منداڵان لە سودان لە نێوان بەڵاکانی شەڕ و برسێتییدان
خراپی بارودۆخی دارایی دانیشتووان لە سودان و وەستانی چێشتخانە خێرخوازیەکان وایکردووە دەیان منداڵ بەدەست بەدخۆراکییەوە بناڵێنن و بەشێکی زۆریان گیانیان لەدەستداوە.
ناوەندی هەواڵ
ماوەی زیاتر لە ساڵێکە سودان بەدەست ململانێکانەوە دەناڵێنێت، کە بووەتە هۆی ئاوارەبوونی ملیۆنان کەس لە ماڵ و حاڵی خۆیان، وێرانکردنی بەربڵاوی ژێرخانی وڵات و وەستانی ناوەندە تەندروستییەکان و نەخۆشخانەکان لە کارکردن و بڵاوبوونەوەی برسێتی لێکەوتووەتەوە.
دوێنێ ٢٦ی کانوونی یەکەم، ژووری فریاکەوتنی پشتێنی باشوور ئاشکرایکرد، لەماوەی ئەم مانگەدا ١٢ منداڵ بەهۆی بەدخۆراکییەوە گیانیان لەدەستداوەو ٥ هەزار و ٣٤٠ی دیکەش لە ناوچەی باشووری خەرتومی پایتەختی سودان، کە گەڕەکەکانی (ئەل ئینقاز، ئەلئەزهەری، ئەلسەلامە، و مایۆ) لەخۆدەگرێت تووشی بەدخۆراکی بوون.
ژوورەکە ئاماژەی بەوەدا کە ٥٥ چێشتخانەی خێرخوازی کە بە “تاکایا” ناسراون، خزمەتگوزارییان وەستاندووە، ئەمەش بووەتە هۆی خراپتربوونی دۆخی مرۆیی بەتایبەتی خۆراک لە ناوچەکەدا.
داخستنی ٩ بنکەی تەندروستی و وەرنەگرتنی پێداویستییە پزیشکییەکان، ئازارەکانی نەخۆشخانە و نەخۆشانی هەرێمەکەی زیاتر کرد.