هێزە ئەمنییەکانی ئێران خێزانێکی کوردیان دەستگیر کرد
تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ڕایگەیاند، هێزە ئەمنییەکانی ئێران خێزانێکی کورد کە پێکهاتوون لە دایک و باوکێک و منداڵە ١٦ ساڵانەکەیان دەستگیر کردووە، دوای چوار ڕۆژ منداڵەکەیان ئازاد کردووە، بەڵام تائێستا دایکی باوکی لە زیندانن و هیچ زانیارییەکیش نییە.
ناوەندی هەواڵ
سێ ئەندامی خێزانێکی کورد کە خەڵکی گوندێکی دیواندەرەی سەربە پارێزگای سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانن، بە ناوەکانی مریەم مورادیان، سیرووس حەمیدی و منداڵە ١٦ ساڵەکەیان، کوردیا حەمیدی، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون و گوازراونەوە بۆ زیندانەکانی ژنان و ناوەندیی سنە.
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە ١٤ـی ئابی ٢٠٢٦، هێزە ئەمنییەکانی ئێران بەبێ مۆڵەتی یاسایی ئەو سێ هاووڵاتییە کوردەیان لە گوندێکی دیواندەرە دەستبەسەر کردووە و دواتر گواستوونیانەتەوە بۆ زیندانی ناوەندی و زیندانی ژنان (کانوونی ئیسڵاح و تەربیەت)ـی سنە.
منداڵە ١٦ ساڵەکە ئازادکرا
وتیشی: کوردیا حەمیدی کە تەمەنی ١٦ ساڵە و لەگەڵ مریەم مورادیانی دایکیدا لە ژووری تاکەکەسیی زیندانی ژنانی سنە ڕاگیرابوو، دوای چوار ڕۆژ ئازاد کرا، بەڵام سیرووس حەمیدی و مریەم مورادیان هەر لە ژوورە تاکەکەسییەکانی زیندانەکانی سنە ڕاگیراون و لە مافی وەرگرتنی پارێزەر و دیداری بنەماڵە بێبەش کراون.
تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ئاماژەی بەوەشکردووە، تا ئێستا، هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکردن و تۆمەتەکانی سەر ئەو هاووڵاتیانە ئاشکرا نەکراوە.