کامپەینی ١٦ ڕۆژە؛ خەباتێکی فێمینیست کە ئاڵەنگاری سیستەمەکانی توندوتیژی دەکات

لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریاوە تا تونس، لە مەغریبەوە تا ئەفغانستان و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، ڕۆژی جیهانی نەهێشتنی توندوتیژی دژی ژنان بووەتە میراسێکی زیندووی خەبات، کە ژنان لە بەرامبەر سیستەمی پیاوسالاری پاوانخوازانە مەشخەڵی ئازادی بەرز دەکەنەوە.

ئاڤرین ناڤدار

 

 

هەڵمەتی چالاکییەکانی ١٦ ڕۆژی ئەمساڵ زیاتر بوو لە زنجیرەیەک ڕووداوی پەروەردەیی یان زانستی، کە گۆڕا بۆ هاوارێکی بەکۆمەڵ، پەیامی خۆڕاگری و بەرخۆدانی لەناو خۆیدا هەڵگرت، ژنان ئاشکرایان کرد کە ئەو توندوتیژییەی بەرامبەریان دەکرێت، ڕووداوێکی گۆشەگیر نییە، بەڵکو ئامرازێکی سیستماتیکی هەژموونییە کە ڕژێمە پیاوسالاری و پاوانخوازەکان بۆ چەسپاندنی کۆنترۆڵ و هەراسانکردن بەکاریدەهێنن، لە ناخی ئەم ڕووبەڕووبوونەوە ڕاستییەکی توند دەرکەوت: هاوپشتی فێمینیستەکان بژاردەیەکی لاوەکی نییە، بەڵکو تاکە ڕێگایە بۆ نەهێشتنی توندوتیژی و بونیاتنانی ژیانێکی ئازاد کە سنووری ستەم تێدەپەڕێنێت.

 

''دەرەوەی ڕووداوەکان و ئاشکراکردنی پێکهاتەی تاکڕەوی''

لە ٢٥ی تشرینی دووەمەوە ژنان لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا هەڵمەتێکیان دەستپێکردووە کە کۆمەڵێک ڕووداو و چالاکیی بەرفراوان لەخۆدەگرێت، کە تیشک دەخاتە سەر قوربانیدان و بەرخودانی ژنان لە بەرامبەر توندوتیژی سیستماتیکیدا، ئەم ڕووداوانە تەنیا ڕەمزی نەبوون، بەڵکو دەقی شیکارییان لەگەڵدا بوو کە ئاشکرایان دەکرد کە چۆن ڕژێمە تاکڕەو و دیسپۆتیکەکان توندوتیژی بەرهەم دەهێننەوە و لە شەرعیەتێکی ساختەدا دەیپۆشن.

 

ئەمساڵ هەڵمەتی چالاکییەکانی ١٦ ڕۆژی توندوتیژی دژی ژنان کە لە ٢٥ی تشرینی دووەم دەستیپێکرد، سنووری سیمینار و وتارە نەریتییەکانی  تێپەڕاند و گۆڕا بۆ جیهانی بەرخۆدان کە پڕ بوو لە پەیامی خۆڕاگری و سەرپێچی، ژنان لە وۆرک شۆپەکانیاندا باسیان لەوە کرد، کە چۆن جەستە و دەنگی ژنان بووەتە گۆڕەپانی شەڕێکی کراوە، هەروەها چۆن دامەزراوەکانی دەوڵەت بۆ بێدەنگکردن و ملکەچکردنیان بەکاردەهێنرێن، دەقە شیکارییەکانی هاوڕێی ڕووداوەکان تەنیا باسی دەرکەوتەکانی توندوتیژییان نەکرد، بەڵکو پێکهاتە بنچینەییەکانی ئەو توندوتیژییانەیان ئاشکرا کرد، کە نیشانی دەدا کە یاسا پاوانخوازەکان لە میکانیزمێکی ئاڵۆز زیاتر نین بۆ شەرعیەتدان بە ستەم و خەبات دژی ئەو پێکهاتانە هەنگاوی یەکەمە بۆ گەڕاندنەوەی مرۆڤایەتی و کەرامەتی ژنان.

