لەیلا سارمی بۆ زیندانی تاکەکەسی لە زیندانی بۆروجەرد گواسترایەوە

لەیلا سارمی دانیشتووی شاری برۆجەرد دوای دەستبەسەرکردنی بۆ زیندانی تاکەکەسی لە زیندانی بلۆک تیرچە لە برۆجەرد گواسترایەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

لەیلا سارمی دانیشتووی برۆجەرد و دایکی فەرزاد موعەزەمی گودەرزی زیندانی سیاسی زیندانیکراولە زیندانی فشافویە، دوای دەستبەسەرکرانی بۆ زیندانی بلۆکی تیرچە لە برۆجەرد گواسترایەوە و لە ژووری تاکەکەسیدا ڕاگیراوە، تا ئێستالە مافی پەیوەندیکردن بە خێزانەکەی و دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش کراوە.

بەرەبەیانی ٢١ی تەمووز، لانیکەم ١٧ ئەفسەری ئەمنی بەئۆتۆمبێلی سەربازی ، هەڵیانکوتایە سەر ماڵی تایبەتی بنەماڵەی موعەزەمی گودەرزی لە شاری برۆجەرد، ئەفسەرەکان بەبێ ئەوەی هیچ فەرمانێکی دادوەری نیشان بدەن، بە توندوتیژی چوونە ناو ماڵەکە و لەیلا سارمی و هاوژینەکەی ئەحمەد موعەزەمی گودەرزی دوای لێدانیان دەستگیرکرد.

لە کاتی هەڵمەتەکەدا، ئەفسەرەکان دەستیان بەسەر هەموو ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان و پەیوەندییەکانی خێزانەکەدا گرت و بە تەواوی ماڵەکەیان پشکنی.