خۆڵبارین خۆراسانی گرتەوە

بەهۆی خۆڵبارینەوە لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا، ژمارەیەک لە خەڵکی خۆراسان ڕەوانەی نەخۆشخانەکان کراون.

سویدا خۆراسانی

 

خۆراسان- ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئەڵڵاپور بەڕێوەبەری گشتیی ژینگەپارێزی خۆراسان ڕەزەوی هۆشداریدا، هەوا لە ٦ شاری خۆراسانی ڕەزەوی بەهۆی خۆڵ وتۆزەوە پسیبووە، ئامۆژگاری خەڵکی کرد ئاگاداری تەندروستییان بن.

 

لەبەر ئەم هۆکارەش پێویستە خەڵکی شارەکانی مەشهەد، کەلات، تۆربات جەم، دەرگەز، چناران و قوچان لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری داهاتوودا ئامادەبن بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دیاردەی خۆڵبارین.

 

بەڕێوەبەری گشتی پاراستنی ژینگە لەمبارەیەوە ڕایگەیاند: "هەوڵەکانمان بۆ زیندووکردنەوەی ناوەندەکانی خۆڵ لە ماوەی ٥٠ ساڵی ڕابردوودا نەیتوانیوە لە بنەڕەتدا کێشەکە چارەسەر بکات، دامودەزگا حکومییەکان لەم بوارەدا هەنگاوی جدییان نەگرتوەتەبەر، لەبەر ئەم هۆکارەش ​​ئەمڕۆ نەک هەر دۆخەکە باشتر نەبووە، بەڵکو چالاکی پێشوەختەی ناوەندە گرنگەکانی خۆڵ و خاشاک دەرخەری ئەو دۆخە نالەبارە و زیادبوونی پیسبوونی هەوایە."

 

لە چەند هەفتەی ڕابردوودا پیسبوونی توندی هەوا لە خۆراسان، مەترسی تەندروستی بۆ منداڵان، بەساڵاچووان و ژنان دروستکردووە، بۆتە هۆی قەرەباڵغی خەڵک لە نەخۆشخانە و کلینیکەکان، لەم حاڵەتەدا چاوپێکەوتنێک لەگەڵ یەکێک لە پەرستارانی بەشی فریاکەوتن لە نەخۆشخانەی ئیمام ڕەزای بەجنەوەرد ئەنجامدرا.

 

نێرگس ئەحمەدی " ناوی خوازراو" پەرستار لە بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی ئیمام ڕەزا سەبارەت بەم بابەتە وتی: " کاتێک هەوا پیس دەبێت زۆرێک لە منداڵان دەگوازرێنەوە بۆ ئەم بەشە و نیشانەکانی تا، سەرئێشە و سکچوونیان هەیە، منداڵان بە گشتی بەهۆی یاریکردنیانەوە دەمامک بەکارناهێنن، بەپێی سروشتی وەرزی هاوین و بوونی منداڵان لە دەرەوەی ماڵ، زیاتر بەر پیسبوونی هەوا دەکەون و سیستمی بەرگری لەشیان ڕووبەڕووی ڤایرۆس و میکرۆب دەبێتەوە".

 

لە درێژەی قسەکانیدا وتی: " بەساڵاچووان بەزۆری سیستەمی بەرگری لەشیان لاوازە بەهۆی نەخۆشییە درێژخایەنەکان و پیری، پیسبوونی هەواش ئەم نیشانانە توندتر دەکات، وایان لێدەکات زیاتر لەوانی تر تووشی ڤایرۆس و پەتا جۆراوجۆرەکان ببن، لەم ڕۆژانەدا زۆرێک لە خێزانەکان مامەڵە لەگەڵ ڤایرۆسی نوێی گەدە و ڕیخۆڵە دەکەن کە نیشانەکانی وەک تا، سەرئێشە و سکچوونی لەگەڵدایە، سووڕی نەخۆشییەکە لە نێوان ٥ بۆ ١٠ ڕۆژدایە، ئەمەش بەپێی بارودۆخی جەستەیی کەسەکان دەگۆڕێت، بەڵام تێکڕای ماوەی ڤایرۆسەکە یەک هەفتەیە، نەخۆشەکان بەگشتی دوو بۆ سێ ڕۆژ لە بێهێزی بەسەر دەبەن لەگەڵ نیشانە توندەکان کە هەندێک جار زۆر مەترسیدار دەردەکەون، هەبوونی زانیاری پێویست بۆ چاودێری نەخۆش و خۆپاراستن، لە هەمووشی گرنگتر سەردانی پزیشک لە کاتی خۆیدا یارمەتیدەرە، بەڵام باشترین ڕێگا بۆ خۆپاراستن لێی بەکارهێنانی دەمامک، کەمترین سەفەرکردنە تا کەش و هەوا باشتر دەبێت."

 

هۆکارە مرۆییەکان کاریگەر لە گۆڕانی کەشوهەوا و بەکارهێنان و ئیستغلالکردنی نادروستی دامەزراوەکان لە سامانە سروشتییەکان، بێباکی و خراپی بەڕێوەبردن لە لایەن کاربەدەستانی ئەو سیستەمە شەپۆلی خۆڵ و تۆزی درێژە پێداوە و هاووڵاتیانی بەرەوڕووی هەموو جۆرە نەخۆشییەک کردووەتەوە.