 

ژنان لە دەوری مێزێکی گفتووگۆدا لە وۆرک شۆپ و سیمینار و وتارەکانی هۆشیاریدا کۆبوونەوە، لەو ماوەیەدا باسیان لە شێوازەکانی توندوتیژی و هۆکارەکانی و ئەو ڕاستییە سەختە کرد کە سیستەمێکی جیهانی سەپاندویەتی کە توندوتیژی وەک ئامرازێک بۆ چەسپاندنی دەسەڵاتی خۆی بەکاردەهێنێت، لە هەمووی گرنگتر، ئەم باسانە لە دەستنیشانکردندا نەوەستاون، بەڵکو بووە هۆی ڕاسپاردە و بڕیارێک کە پشتڕاستی دەکەنەوە کە خەبات لە دژی ئەو یاسایانەی کە شەرعیەت بە توندوتیژی دەدەن، پێویستییەکی حەتمییە و هاودەنگیی فێمینیست لە بەرامبەر عەقڵیەتی پاوانخوازیدا هەنگاوی بنەڕەتییە بۆ دەستەبەرکردنی مافەکان و بونیاتنانی کۆمەڵگەیەکی دادپەروەرتر و یەکسانتر.

 

''هاوارێکی فێمینیست بوونی ئێمە مرۆڤایەتی دەپارێزێت''

ڕێپێوان و ناڕەزایەتی و لێدوان و کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکان تەنها ڕووداوێک نوبوون کە زوو تێپەڕببن لە چوارچێوەی هەڵمەتی چالاکییەکانی ١٦ ڕۆژەدا، ئەوان ڕاگەیاندنێکی بەکۆمەڵ بوون بەوەی کە دەنگی فێمینیست بێدەنگ ناکرێت، هەرچەندە ئامرازەکانی ستەمکاری جۆراوجۆرهەمەچەشن بن، لە شەقامەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقادا دەنگی ژنان بەرزبووەوە، بە هەڵگری لافیتە و دروشمی دژ بە توندوتیژی، هاوارەکانیان لە ژێر یەک لافیتەدا کۆدەبوونەوە بۆ ئەوەی بە جیهان دووپات بکەنەوە کە ژنان بە تەواوی ئاگادارن لەوەی کە توندوتیژیی سیستماتیک، بە هەموو شێوەکانییەوە، بێدەسەڵاتە لە بێدەنگکردنی دەنگی ئازادیان.

 

ژنان بۆیان دەرکەوتووە کە ئەو ناوە زۆرانەی کە هێزە باڵادەستەکان بەکاریدەهێنن، تەنها دەمامکێکن کە بیرکردنەوەی جیهادی و توندڕەو و تاکڕەوانە دەشارنەوە، لە هێزە جیهادییەکانی هەتەشە لە سووریاوە تا حوسییەکان لە یەمەن و لە هێزی پشتیوانی خێرا لە سودان تا ئیخوان موسلیمین لە لیبیا، هەموویان یەک ئامانجیان هەیە، ئەویش ملکەچکردن و بێ مرۆڤکردنی ژنانە، بەڵام ئەم هێزانە نەیانتوانیوە ئەو پێشێلکارییە دڕندانە بشارنەوە کە بەرامبەر ژنان و خەڵکی مەدەنی ئەنجامیانداوە، ڕێکخراوەکانی ژنان و دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ژنان لە کاتی بانگەشەدا ئەم تاوانانەیان لە پێشەنگی ڕاپۆرتەکانیان داناوە و ئەو پێکهاتە توندوتیژانەیان ئاشکرا کردووە کە ئەم ڕژێمانە هەوڵی شاردنەوەی دەدەن.

