گوڵناز کاراتاش؛ نموونەی بەرخۆدانی ژنانی کورد

گوڵناز کاراتاش خەباتی ژنانی کوردی بۆ ئازادی و شکۆمەندی بەرجەستە کرد، لە ڕێگەی قوربانیدانی خۆیەوە نموونەی بەرخۆدانی ژنانی دانا کە خۆبەدەستەوەدان و خیانەتیان ڕەتدەکردەوە، میراسەکەی لە خەباتی هەزاران ژندا دەژی، کە شوێن پێی ئەو دەکەون.

ڕوکەن ژیرکی

 

لە یادی شەهید گوڵناز کاراتاش، نازناوی "بێریتان"، جیهان یادی سەرجەم ژنانی تێکۆشەری تەڤگەری ئازادی ژنانی کورد دەکاتەوە و وەک ڕێزێک بۆ قوربانیدانی قارەمانانەیان کڕنۆش دەبات، مانگی تشرینی یەکەم لە مێژووی تەڤگەرەکەدا بە مانگی شەهیدان ناسراوە، بەو پێیەی زۆرێک لە ژنانی چالاکوان گیانی خۆیان لە پێناو ئازادیدا بەخت کرد.

 

لەوبەری چیاکانی کوردستان، لەسەر هەر گۆشە و هەر ڕێگایەک، لە ژێر هەر بەرد و درەختێکدا، خوێنی تێکۆشەرانی ژن و پیاو لە پێناو دۆزی دادپەروەرانەدا ڕژا، لە گوڵناز کاراتاشەوە تا منەور سارانیان، تا غوربەتلی ئەرسۆز، لە گوڵناز تورکانەوە تا ڕۆناهی ئەلمان، پاشان ئارین میرکان و ناگیهان ئاکارسەل، ئەم ژنانە لاپەڕەی درەوشاوەی خەباتیان نووسیوە.

 

ئەمڕۆش بەردەوامین لەسەر شوێنپێیان، هەڵگری میراسەکەیان لە تەڤگەری ئازادی ژناندا، خەباتی ئێمە ڕۆژانە بەهێزتر و خۆڕاگرتر دەبێت، بۆ ڕێزگرتن لە قوربانیدانەکانیان و بۆ بونیادنانی داهاتوویەکی دادپەروەرتر و شکۆمەندتر.

 

ئازادی و شکۆمەندی لە بەرامبەر عەقڵی پیاوسالاری تاکڕەودا

لە مێژوودا، ساتگەلێکی سەرەکی هەن کە نیشانەیەکی نەسڕاوە بەجێدەهێڵن و هۆشیاری لە قاڵب دەدەنەوە، وەک ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، وتی: مێژوو ئێستایە، ئێستاش مێژووە، لە کاتی تێڕامان لە پێشکەوتنی تەڤگەری ئازادی ژنان، ساڵی ١٩٩٢ وەک وەرچەرخانێکی یەکلاکەرەوە لە خەباتی ژناندا دیارە.

 

لە ٤ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٢ بە بەشداری ئەمریکا و دەوڵەتی تورک و هێزە فاشیستەکان و پارتە کوردییەکانی وەک پارتی دیموکراتی کوردستان "پەدەکە" و یەکێتی نیشتمانپەروەری کوردستان، ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی بەرفراوان بە ئامانجی نەهێشتنی تەڤگەری ڕزگاریخوازی کورد و شەڕڤانان دەستیپێکرد.

 

ئەم هەڵمەتە لەسەر سێ تەوەر لە هەرێمی کوردستان دەستی پێکرد: خاکورک، زاگرۆس، حەفتانین، هێرشەکانی لە لایەنی باشور و باکوورەوە بۆ سەر شەڕڤانان لەخۆگرتبوو.

 

سەرەڕای دڕندەیی هێرشەکە، پلانەکە نەیتوانی بە ئامانجەکانی خۆی بگات، ئەمەش لە سایەی خۆڕاگری شەڕڤانان کە هێزی خۆیان لە ئایدۆلۆژیای ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان وەرگرت، ژنانی شەڕڤانیش ڕۆڵێکی پێشەنگایەتی دیاریان هەبوو لەم شەڕەدا، پۆستی فەرماندەیییان لە بەرەکانی شەڕدا گرتە ئەستۆ، منەوەر سارانیان پێشەنگایەتی شەڕەکانی حەفتانین دەکرد، گوڵناز کاراتاش لەگەڵ گروپێکی شەڕڤان لە بەرەیەکی مەترسیداردا پێشەنگایەتی ئۆپەراسیۆنەکانی لە خاکورک دەکرد.

