کەمپینی "سێشەممانی نا بۆ لەسێدارەدان" دەچێتە هەفتەی ١٣٥یەمی خۆی بە بەشداریی ٦١ زیندان
کەمپینی "سێشەممانی نا بۆ لەسێدارەدان" لە ناو زیندانەکانی ئێراندا چالاکیی هەفتانەی خۆی دژی سزای لەسێدارەدان بەردەوام دەکات، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ زیادبوونی جێبەجێکردنی ئەم سزایە بەسەر زیندانیانی سیاسی و دەستبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکاندا.
ناوەندی هەواڵ
کەمپینی "سێشەممانی نا بۆ لەسێدارەدان" هەوڵ دەدات بنەمای مافی ژیان و دژایەتیکردنی سزای لەسێدارەدان لە ناو زیندانەکانی ئێراندا بچەسپێنێت، لە ڕێگەی چالاکیی هەفتانەوە کە دەستبەسەرکراوان و چالاکوانان تێیدا بەشدارن و داوای ڕاگرتنی لەسێدارەدانەکان و بەهێزکردنەوەی دادپەروەری و ڕوەنی لە ڕێکارە دادوەرییەکاندا دەکەن.
کەمپینی "سێشەممانی نا بۆ لەسێدارەدان" لە ئێران لە هەفتەی ١٣٥یەمی خۆیدا فراوان بوو بە بەشداری ٦١ زیندان، دوای ئەوەی زیندانی نور پەیوەندی بە بەشداربووانی ئەم چالاکییە هەفتانەیەی دژ بە سزای لەسێدارەدانەوە کرد، لە دواین ڕاگەیاندراودا، کە ئەمڕۆ ٢٥ی ئاب دەرچوو، ئەندامانی کەمپینەکە ئاماژەیان بە سەرهەڵدانی لەسێدارەدانی زیندانیانی سیاسی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کرد، پێیان وایە کە دەسەڵاتداران گەنجان دەکەنە ئامانج بۆ ڕێگریکردن لە هەر شەپۆلێکی ئەگەری خۆپیشاندان.
لە دەقی ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: لەم ڕۆژانەدا بەهۆی ناکارامەیی حکومەت و سیاسەتە دژە گەلەکانی و دروستکردنی قەیرانەکانییەوە، بارودۆخی ئابووریی خەڵک ڕۆژ لە دوای ڕۆژ خراپتر دەبێت، لە لایەکی ترەوە حکومەت لەبری چارەسەرکردنی قەیرانەکان هیچ بژاردەیەکی تر نادۆزێتەوە جگە لە سەرکوتکردنی کۆمەڵگە بۆ ڕێگریکردن لە ناڕەزایەتی دەربڕین و لە سێدارەدانی خەڵک بە تایبەت گەنجانی خۆپیشاندەران و زیندانیانی سیاسی ناوەستێت.
ئاماژەی بە جێبەجێکردنی سزای نوێی لەسێدارەدان کرد لە هەفتەی ڕابردوودا بەسەر ژمارەیەک لە دەستبەسەرکراوانی سەر خۆپیشاندانەکاندا، لەگەڵ دووپاتکردنەوەی ئەوەی کە سزای تریش بەسەر زیندانیانی سیاسی دیکەدا لە چەند ناوەندێکی گرتندا دەرچوون یان پەسەند کراون، ”یەکێک لە زیندانیان بە شێوازێکی لەخۆوە و لەناکاوانە گواسترایەوە بۆ یەکێک لەو زیندانانەی کە ناسراون بەوەی ناوەندی سەرەکیی جێبەجێکردنی لەسێدارەدانن، ئەمەش نیگەرانییەکی زۆر و قووڵی لای خێزانەکەی دروست کردووە، دادگاییکردنی ئەم دەستبەسەرکراوانەی کە مەترسیی لەسێدارەدانی خێرایان لەسەرە، بێبەشە لە دادپەروەری و نەبوونی ڕوونی، وەک چۆن دادگاییکردنی زۆرێک لە زیندانیانی سیاسیی تریش بەو شێوەیەیە.
