" لەداهاتوودا وێنەی ژنە جەنگاوەرەکان و کەسایەتییەکان دەکێشم تا ژنی کورد بە جیهان بناسێنم"

ڕەنگ و ئاواز لە کۆیە ناونیشانی پێشانگایەکی هەمە چەشن بوو کە لە لایەن ئینستتیوتی زەینەب خان ڕێکخرا، وێنەکێش نیان مەسعود وتی: لەداهاتوودا وێنەی ژنە جەنگاوەرەکان و کەسایەتییەکان دەکێشم تا ژنی کورد بە جیهان بناسێنم.

شیا کۆیی

 

کۆیە-لە ٢١ی تشرینی یەکەم ئینستتیوتی زەینەب خان، چالاکییەکی کلتووری و هونەری کردەوە کە دامەزراوەی ڤیم، لە ڕێگەی پڕۆژەی ئارتفرۆشەوە، چالاکییەکی هونەری پێشکەش بە گەنجان و هاووڵاتییانی شاری کۆیە کرد. چالاکییەکە پێکهاتبوو لە کردنەوەی پێشانگایەکی هونەری و نمایشکردنی تابلۆ هونەرییەکانی ئارد فرۆش.هەروەها پێشکەشکردنی کۆمەڵێک پارچە موزیک و گۆرانی، لەلایەن هونەرمەند بافجی.

 

ڕابان عیزەت، ڕێکخەری پڕۆژەی ئارد فرۆش وتی: دامەزراوەی ڤیم دەگاتە هەموو شارو شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق ئەمجارە لە ئینستیۆتی زەینەب خانین لە کۆیە، بۆیە ئەو شوێنەشمان دەستنیشانکرد چونکە شوێنیکی کولتووری و فۆلکلۆریە، بەمەستی ئەنجامدانی چالاکیەکی هونەری هاتوین ئەویش دووچالاکیمان هەیە سەرەتا پێشانگایەکی هونەری دەکەینەوە پاشان پێشکەشکردنی چەند پارچەیەک لە میوزیکە.

 

ڕابان وتیشی پێشانگاکە سێ ڕۆژ بەردەوام دەبێت و وێنەکان جۆراوجۆرن و نزیکەی ٩٠هونەرمەندی کورد و عێراقی لەگەڵ پڕۆژەی ئارد فرۆش بەشداربوون.

 

سەبارەت بەوێنەی ژنان ئایا واقعین یان خەیاڵین؟ ڕابان عیزەت، ڕێکخەری پڕۆژەکە وتی: هەندێک لەوێنەکان ڕاستین و چیرۆکی ژنە و هەندێکی خەیاڵین.

 

 نیان مەسعود، دەرچوی زانکۆیە خۆی بەشکێکی زانستی تەواو کردووووە بەڵام خولیای وێنە کێشانی هەیە وتی: ئەو جۆرە فێستیڤاڵ و پێشانگایانە پێوستن، بەڵام بەداخەوە زۆر بەکەمی دەبینین وێنەی ژنانی جەنگاوەر و کورد و بوێر بکێشرێن، وەک پێویست نیە بەتایبەتی ئەو ژنانەی ڕۆڵێکی گرنگیان هەبووە لە ناو کۆمەڵگەی کوردی ، بۆیە وەک خۆم کە زۆر حەزم لە وێنەکێشانە و لەداهاتوودا دەمەوێت وێنەی ئەو ژنە ئازایانە بکێشم و بەجیهانیان بناسێنم.