وریشە مورادی داواکاری پزیشک بۆ گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە ڕەتدەکاتەوە

مانگرتن لە خواردنی وریشە مورادی چالاکوانی مافی ژنان، لە ڕۆژی شەشەمدا سەرەڕای ڕەتکردنەوەی داواکاری پزیشک، بەردەوامە.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک ڕایگەیاند وریشە مورادی، چالاکوانی مافی ژنان، ئەندامی کۆمەڵەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کەژار) کە لە ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی لەسێدارەدان مانگرتنی نادیاری لە خواردن دەستپێکرد ، پزیشکی زیندانی ئەڤین داوای لێدانی دەرزی سیرۆم و گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانەی لێ کردووە، بەڵام وریشە مورادی قبولی نکردووە.

 

ڕۆژی پێنجشەممە، ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤، وریشە مورادی، چالاکوانی مافی ژنان، کە زیاتر لە ١٤ مانگە لە بەندی ژنانی زیندانی ئەڤین، لە دۆخێکی نادیاردا بووە، لە ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی لەسێدارەدان، وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە دەرکردن و جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان لە ئێران دەستی بە مانگرتنێکی نادیار کرد.

 

وریشە مورادی ڕۆژی ١٢ی تشرینی یەکەم، دوو ڕۆژ دوای ڕاگەیاندنی مانگرتنە نادیارەکەی لە بەندیخانەی ئەڤینەوە، نامەیەکی بڵاوکردەوە و دەڵێت: بەردەوام دەبم لە مانگرتنە نادیارەکەم بەمەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین و هەڵوێستی ڕوون و شەفاف بەرامبەر بە هەڵمەتەکانی قەدەغەکردنی لەسێدارەدان لە سەرانسەری جیهان کە گروپ و دامەزراوە و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بە ئامانجی وەستاندنی لەسێدارەدان دەستیان پێکردووە.

 

ئەم زیندانییە سیاسییە کە بەدەست چەند نەخۆشییەکەوە دەناڵێنێت، لەوانەش ئازاری جومگە و پشت، لە چەند مانگی ڕابردوودا چەند جارێک بۆ ناوەندە پزیشکییەکانی دەرەوەی زیندان گوازراوەتەوە و خولی چارەسەری فیزیۆتێراپی دەستپێکردووە. بەڵام لەگەڵ دەستپێکردنی مانگرتن لە خواردن، پرۆسەی مامەڵەکردن لەگەڵ باری پزیشکی ئەویش ڕاگیرا و لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕەتیکردەوە ڕەوانەی چارەسەری فیزیۆتێراپی بکرێت.

 

وریشە مورادی لە ڕێکەوتی ٣١ تەمووزی ٢٠٢٣  لە شاری سنە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و پاش ٢ هەفتە لێپرسینەوە بۆ بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئەڤین گوازرایەوە و لە کۆتا دانیشتنی دادگاکەی لە ٥ تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤، وریشە مورادی و پارێزەرەکانی ڕێگەیان پێنەدرا بەرگرییەکی زارەکی بکەن و بەرگریکردنەکە بە نووسراو پێشکەشکرا، پارێزەرەکانی کە پێشتر لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکە بۆیان قەدەغە کرابوون، دوای کۆبوونەوەکە توانیان بۆ چەند کاتژمێرێک پێداچوونەوە بە دۆسیەکە بکەن.