ڕوونیکردەوە، کە ژمارەی لەسێدارەدانەکان لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تا ئێستا گەیشتووەتە ٣٧٨ حاڵەت، لە کاتێکدا کۆی گشتیی لەسێدارەدانەکان لە سەرەتای دەستبەکاربوونی حکومەتی ئێستاوە تێپەڕی بەسەر چوار هەزار کەسدا، هەروەها هەفتەی ڕابردوو گۆڕانکاریی بەرفراوان لە ناو دەزگای دادوەریدا لە ژێر چەتری فەقهەیدا ڕووی دا، کە بە پێشنیار و دەوەردانەوەی ڕاستەوخۆی دەزگا ئەمنییەکان تێپەڕێنران.
جەختی لەوە کردەوە، کە ئەم گۆڕانکارییانە مەترسییەکان لەسەر زیندانیان و ئەو کەسانەی سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە قووڵتر دەکەنەوە، لەبەر ئەوەی لە سایەی نەبوونی هیچ دەزگایەکی سەربەخۆدا جێبەجێ دەکرێن کە بتوانێت پێداچوونەوە بە دۆسییەکانیان بكات یان سەرلەنوێ پێداچوونەوە بەو سزایانەدا بکات کە دەرچوون، جگەلەوەش زۆرێک لە دەستبەسەرکراوان بێبەشن لە مافی بنەڕەتیی خۆیان لە هەڵبژاردنی پارێزەردا، کە ئەمەش حاڵەتی نەبوونی ڕوونی و دادپەروەری لە ڕێکارە دادوەرییەکاندا قووڵتر دەکاتەوە.
کەمپینی "سێشەممانی نا بۆ لەسێدارەدان" درێژە بە چالاکیی خۆی لە ناو زیندانەکاندا دەدات، زیندانییە بەشداربووەکان هێشتا بەردەوامن لە بەرخۆدانی ڕێکخراوی خۆیان سەرەڕای بارودۆخە قورسەکان، ئەم هەفتەیەش شایەتی پەیوەندیکردنی کۆمەڵێک لە زیندانییانی یەکێک لە زیندانەکانی پارێزگای گیلان بوو بە کەمپینەکە، ئەوان متمانەی خۆیان خستە ناو هێزی بە کۆمەڵی خۆیان و پشتیوانیی کۆمەڵگەوە و جەختیان لەوە کردەوە، کە ویژدانی زیندوو ئەوەیە کە لە بەرامبەر ئامێری لەسێدارەداندا دەوەستێت و ئەم تێکۆشانە بە زیندوویی دەهێڵێتەوە.
بەشداربووان لە ڕاگەیاندراوەکەدا سوپاسی خانەنشینکراوان و هەموو ئەوانەیان کرد کە دروشمی "سێشەممانی نا بۆ لەسێدارەدان" لە خۆپیشاندان و شوێنە گشتییەکاندا بەرز دەکەنەوە، جەختیان لەسەر پێویستیی ئەوە کردەوە کە هێزی کرێکار و چینە کۆمەڵایەتییەکانی تریش پشتیوانیی بانگەوازی مامۆستایان بکەن بۆ ڕەتکردنەوەی لەسێدارەدان، هەروەها ستایشی ڕۆڵی پێشڕەوی مامۆستایانی کرد لە چەسپاندنی ئەم ڕێبازە و بەرگریکردن لێی، "لە ئەستۆی دامەزراوە پەروەردەیییەکاندایە کە بنەمای ئەوە بچەسپێنن، مافی ژیانی شایستە بنچینەن، نەک مەرگ و لەسێدارەدان".
بەشداربووانی کەپینەکە جەختیان لەوە کردەوە، کە ئەمڕۆ سێشەممە لە هەفتەی ١٣٥یەمی هەڵمەتەکەدا مانگرتن لە خواردن ئەنجام دەدەن و لە نێو زیندانە بەشداربووەکاندا، زیندانی ئێڤین (بەشی پیاوان و ژنان)، زیندانی قەزل حسار (بەشەکانی ٢ و ٣ و ٤)، زیندانی ناوەندیی کەرەج، زیندانی فردەوس، کەرەج، زیندانی گەورەی تاران، زیندانی قەرچاک، زیندانی خورین و ڕامین، زیندانی چۆبیندار، قەزوین، زیندانی ئەهار، زیندانی ئاراک، زیندانی لەنگەرود، قۆم، زیندانی خڕەماباد، زیندانی بروجرد، زیندانی یاسووج، زیندانی ئەسەئاباد، زیندانی ئەسفەهان، زیندانی دەستجەرد، زیندانی ئەسفەهان.