ژمارەی دانیشتووانی عێراق بەردەوام لە زیادبووندایە

نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایدەگەیەنێت، ژمارەی دانیشتووانی عێراق بەراورد بە وڵاتانی ناوچەکە بەردەوام لە زیادبووندایە و پێویستە حکومەتی عێراق پلان و ستراتیژی تایبەتی هەبێت.

ناوەندی هەواڵ
 

چەند ڕۆژێک بەر لە ئێستا وەزارەتی پلاندانی عێراق ئاشکرای کرد، ژمارەی دانیشتووانی عێراق گەیشتووەتە ٤٣ ملیۆن و ٣٢٤ ھەزار کەس، کە ٥٠.٥٪یان لە ڕەگەزی نێر و ٤٩.٥٪شیان لە ڕەگەزی مێ‌ن،  تێکڕای گەشەی ساڵانەی دانیشتووانی عێراقیش گەیشتووەتە ٢.٥٪ ، هەروەها ھەموو ئامادەکارییەکیشیان کردووە بۆئەوەی ساڵی داھاتوو سەرژمێرییەکی گشتی لە عێراق ئەنجام بدەن.
 

نستور ئۆمۆھانچی، نوێنەری سندوقی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتووان لە عێراق، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند، زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان بە خاڵێکی گرنگ و ئەرێنی ھەر وڵاتێک دادەنرێت، لە عێراقیش ژمارەی دانیشتووان بەراورد بە وڵاتانی ناوچەکە بەردەوام لە زیادبووندایە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە حکومەتی عێراق  پلان و ستراتیژی تایبەتی ھەبێت بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی دانیشتوواندا.