پلاتفۆڕمی یەکڕیزی ژنانی کورد بانگەوازی هاوکاری بۆ قوربانیانی لافاوەکەی چەمچەماڵ و کەرکوک و کەلار دەکات

پلاتفۆڕمی یەکریزی ژنانی کورد لە ڕاگەیەندراوێکدا سەرەخۆشی لە کوسوکاری قوربانیانی لافاوەکەی باشووری کوردستان دەکات و دەڵێت: هیوادارین هەموو بەشەکانی کوردستان بە هەستێکی نیشتمانپەروەرانە و هاودەنگی هەنگاو بنێن بۆ هاوکاری گەلەکەمان.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ڕۆژی ٨ی کانوونی یەکەم شەپۆلێکی باران و بەفر تەواوی ناوچەکانی باشووری کوردستان و عێراقی گرتەوەو، لەچەند شارێک لافاو دروست بوو کە بووە هۆی زیانی گیانی و ماددی، شەپۆلەکە تا درەنگانی شەوی ڕابردوو بەردەوام بوو. 

 

بە مەبەستی هاوکاری بۆ زیانبەرکەوتووان پلاتفۆڕمی یەکڕێزی ژنانی کورد لە ڕاگەیەندراوێکدا کە ئەمڕۆ ١١ی کانوونی یەکەم بڵاویکردەوە داوای هاوکاری دەکات و هیوادارە بە هەستی نیشتیمانپەروەرییەوە لەهەموو بەشەکانی کوردستانەوە هاوکاری و هاودەنگی هەبێت.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە:

لەسلێمانی ناوچەی چەمچەماڵ و کەرکوک و کەلار کارەساتێکی سرۆشتی  "لافاو"ڕوویدا. لەئەنجامی لافاوە کەدا ٥ کەس گیانیان لەدەستداوە و هەزارو ٥٠٠ خێزان زیانییان بەرکەوتووە و ٥٠٠خێزانیش ئاوارە بوون، سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی کەسوکاری ئەو زنجیرە حاڵەتانەی کە لافاو بووەتە هۆکاری زیانگەیاندن پییان، دەکەین.

 

ئێمە وەکو پڵاتفۆرمی گشتی ژنانی کورد لە دڵەوە هاوکاری خەڵکی چەمچەماڵ و کەرکوک و کەلار دەکەین. لە ڕۆژە تاریک و کارەستبارەکاندا کەس بەتەنیا نییە و لە دوای خۆی نامێنێتەوە، بەم هۆیەشەوە کوردستان هەڵمەتی سەرەکی پلاتفورمەکانی ژنانی کوردە، هیوادارین هەموو بەشەکانی کوردستان بە هەستەکی نیشتمانپەروەرانە و هاودەنگی هەنگاو بنێن بۆ هاوکاری گەلەکەمان کە بەهۆی ئەم کارەساتە سروشتییەوە زیانیان بەرکەوتووە.