 

ئەو بەرەیەی کە لەسەری بوو، هێرشی توندی لێکرا و ئەو گەمارۆیەی کە لەلایەن پێشمەرگە و دەوڵەتی تورکەوە بەسەر گوڵناز کاراتاشدا سەپێندرا، مەبەست لێی ناچارکردنی بوو کە خۆی ڕادەست بکات، بەڵام وەڵامەکەی یەکلاکەرەوە بوو: تا دوا سات خەباتی کرد، خیانەت و خۆبەدەستەوەدانی ڕەتکردەوە، بەم شێوەیە ڕۆحی بەرخۆدان و دڵسۆزی بۆ دۆزی ئازادی بەرجەستە کرد.

 

هێڵی بەرخۆدان بەسەر هێڵی خیانەتدا سەرکەوت

گوڵناز کاراتاش پێش شەهیدبوونی بە بەرپرسیارێتی تەواوەوە پێشەنگایەتی گروپەکەی دەکرد و پارێزراوی هەڤاڵەکانی لە پێشینەی کارەکانیدا بوو، دڵنیا بوو لەوەی کە پێگەکانیان مسۆگەر کراوە پێش ئەوەی پێشڕەوی بکەن بۆ هێڵی پێشەوە، وەک فەرماندەیەکی مەیدانی و فەرماندەیەکی ژن، باوەڕێکی قووڵی بە دۆزی خۆی هەبوو و ئازایانە بەبێ پاشەکشە و دوودڵی ڕووبەڕووی داگیرکاری بووەوە، تا ساتەوەختی شەهیدبوونی.

 

پێکدادانەکە گۆڕا بۆ داستانێکی قارەمانانە، چیرۆکی خۆڕاگرییەکەی دەگێڕایەوە، تەنانەت کاتێک فیشەکەکانی دەستیان بە تەواوبوون کرد، ساتێکی ترس و دوودڵی ئەزموون نەکرد، بەڵکو بە ئیرادەیەکی پتەو و هۆشیارییەکی پێگەیشتووەوە بەردەوام بوو لە شەڕکردن، ڕەتیکردەوە خۆی بەدەستەوە بدات یان خیانەت بکات.

 

لەبەر ئەوەی چەکەکەی نەکەوێتە دەستی دوژمن، بە دەستی خۆی لەناوی دەبرد، بۆ ئەوەی لە دژی هەڤاڵەکانی بەکاری نەهێنن، بەم کردەیە ڕۆحی بەرخۆدانی بەرجەستە کرد و خەباتی شەڕڤانانی پاراست، دروشمی "بژی ڕێبەر ئۆجالان، خۆبەدەستەوەدان خیانەتە" بەرزکردەوە، پێش ئەوەی خۆی لە بەردەکە فڕێ بدات، لە ٢٥ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٢دا شەهیدبوونی بەدەستبهێنێت و میراسێکی قارەمانێتی و شکۆمەندی لە دوای خۆی بەجێبهێڵێت.

 

شەهیدبوونی گوڵناز کاراتاش هەڵگری ڕەهەندێکی قووڵی فەلسەفی و زابیاریە، تەنها کردەوەیەکی تاکەکەسی نییە، بەڵکو درێژکراوەی نەریتێکی مێژووییە کە ڕەگ و ڕیشەی لە خەباتی ژنانی کورددا هەیە، بە درێژایی سەدەکان ملکەچبوونیان بۆ دوژمن ڕەتکردووەتەوە و بە شکۆمەندیەوە مردنیان هەڵبژاردووە بەسەر خۆبەدەستەوەدان.

 

وەک چۆن شەهید بەسێ وتی: نا بۆ خۆبەدەستەوەدان و ڕێگای شکۆمەندی گرتەبەر بە فڕێدانی خۆی لە گردەکەوە و هەر وەک چۆن ڕەند خانەش ملکەچی ڕەتکردەوە و خۆی فڕێدایە ناو ئاوەوە، گوڵناز کاراتاش درێژەی بەم میراسە خۆڕاگرییە دا، دووپاتی کردەوە، کە ئەم نزیکبوونەوەیە ساتێکی زوو تێپەڕ نییە، بەڵکو خەباتێکە کە تا ئەمڕۆش بەردەوامە و بە زیندوویی دەمێنێتەوە تا ئەو کەسانەی کە هەن باوەڕیان بە ئازادی هەیە و خیانەت ڕەتدەکەنەوە.

 

دامەزراندنی سوپای ژنان بۆ ڕێزگرتن لە قوربانیدانی ژنانی تێکۆشەر بوو

گوڵناز کاراتاش، "بێریتان"، نوێنەرایەتی هێڵی ئازادی ژنانی دەکرد کە هەزاران ژن ئەمڕۆ پەیڕەوی دەکەن، ئاڵای خۆی بەرزکردەوە و بە چەقبەستووی درێژە بە ڕێبازەکەیدا، ڕەتیدەکاتەوە خۆی ڕادەستی دوژمنانی ژن بکات، لە شەڕەکانی ساڵی ١٩٩٢دا دوو هێڵی دژ بەیەک سەریان هەڵدا، یەکەمیان هێڵی بێریتان بوو، کە بە بەرخۆدان و باوەڕ و قوربانیدان بەرجەستە بوو، هێڵێک کە تا کۆتایی شەڕی کرد، دووەمیان هێڵی ملکەچبوون و خیانەت بوو، لەگەڵ نەبوونی باوەڕ بە گەل و سەرکەوتن و هەڵبژاردنی هاوپەیمانی لەگەڵ دوژمن- هێڵی عوسمانی.

