ماوەی حەوت مانگە هیچ زانیارییەک سەبارەت بە سارا ڕەشیدی کەچلانلۆ بەردەست نییە

سەرەڕای تێپەڕبوونی حەوت مانگ بەسەر دەستبەسەرکردنی سارا ڕەشیدی کەچلانلۆ لە خۆپێشاندانە سەرتاسەرییەکانی مانگی کانوونی دووەمی ئێران لە کرماشان، تا ئێستا خێزانەکەی هیچ زانیارییەکیان سەبارەت بە شوێن و چارەنووسی دەستنەکەوتووە.

ناوەندی هەواڵ

 

 سارا ڕەشیدی کەچلانلۆ، هاووڵاتییەکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی تەمەن ٣٣ ساڵ و خەڵکی شاری ماکۆیە، لە خۆپێشاندانە سەرتاسەرییەکانی مانگی کانوونی دووەمی ئێراندا لە کرماشان دەستبەسەر کرا. سارا لەو کاتەوە تا ئێستا بێسەروشوێنە و تا ئێستا هیچ زانیارییەک سەبارەت بە چارەنووسی بڵاونەکراوەتەوە.

 

بەڵگەنامەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ئاماژە بەوە دەکەن کە سارا ڕەشیدی کەچلانلۆ لە کاتی خۆپێشاندانەکانی ١١-١٤ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦، کاتێک لە نزیک کرماشان بە ئۆتۆمبێل دەڕۆیشت، لەلایەن هێزە هەواڵگرییەکانی سوپای پاسدارانی ئێرانەوە بەبێ بڕیاری دادگا دەستگیرکرا.

 

داواکارییەکانی خێزانەکەی بێ وەڵام مانەوە

دوای دەستبەسەرکردنی، سارا ڕەوانەی ناوەندی دەستبەسەرکردنی نەبی ئەکرەمی سەر بە ڕێکخراوی هەواڵگریی سوپای پاسداران لە کێڵگەی نەوتی کرماشان کراوە. لەو کاتەوە خێزانەکەی هیچ زانیارییەکیان سەبارەت بە دۆخ و شوێنی ڕاگرتنی دەستنەکەوتووە.

 

خێزانەکەی لە مانگەکانی ڕابردوودا چەندین جار سەردانی دامەزراوە ئەمنییەکان و دەسەڵاتدارانی دادوەریی کرماشانیان کردووە. بەپێی ڕاپۆرتەکە، هیچ وەڵامێکی ڕوونیان سەبارەت بە چارەنووسی دەستنەکەوتووە.

 

سارا ڕەشیدی کەچلانلۆ زیاتر لە حەوت مانگە لە زینداندایە و تا ئێستا هیچ زانیارییەکی لێ نییە، بەمەش مەترسییەکان سەبارەت بە تەندروستی و دۆخی ژیانی ڕوویان لە زیادبوون کردووە.