 

ڕێپێوانەکان تەنها کردەوەی ناڕەزایەتی نەبوون، بەڵکو ڕاگەیاندنێکی ڕوون بوون کە هاودەنگی فێمینیست تۆڕێکە لە بەرخۆدان کە سنوورەکان تێدەپەڕێنێت و ژنانی ئازاد توانای ئاشکراکردنی ستەمکاری و پێناسەکردنەوەی مرۆڤایەتییان هەیە، هەڵمەتەکە بە سادەیی ناوی تاوانبارانی نەخستەڕوو، بەڵکو تاوانەکانیان خستە ناو دڵی گوتاری نێودەوڵەتییەوە، دووپاتی کردەوە، کە ئامادەبوون و دەنگی ژنان ئەو قەڵایە ڕاستەقینەیەن کە مرۆڤایەتی لە دابەزین بۆ زوڵم و توندوتیژی زیاتر دەپارێزێت.

 

''لە غەززەوە تا سودان، دەنگە فێمینیستەکان یەکیانگرت''

ئەم هەڵمەتە لە قۆناغێکی پڕ لە ململانێ کە کۆمەڵگەکانی ماندووکردبوو دەستی پێکرد، دەوڵەتە پاوانخوازەکان بازرگانییان بە هەردوو سەرچاوەی سەر ڕووی زەوی و ژێر زەویەوە دەکرد و ژنانیش قورسترین باجیان لە سیاسەتەکانی ستەمکاری و تاڵانکاریی دەوڵەت دەدا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ژنان خۆیان بەدەست ئەم وێرانکارییەوە نەدا، بەڵکو دەنگیان بەرزکردەوە و داوای ئاشتی و هاوپشتی کۆمەڵایەتییان دەکرد و دووپاتیان دەکردەوە کە شەڕەکان گەلان بونیات نانێن بەڵکو تەنها لەناوچوون و دابەزینیان گەورەتر دەکات.

 

ئەوەی کە هەڵمەتەکەی بەهێزتر و جیاوازتر کرد لە ساڵانی پێشووتر، ئەو هاوپشتییە فێمینیستییە بوو کە ناوەڕۆکی هەموو چالاکییەکانی پێکهێنا: هاوارکردنی ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بۆ غەززە، داوای ژنانی یەمەن بۆ پاراستنی ژنانی سودان، هاودەنگی ژنانی مەغریبی لەگەڵ ژنانی تونس لە بەرامبەر ستەم و پێداگری ژنان لەسەر ئەوەی کە فەلەستین پرسێکی مرۆڤدۆستانەیە کە جیا نابێتەوە لە ژنانی نێودەوڵەتی. ئەم تۆڕە فێمینیستە تەنها دەربڕینێکی سۆزداری نەبوو، بەڵکو بەرجەستەکردنی فەلسەفەیەکی سیاسی بوو کە ڕزگاری ژن وەک مەرجێکی دائیمی بۆ ڕزگاری کۆمەڵگەکان دەبینێت.

 

لە سەردەمێکدا کە ژنانی سودان تووشی قێزەونترین پێشێلکاری دەکران، لەوانە ڕفاندن و دەستدرێژی و کۆچکردنی زۆرەملێ، دەنگی ژنان لە سوریا و یەمەن و شوێنەکانی دیکەوە بەرزبوونەوە بۆ ئیدانەکردنی ئەو کارە دڕندانەیانەی کە لەلایەن هێزەکانی پشتیوانی خێراوە ئەنجامدراون، هاوسۆزی خۆیان لەگەڵ ئیرادە و پێداگریی ئەو ژنە سودانییانە ڕاگەیاند بەەوی کە پتەو بوەستن.

 

لە تونس، کە ڕێکخراوەکانی ژنان و مافی مرۆڤ ڕووبەڕووی سەرکوتی حکومەت بوونەتەوە، ژنانی مەغریبی دەستی هاودەنگییان بۆ هاوتا تونسییەکانیان درێژ کرد و یەکگرتوویی خۆیان لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ڕژێمانەی کە ئازادی ڕادەربڕین سەرکوت دەکەن دووپاتکردەوە، هەروەها فەلەستین وەک پرسێکی ناوەندی سەریهەڵدا و دەنگە فێمینیستەکان جەختیان لەوە کردەوە، بەشداریکردنی ژنانی فەلەستینی لە دڵی هەر پرۆسەیەکی ئاشتیدا بۆ سەقامگیری ڕاستەقینە زۆر پێویستە.

