بەشداربووانی هەڵمەتی "سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان" داوای ئازادکردنی زیندانیان دەکەن

بۆ ٧٥هەمین هەفتەی لەسەریەک هەڵمەتی "سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان" لە ناو زیندانەکانی ئێران بەردەوامە، زیندانیانی ٤٧ زیندان بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە پەرەسەندنی سەرکوت و زیادبوونی ژمارەی لەسێدارەکان زیندانیان مانگرتنیان لە خواردنیان ڕاگەیاند.

ناوەندی هەواڵ

 

ئێران شاهیدی شەپۆلێکی بێوێنە و پەرەسەندنی لەسێدارەدانەکانە، کە نیگەرانییەکی بەربڵاوی لەناو بازنەکانی مافی مرۆڤی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بەدوای خۆیدا هێناوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە دەسەڵاتدارانی ئێران سزای لەسێدارەدان وەک ئامرازێک بۆ سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتیەکان و ترساندنی کۆمەڵگە و بێدەنگکردنی دەنگە ناڕازییەکان بەکاردەهێنن.

 

لەگەڵ پەرەسەندنی شەپۆلی لەسێدارەدان و سەرکوتی سیستماتیک لە ئێران، هەڵمەتی "سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان" لە ڕێگەی مانگرتن لە خواردن کە زیندانیانی ٤٧ زیندانی سەرتاسەری وڵات تێیدا بەشدارن، ٧٥هەمین هەفتەی لەسەریەک لە ناڕەزایەتییەکان بەردەوامە، زیندانیانی بەشداربوو نیگەرانی قووڵی خۆیان لە بەرزبوونەوەی بێوێنەی لەسێدارەکان دەربڕی، داوایان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کرد کە دەستبەجێ هەنگاو بنێن، لە تەنیشتیان بوەستن،بێدەنگ نەبن لە بەرامبەر ئەو شتانەی کە بە "تاوانەکانی ڕژێم" پێناسەیان کردووە

 

بەشدارانی هەڵمەتی "سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان" ڕاگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوەو ڕژێمی ئێرانیان تۆمەتبار کرد بە بەکارهێنانی سزای لەسێدارەدان وەک ئامرازێک بۆ سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییەکان، پەسەندکردنی یاسا نوێیەکان لە ئەنجومەنی ئێران نوێنەرایەتی هەوڵێکی ڕوون و ئاشکرایە بۆ بەردەوامکردنی کەشوهەوای تۆقاندن و ترس لە ناو هاوڵاتییاندا.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، دەسەڵاتدارانی سەرکوتگەری ئێران بەردەوامن لە پەنابردن بۆ لەسێدارەدانی ئارەزوومەندانە، سەرکوتی سیستماتیکی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڕاپەڕین و ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییەکان، تەنها لە چوار ڕۆژی یەکەمی مانگی حوزەیراندا لانیکەم ١٧ زیندانی کە ژنێکیان تێدایە لەسێدارە دراون، لە سەرەتای ئەمساڵەوە لانیکەم ٤٢٤ کەس لەسێدارە دراون، هەفتەی ڕابردووش ١٨ زیندانی لەسێدارە دراون، ئەمەش ئامارێکی ترسناکە لەم ساڵانەی دواییدا بێ وێنەیە.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، پەسەندکردنی ئەم دواییەی دەسەڵات بۆ چڕکردنەوەی سەرکوت و زیادکردنی لەسێدارەدان بەتایبەتی دژی ناڕازییان و زیندانیانی سیاسی، هاوکات لەگەڵ زیادبوونی ڕەوتی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان، ئاماژەیە بۆ کۆمەڵگەیەکی تەقینەوە، بوونی حکومەتێکی سەرکوتکەر و نایاسای کە "مافی ژیانی" هاوڵاتیان لەپێناو مانەوەی خۆیدا دەکاتە قوربانی، ئەوەشی خستۆتەڕوو سزای لەسێدارەدان بەسەر سێ کورددا ئەنجامدراوە بەبێ ئەوەی تەنانەت کەمترین ئاستی ڕوونییەتی دادوەری و گەرەنتی دادگاییکردنی دادپەروەرانەش دابین بکرێت، ئەمەش بە نموونەیەکی ئاشکرای بەکارهێنانی سزای لەسێدارەدان بۆ سەرکوتکردنی کەمینە نەتەوەییەکان و چەوسانەوەی وەک ئامرازێکی سیاسی لەقەڵەمدا.

