شەممەی وەنەوشەیی" لەهەژماری تایبەت بە خۆیان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕاگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوەو ڕەخنەیان لە بەردەوامی قەدەغەکردنی خوێندنی کچانی سەرووی پۆلی شەشەم لە ئەفغانستان گرت و ڕایانگەیاند، قەدەغەکردنی خوێندنی کچانی سەروو پۆلی شەشەم لە ئەفغانستان لەلایەن تاڵیبانەوە تەنها پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ نییە، بەڵکو گەورەترین تاوانە بەرامبەر بەژنان.

 

لە ڕاگەیەندراوی بزووتنەوەی ناڕەزایی "شەممەی وەنەوشەیی"دا ئاماژەی بەوە کراوە، قەدەغەکردنی خوێندنی کچان لە ئەفغانستان، پێکهاتەی کۆمەڵگە لاواز دەکات و نەوەکانی داهاتوو لە دەرفەتی فێربوون و گەشەکردن بێبەش دەکات، پەروەردە ئامرازێکی بەهێزە بۆ بەهێزکردن کە ژنان دەتوانن تەحەدای نۆرمەکانی کۆمەڵایەتی و ئابووری بکەن و کاریگەرییان لەسەر پرۆسەی سیاسی هەبێت، کاتێک ژنان لە خوێندن بێبەش دەکرێن، زۆرجار لە خولگەی هەژاری و هاوسەرگیری لە تەمەنی زوودا و دەرفەتە ئابوورییە سنووردارەکاندا گیر دەخۆن، ئەوە نەک تەنها زیان بە خەڵک دەگەیەنێت، بەڵکو گەشەسەندنی نیشتمانیش زۆر خاو دەکاتەوە.

 

هەروەها داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کردووە کە لە زووترین کاتدا ڕێوشوێنی کردەیی بگرنەبەر بۆ کۆتاییهێنان بە قەدەغەکردنی خوێندنی کچان لە ئەفغانستان و نووسیویەتی: کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پابەندە بە داننان و ئیدانەکردنی ئەم پێشێلکارییەی تاڵیبان، قەدەغەکردنی خوێندنی ژنان تاوانێکی دژ بە مرۆڤایەتییە، چونکە بە شێوەیەکی سیستماتیک نیوەی دانیشتووان لە مافی گەشەکردن و پێشکەوتن بێبەش دەکات، پێویستە حکومەتەکان، ڕێکخراوە ناحکومییەکان و گروپە داکۆکیکارەکان کۆببنەوە بۆ پشتگیریکردنی ژنانی ئەفغانستان و گەورەکردنی دەنگ و پێداویستییەکانیان لە دژی ستەمکاری.

 

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە ژنانی ئەفغانستان هێشتا لە دژی ستەم و چەوساندنەوەی تالیبان وەستاون، سەرەڕای ئەم تەحەددایانە، ژنانی ئەفغانستان نەرمییەکی بەرچاویان نیشانداوە، چالاکوانان بەردەوامن لە بەرگریکردن لە مافەکانیان، زۆرجار مەترسییەکی گەورەی کەسییان لەسەرە، بوێری ئەوان بەڵگەیە لەسەر ڕۆحی هەمیشەیی مرۆڤایەتی و باوەڕبوون بە هێزی گۆڕینی پەروەردە.