 

ئەم هەڵوێستانە تەنیا دروشم یان بۆچوونی تاکەکەسی نەبوون، بەڵکو فەلسەفەیەکی بەکۆمەڵیان پێکهێنا کە تۆڕێکی فێمینیستی فرانتەیشناڵیان دەبەستەوە، ئەم تۆڕە دان بەوەدا دەنێت کە پرسی ژنان نیگەرانی ناوخۆیی و تاکەکەسی نین، بەڵکو پرسی نێودەوڵەتین کە پێویستییان بە هاوکاری و هاودەنگی بەردەوام هەیە، کامپەینی ئەمساڵ دەریخست کە هاودەنگی فێمینیست کاردانەوەیەکی سادە نییە، بەڵکو پڕۆژەیەکی بەرخۆدانی درێژخایەنە کە ژنان لە پێشەنگی بونیاتنانی جیهانێکی دادپەروەرتر و مرۆڤانەتردا دادەنێت.

 

''هاوبەشکردنی ئەزموونەکان، سەرچاوەی بەرخۆدان''

هاوبەشکردنی ئەزموون و دەستکەوتەکان لەلایەن ژنانەوە تەنها ئاڵوگۆڕی شارەزایی نەبوو، بەڵکو کردەوەیەکی بەرخۆدان بوو کە هەڵمەتەکەی بەهێزتر کرد و ڕەهەندێکی نێودەوڵەتیی پێبەخشی، ژنان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و لە هەموو شوێنێکدا بەشێک بوون لە شۆڕش، ڕاپەڕین یان بزووتنەوەیەکی ڕزگاریخوازی، تامەزرۆی ئەوە بوون کە ئەزموونەکانیان ببنە سەرچاوەیەکی هاوبەش و ئیلهامبەخش بۆ ئەوانی دیکە، هەروەها  سڕینەوەی ئەو سنوورە دەستکردانەی کە دەوڵەتان لە نێوان گەلانی ناوچەکەدا کێشاویانە.

 

ئەو دەستکەوتانەی کە ژنان لە شۆڕشی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریادا بەدەستیان هێناوە، نوێگەرییەکی پراکتیکی بۆ دیموکراسی و یەکسانی پێکهێناوە، بووەتە خاڵێکی ئاماژە کە بزووتنەوە فێمینیستەکان لەگەڵ ژنان لە لوبنان و میسر و وڵاتانی دیکەدا هاوبەشی دەکەن، لە ڕێگەی سیمینار و بۆنە و پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان و سەردانەکانی شاندەکانی ژنانەوە، ئەم ئەزموونە ڕێکخراوەیی و فیکرییانە بڵاوکراونەتەوە و دووپاتیان کردووەتەوە، کە بەرخۆدانی فێمینیست دان بە جوگرافیای دەسەڵاتدا نانێت، بەڵکو جوگرافیایەکی نوێ لەسەر بنەمای ئازادی و یەکسانی دروست دەکات.

 

هەڵمەتی چالاکییەکانی ١٦ ڕۆژی توندوتیژی دژی ژنان، تەنها ماوەیەکی سنوورداری چالاکیی نەبوو، بەڵکو بڕگەیەکی مێژوویی بوو کە قۆناغێکی نوێی خەباتی دەستپێکرد، ژنان بەڵێنیان دا بەردەوام بن لە شەڕەکە تا ئەو کاتەی کۆمەڵگایەکی دوور لە توندوتیژی بونیات دەنێت، هەروەها دەنگە فێمینیستەکان و چالاکوانانی پێشەنگ دووپاتیان کردەوە، کە ڕێکخستن و یەکدەنگی چەکی ڕاستەقینەی دژ بە ڕژێمە پاوانخوازەکانە و ڕێگایەکە بەرەو داهاتوویەکی دادپەروەرتر و مرۆڤدۆستانەتر.