 

لە ڕاگەیاندراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە چەند هەفتەی ڕابردوو شایەتی شەپۆلێکی دەستگیرکردنی بەرفراوان بووە لە شارە جیاجیاکان بە بیانووی سیاسی و ئاسایشیی لاواز، ئەمەش نیگەرانییەکی زۆری ئێمەی بۆ چارەنووسی دەستگیرکراوەکان بەرزکردووەتەوە، ترسی ئەوە هەیە زۆرێکیان ڕووبەڕووی تۆمەتی ڕاستەقینە ببنەوە و مافی دادگاییکردنی دادپەروەرانەیان لێ زەوت بکرێت.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە لەم هەلومەرجەدا ژیانی زیندانیانی سیاسی کە سزای لە سێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە لە هەموو کاتێک زیاتر لە مەترسیدایە، ئێمە ئەندامانی ئەم هەڵمەتە هاوکات لەگەڵ گەلی ئێران داوای هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان و ئازادکردنی هەموو زیندانیانی سیاسی و ئایدۆلۆژی دەکەین.

 

لە ڕاگەیاندراوەکەیدا هەڵمەتەکە داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و چالاکوانان کردووە پاڵپشتی ئەو زیندانیانە بکەن کە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە، لەبیریان بێت کە ڕژێمی پاوانخواز نەک تەنیا پارێزراوی دیلەکانی لە سەردەمی شەڕ و بۆردوومانەکاندا مسۆگەر نەکردووە، بەڵکو ئێستا دوای ئەوەی قەیرانەکە کۆتایی هاتووە، بە دوای تۆڵەسەندنەوە لە هاوڵاتیان و زیندانییەکانە، داوا لە کەسوکاری زیندانیان دەکەین، بەتایبەت ئەوانەی لەم ڕۆژانە ئازیزەکانیان دەستگیر کراون، بێدەنگ نەبن و ناوەکانیان بڵاوبکەنەوە و داوای ئازادکردنی بێ مەرجیان بکەن.

 

ئەندامانی هەڵمەتەکە بۆ هەفتەی ٧٥ لە ٤٧ زیندان بەردەوامن لە مانگرتن لە خواردن، لەنێو زیندانە بەشداربووەکاندا بەندیخانەی قەزڵ حسار (یانەی ٣ و ٤)، زیندانی ناوەندی کەرەج، زیندانی فەردیس، زیندانی خورین و ڕامین، زیندانی ئەهەر، زیندانی ئەراک، زیندانی خرم ئاباد، زیندانی یاسوج، زیندانی ئەسفەهان ئەسەد ئاباد، زیندانی ئەسفەهان دەستجێرد، زیندانی دیزڵ ئاباد، زیندانی کرماشان، زیندانی ئەردەبیل، تەبرێز، ٢٠١٩، زیندانی ورمێ، زیندانی سەڵماس، زیندانی خوی، زیندانی مهاباد، زیندانی بۆکان، زیندانی سەقز، زیندانی بانە، زیندانی مەریوان، زیندانی سنە و زیندانی کامیاران، بە داخستنی زیندانی ئێڤین و گواستنەوەی زیندانیان بۆ زیندانی تارانی گەورە و زیندانی قەرچەک، ئێستا زیندانی قەرچەک وەک جێگرەوەیەک بۆ زیندانی ئێڤین دەخرێتە لیستی زیندانە مانگرتووەکانەوە.