لە مانگی حوزەیران سێ ژن لە هەرێمی کوردستان کوژراون
لە باشووری کوردستان لە مانگی حوزەیران سێ ژن کوژراون وچوار ژنیش لە کاتی دەستبەسەرکردندا توندوتیژییان بەرامبەر کراوە.

ناوەندی هەواڵ
بەپێی ئەو زانیاریانەی ئاژانسی ڕۆژنیوز کۆیکردۆتەوە، لە مانگی حوزەیراندا لە ناوچە جیاجیاکانی باشووری کوردستان سێ ژن کوژراون وچوار ژنیش لە کاتی دەستبەسەرکردندا ڕووبەڕووی توندوتیژی بوونەوە.
لە ٢ی حوزەیران، لە گەڕەکی بنەسڵاوە لە پارێزگای هەولێر ژنێکی گەنج بە ناوی سارا فەرەیدون خوێندکاری پۆلی ١٢ی ئامادەیی ناچار بە خۆکوشتن کرا.
لە ١٦ـی حوزەیران، لە سەنتەری ئیدارەی زاخۆ ژنێکی گەنج بە ناوی (ن،أ،ع) تەمەن ٢٦ ساڵ بە دەستدرێژی گوللە لە لایەن هاوژینەکەوە کوژرا.
لە ٢٢ـی حوزەیران، ژنێک بە ناوی ئاشنا خەسرەو خوێندکاری پۆلی دەیەمی ئامادەیی لە ئیدارەی سۆرانی سەر بە پارێزگای هەولێر بە شێوەی گوماناویی گیانی لەدەستدا، کە ئاگر لە جەستەی بەربووە و بە هۆی زۆری ڕێژەی سووتاوییەکەی گیانی لەدەستدا.
لە ٢٤ـی حوزەیرانی ئەمساڵدا، لە پارێزگای سلێمانی چوار ژن لە مامۆستایانی ناڕازی و چالاکوان بە ناوەکانی شەهلا عەلی، مونیرە عەبدوڵا، نور فەریق و دڵسۆز زەنگەنە لە لایەن ئاسایشی سلێمانییەوە بە بەکارهێنانی توندوتیژیی و بە بێ فەرمانی دادوەر بە تۆمەتی ڕێکخستنی خۆپیشاندانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی دەستگیرکران.
لە ٥ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا لە هەرێمی كوردستان ١٤ ژن کوژراون و ١٠ ژنی دیكەش بە شێوەی گوماناوی گیانیان لەدەستداوە و دوو ژنی دیکەش بریندار بوون.