 

بە درێژایی مێژوو ئەم دوو هێڵە لە کوردستان شان بە شانی یەکترن، کەسانێک هەبوون خۆیان بە دوژمن فرۆشت و ملکەچبوونیان قبوڵ کرد و لە پێناو بەرژەوەندی تایبەتی و بنەماڵەیی خیانەتیان لە گەلەکەیان دەکرد و ستەم و نادادپەروەرییان بەرامبەر گەلی خۆیان پراکتیزە دەکرد، لەبەرامبەردا کوردە بە شەرەف و بە شکۆمەندەکان وەستانەوە و بەرگرییان لە نیشتمانپەروەری ڕاستەقینە کرد و هەمیشە چرای درەوشاوەی مێژووی کوردستان بوون.

 

گوڵناز کاراتاش، لە دایکبووی شاری دێرسیمی باکووری کوردستان، وەک نموونەیەکی زیندوو دیارە، ژنێکی شۆڕشگێڕی کورد، کە گەلەکەی خۆشدەویست و لە پێناو خاکەکەیدا خەباتی دەکرد، یادەوەرییەکەی بە فەلسەفەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ڕۆشن بووەوە و فێر بوو و لە هۆشیاریدا بەرز بووەوە، هەوڵەکانی بۆ ئازادی ڕۆژ بە ڕۆژ گەشەی دەکرد، بەهۆی خەونی ناسینی ڕێبەرەوە، لە بەرامبەر پیاوسالاری تاکڕەودا، مۆدێلی ژنێکی ئازاد و ژنی کردار و پێوەرێکی ڕاستەقینەی تەڤگەرەکەی بەرجەستە کرد.

 

ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بۆ ڕێزگرتن لە قوربانیدانەکانی، سوپای ژنانی دامەزراند و جەختی لەوە کردەوە، کە ژنێک شەڕ دەکات جوان دەبێت، ژنێکی جوان ئازاد دەبێت، ژنێکی ئازادیش دەبێتە خۆشەویست، هەروەها گوڵناز کاراتاش بوو بە هێمای ئەو ژنە ئازاد و خۆشەویستەی کە ڕێگای شکۆمەندی و بەرخۆدانی هەڵبژارد.

 

وەک تەڤگەری ئازادی ژنان، خەباتی ئێمە لە کوردستانەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان درێژ بووەتەوە، دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" بووەتە دەنگێکی یەکگرتوو بۆ هەموو ژنان، ئێمە لە ڕێگەی نموونەی نەتەوەی دیموکراتیک و بە ئیرادەی ژنانەوە کە ئاواتەخوازی ئازادیین، خەباتێکی هەمەلایەنە لە دژی دەوڵەتی نەتەوە، پیاوسالاری ژنکوژی و سیستەمی پیاوسالاری و دژی سیستەمی مۆدێرنیتە سەرمایەداری کە نکۆڵی لە بوونی ژن دەکات و یاسای بە کوشتنیان دەدات، بەڕێوە دەبەین، هەروەها ڕووبەڕووی ئەو سیستەمە دەبینەوە و بە ئاگادارییەوە بەرەنگاری دەبینەوە کە سروشت لەناو دەبات.

 

ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە بانگەوازەکەیدا بۆ "ئاشتی و کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک" هیواکانی خۆی لە هەموو ژنان دانا، ئەرکی باڵای ژنانی پێناسە کرد، جەختی لەسەر ڕۆڵی سەرەکی ژنان کردەوە لە پرۆسەی ڕزگاری و گۆڕینی کۆمەڵایەتیدا.

ئێمە بە تەواوی ئاگاداری بەرپرسیارێتی و ئەرکەکانمانین، وە درک بەوە دەکەین کە قۆناغی ئێستا ئێمە لە پۆستێکی پێشەنگایەتیدا دادەنێت، ژنانی کورد ئەمڕۆ لە شەقام و گۆڕەپان و شوراکاندا، بە سوود وەرگرتن لە میراسی گوڵناز کاراتاش، چالاکوان، چەکدار بە خۆئاگابوون و بەرگریکردن لە خۆ، بۆ سەلماندنی بوونی خۆیان لە هەموو گۆڕەپانەکاندا، بەردەوامن لە خەباتی خۆیان.