هێزەکانی ئیسرائیل نەخۆشخانەی کەمال عەدوانیان لە باکووری کەرتی غەززە سووتاند
وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین ڕایگەیاند، ژمارەی گیان لەدەستدانی شەڕی بەردەوامی هێزەکانی ئیسرائیل و حەماس بۆ ٤٥ هەزار و ٤٣٦ کەس بەرزبووەتەوە و ١٠٨ هەزار و ٣٨ کەسی دیکەش برینداربوون.
ناوەندی هەواڵ
سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە هێزەکانی ئیسرائیل هەڵیانکوتایە سەر نەخۆشخانەی کەمال عەدوان لە باکووری کەرتی غەززە، و ئەوانەی لەناویاندا بوون ناچاریان کردوون لە ماوەی ١٥ خولەکدا نەخۆشخانەکە بەجێبهێڵن.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ ٢٧ی کانوونی یەکەم، هێزەکانی ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر نەخۆشخانەی کەمال عەدوان لە باکووری کەرتی غەززە و سووتاندیان، دوای چەند کاتژمێرێک لە گەمارۆدانی، هەروەها ٥ لە کارمەندە پزیشکییەکانی کوژران، ئەمەش دوای ئەوەی لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا چەندین جار نەخۆشخانەکە و دەوروبەری کراوەتە ئامانج.
سەرچاوەکان ڕایانگەیاند، پەیوەندی لەگەڵ ئیدارەی نەخۆشخانەکەو ئەوانەی تێیدا بوون پچڕاوە، ٣٥٠ هاوڵاتی مەدەنی تێدابوون و ٧٥ سیشیان بریندار بوون، هەروەها خوڵکی هاوەڵی نەخۆشی تێدابووەو ١٨٠ کارمەند و کرێکاری پزیشکی لە بەشەکان هەبوون.
وەزارەتی تەندروستی فەلەستین بڵاویکردەوە، هێزە ئیسرائیلیەکان سێ کۆمەڵکوژییان لە دژی خێزانەکان لە کەرتی غەززە ئەنجامداوە لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ٣٧ کوژراو و ٩٨ برینداری لیکەوتووەتەوە، بەم هۆیەشەوە ژمارەی کوژراوانی شەڕی بەردەوام بووەتە ٤٥ هەزار و ٤٣٦ هاوڵاتی مەدەنی، ١٠٨ هەزارو ٣٨ کەسیش برینداربوون.