لە کۆبانێ داوای ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کرا

سەدان کەس لە دانیشتووانی شاری کۆبانێ بە مەبەستی داواکردنی ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ڕێپێوانیان کرد.

کۆبانێ

 

ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کە ٢٧ ساڵە لە زیندانی ئیمرالی تورکیا زیندانی کراوە، سەرەڕای پێشکەوتنی پڕۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک کە لە مانگی شوباتی ئەمساڵ ڕاگەیەندرا و کاراکردنی مافی هیوا بۆی، تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی لەو بارەوە نەنراوە.

 

بەمەبەستی داوای ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، ئەمڕۆ پارتی یەکێتی دیموکرات "پەیەدە"، بە دروشمی "ئازادی جەستەی ڕێبەر ئاپۆ سەرەتایی پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک" ڕێپێوانێکی ڕێکخست.

 

لە ڕێپێوانەکەدا سەدان کەس لە دانیشتووانی کۆبانێ، ژنان و گەنجان، خوێندکاران، دامودەزگاکانی خۆبەڕێوبەری، کۆنگرە ستار، بنەماڵەی شەهیدان، لایەنە سیاسییەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بەشدارییان کرد.

 

هاوڵاتیانی بە هەڵگرتنی دروشم و وێنەی ئاڵای ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و پەیەدە، لە گۆڕەپانی ژنانی ئازاد کۆبوونەوە و دەستیان بە ڕێپێوانەکەیان کرد، بە درێژایی ڕێپێوانەکە دروشمی "بێ سەرکردە ژیان نییە" بەرزکرایەوە.

 

بەشداربووان لە گۆڕەپانی شەهید ئەگید وەستان کە خولەکێک بێدەنگیی بەدوای خۆیدا هێنا، دواتر بەدیعە میهۆ، ئەندامی ئەنجومەنی ژنانی پەیەدە قسەی کرد.

 

"ئازادی جەستەی ڕێبەر ئاپۆ، بەردەوامکردنی پرۆسەکەیە"

بەدیعە میهۆ وتی: نزیکەی ساڵێک تێپەڕیوە بەسەر دەستپێکردنی پرۆسەی ئاشتی مێژوویی لەلایەن ڕێبەر ئاپۆوە، لە چوارچێوەی ئەم بانگەوازەدا چەندین هەنگاوی مێژوویی و کاریگەر لە لایەن تەڤگەری کورد و ڕێبەر ئاپۆ و گەلی کوردەوە نراوە، لە سەردەمێکدا کە هێزە پیلانگێڕەکان ڕێبەر ئاپۆیان گۆشەگیر کرد، بەڵام توانی ئەو زیندانە بکاتە ناوەند و ئەکادیمیایی ئاشتی و زانست و دیموکراتیک، هەرچییەک بەسەر ئەمەدا بێت و پرۆسەکە بە هەر ئاراستەیەکدا بڕوات، کلیلی چارەسەر و ئاشتی لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ هەمیشە لە ئیمرالی دەبێت، هەر لەبەر ئەم هۆکارە هەمیشە  پێشەنگی هەوڵەکانمان ئازادی جەستەی ڕێبەر ئاپۆ دەبێت، کە ئەم پرۆسەیە دەکاتە هەمیشەیی.