شاندی ئیمرالی سەردانی زیندانیانی سیاسییان کرد
پەروین بوڵدان و مەتحەد سانجار، ئەندامانی شاندی ئیمرالیی دەم پارتی بە مەبەستی هەڵسەنگاندنی پڕۆسەی ئاشتی سەردانی زیندانەکانی کاندرای و ئەدرنەیان کرد و چاویان بە سیاسەتمەدارانی زیندانیکراو کەوت.

ناوەندی هەواڵ
پەروین بوڵدان و مەتحەد سانجار، ئەندامانی شاندی ئیمرالیی دەم پارتی بە مەبەستی هەڵسەنگاندنی پڕۆسەی ئاشتی سەردانی زیندانەکانی کاندرای و ئەدرنەیان کردو سەبارەت بە سەردانییەکەیان بۆلای زیندانییەکان لە ڕاگەیەندراوێکیدا ڕایانگەیاند، سەردانی هەڤاڵانمان سەڵاحەدین دەمیرتاش، فیگەن یوکسەداغ، سەلجوق مزراکلی و سەمرا گوزەلمان لە زیندانی ئەدرنە و کاندرای کرد، مۆڕاڵی هەموویان زۆر بەرزبوو، هاوکات تەندرووستیشیان زۆر باش بوو.
لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: لە دیدارەکەدا دەربارەی پڕۆسەکە زانیاری هاوبەش کرا و سەڵاحەدین دەمیرتاشی دلۆڤانیش دوای ئەوەی پشتگیری خۆی بۆ پرۆسەکە دووپاتکردەوە، ئاماژەی کرد، ئامادەی هەموو جۆرە هاوکارییەکە بۆ سەرکەوتنی پڕۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک.
هەروەها، فیگەن یوکسەداغی دلۆڤانیش وتی: بە هیوایە بۆ بونیاتنانی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک، درێژە بە هاوکاری و پشتگیری خۆی دەدات لەم ڕێگەیەدا.
باسیان لەوەشکرد، لە ڕووی یاساییەوە دڵنیایین کە هاوڕێیانمان بێتاوانن، بۆیە هیچ پاساوێک ڕەوا نییە بۆ زیندانیکردنیان و جێگەی قبوڵ کردنیش نییە، چاوەڕوانین و داوادەکەین ڕاستەخۆ کۆتای بەم نا دادپەروەرییە بهێندرێت و هەڤاڵانمان لە بارودۆخی ئازاددا بەشداری پڕۆسەکە ببن.
لەکۆتاییدا ڕایانگەیاند، دیدارەکە زۆر ئەرێنی بوو، هەڤاڵانمان سڵاو و خۆشەویستی خۆیان بۆ هەموو ئازادیخوازان نارد.