لە سەیدسادق گردبوونەوەی خۆبەخشانی تەندروستی بەڕێوەچوو

خۆبەخشانی تەندروستی لە سەیدسادق، بە مەبەستی دامەزراندنیان گردبوونەوەی ناڕەزایەتییان ئەنجامدا و داوا دەكەن حكومەت مافەكانیان بۆ دابین بكات و دایانبمەزرێنێت.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ ١٥ی تشرینی یەکەم، لە بەردەم نەخۆشخانەی شەهید شەوکەوت لە شارۆچکەی سەیدسادقی سەربە پارێزگای سلێمانی، دەرچووانی بەشە پزیشكییەكان كە بە شێوەی خۆبەخش لە ناوەندە تەندروستی و نەخۆشخانەكان دەوام دەكەن بە مەبەستی دامەزراندنییان گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان ئەنجامداو بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە.

 

ئەو خۆبەخشانە لە بەیاننامەکەدا وتیان: ناوەندە تەندروستییەكان پێویستییەكی زۆری پێمانە، داوا دەكەین یەكەمین كاری كابینەی حكومەتی داهاتوو، یەكەم پڕۆژەی دەرگای دامەزراندن بێت بۆ دەرچووانی بەشە پزیشكییەكان و دەرچووانی دانەمەزراوی تەندروستی، هاوشێوەی حكومەتی عێراق كە ساڵانە دەرچووانی بەشە پزیشكییەكان دادەمەزرێنێت، وەزارەتی تەندرووستیش كاركردنی خۆبەخشی كۆتایی پێبهینێت، چیتر ناوەندە تەندروستییەكان بە خۆبەخش پڕنەكاتەوە و كۆتایی پێبهێندرێت.

 

لە كۆتایی بەیاننامەكەدا هاتووە: بە هیچ جۆرێك بێدەنگ نابین و چالاكی جۆراوجۆرمان دەست پێدەكەین، بەردەوام دەبین لە مانگرتن و گردبوونەوە تادەگەینە مافەكانمان، ئەم كابینەیەی حكومەتیش جگە لەخەم و پەژارە هیچی دیكەی بۆ كارمەندانی تەندروستی نەبووە، داوا دەكەین مافەكانمان بۆ دابین بكەن كە ئەویش دامەزراندنە بە شێوەی دادپەروەرانە.